رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

 

      میدیا - تایبەت

سەركردایەتی سیاسی بۆ شەرعیەتدان بەخۆیان باس لەخەبات و شۆڕشی شاخ دەكەن، لەبەرانبەردا هەركات دەست بۆ هەڵدانەوەی لاپەرەكانی خەباتی شاخ ببرێت، دەڵێن باسەری گۆڕەكانی رابردوو هەڵنەدەبینەوە، چاودێرانیشی جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەگەر دادگایەكی راستەقینە هەبێت هیچ سەركردەیەكی سیاسی ناتوانێت لەدەرەوەی زیندان بێت.

 

یەكێك لەسەرەكیترین بنەماكانی شەرعیەت بەخۆدانی هێزەكانی دەسەڵاتە و بەشێك لەوانەی ئۆپۆزسیۆنن و هەندێك لەو هێزانەش كە لە نێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدان هاوبەشن بریتیيە لەخەباتی شاخ، بەڵام زۆربەیان لە هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژوویان نهێنیيەكانیان دەترسن، نەوشیروان مستەفا لەدیمانەیەكدا لەگەڵ یەكێك لەڕۆژنامەكانی كوردستان كاتێك پرسیارى لێدەكردێت لەبارەی رووداوەكانی پشتئاشان، گوتی "با سەری گۆڕی رابردوو هەڵنەدەینەوە، ئەگەرنا بۆگەنی هەمووان هەراسان دەكات"، لەماوەكانی رابردوودا برایم جەلال كادیری پێشكەوتووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەكتێبێكدا بەناوی چەپكێك لەمێژووی كۆمەڵە باسی لەرووداوەكانی ئەو كاتە كرد دوا بەدوای ئەوە مەلا بەختیار بەكتێبێك وەڵامی دایەوە بەناوی چۆن چەپكێك كام مێژووی كۆمەڵە، لەوێدا دژی هەڵدانەوەی وردەكاریەكانی ئەوكاتەی شۆڕش وەستایەوە و خۆشی بواردوە لەوەی بەوردی باسی ئەو رووداوانە بكات، دواتر كاتێك عیرفانی قانعی فەرد لەكتێبێكدا كە سەبارەت بە ژیانی جەلال تاڵەبانی نووسیویەتی باسی لەحكومەتی كوردستان لە مه‌هاباد و سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلول كرد، بەجۆرێك كاردانەوەی لای پارتی بەدوای خۆیدا هێنا و بە جۆرێك كەوتەوە كە پەیوەندیيەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بردە ئاستێكی زۆر خراپەوە، تا دواتر جەلال تاڵەبانی له‌كۆنگرەیه‌كى رۆژنامەوانی ناوەرۆكی كتێبەكەی رەتكردەوە.

ئەم ترسە لەڕابردوو لەكاتێكدایە هەر ئەو رابردووە شۆڕشگێڕیە یەكێكە لەسەرچاوەكانی هێز لێوەرگرتن و شەرعیەت بەخۆدانیان، لەو بارەیەوە عەلی مەحمود چاودێری سیاسی و پێشمەرگەی دێرین، سەبارەت بەوەی كەهێزە سیاسییەكان بۆ لە رابردووی خۆیان هەڵدێن، گوتی "پێم وایە راستە ئەم لایەنە سیاسییانە كاتی خۆی بەشداری خەباتی نیشتمانییان كردوە، لەوانەیە كۆمەڵێك دەستكەوتیان بۆ ئەم میللەتە هەبووبێت و كۆمەڵێك خەڵكیش لەبنكەی ئەو حزبانە قوربانیەكی زۆریان داوە، بەڵام هاوكات ئەو حزبانە خاوەنی، مێژوویەكی رەشوو تاریكیشن، بۆنموونە ئێمە چۆن ئەو رووداوانەی براكوژی ساڵانی هەشتاكانمان لەبیر بچێتەوە؟ چۆن هێنانی ئێران، عێراقمان بیربچێتەوە؟ چۆن شەڕی ناوخۆیيمان بیربچێتەوە؟ یان چۆن ئەوەمان بیرئەچێتەوە كارەساتی هەڵەبجەو ئەنفال و بێسەروشوێنكردنی هەشت هەزار بارزانیمان بیربچێتەوە كە ئەو حزبانە بۆخۆیان یەكێك لەهۆكارەكان بوون كە گەلەكەمان لەرابردودا كۆمەڵكوژ بكرێت"، ئەو پێشمەرگە دێرینە سەبارەت بەخەباتی سەركردە و سیاسیيەكانی كوردستان گوتی "ئەو سەركردانە لەبەرانبەر هەرسانیەیەكی خەباتی شاخیاندا بەسەدان دۆلاریان دەست كەوت هەبووە، واتا ئەوان كاتی خۆی بەبێپاداشت كاری سیاسیان كردوە لەئێستادا پاداشتەكەیان زۆر بەزیادەوە دەست كەوتوەتەوە".

ئەو ئاماژەی بەوە كرد هەموو سیاسيیەكانی ئێستای كوردستان ئەوانەی لەدەسەڵاتدان و ئەوانەش كە لەئۆپۆزسیۆندان و ئەوانەش كە لەو ناوەڕاستەدا دەترسن لەهەڵدانەوەی لاپەڕەكانی رابردوو، ئەو زیاتر لە سەر بابەتەكە رۆيشت و گوتی "بەبڕوای من ئەگەر دادگایەكی راستەقینە هەبێت هیچ سەركردەیەكی سیاسی رابردووی كوردستان، ناتوانێت لەدەرەوەی زیندان بێت، هەموو بایی ئەوە كاریان كردووە دادگایی بكرێت، بۆیە هەموویان دەترسێن و هیچیان ناوێرن سكاڵا لەسەر یەكدی تۆمار بكەن".

هەر لەسەر هەمان پرس مەسعود عەبدولخالق نووسەر و پێشمەرگەی دێرین گوتی " ئەو حزبانەی كوردستان كە شەرعیەتی شۆڕشگێڕیان هەیە لەناو دڵ و دەروونی خەڵكی كوردستانەوە سەریان هەڵداوە، ئەگەر وانەبووایە هێزی سەربازی داگیركار زۆر بەهێز بوو، بەڵام لەلایەكی دیكەوە ئەو هێزانە مێژوویەكی پڕشانازیان نییە، دەبینین زۆربەی جار ئامانجەكانیان هاتوەتە جێى ئامرازيیەكانیان، ئەوان بۆ ئەوە دروست بوون كە ئامانجیان رزگاری كوردستان بێت، بەڵام ئامرازی وایان بەكارهێناوە دژی ئامانجەكەیان بووە، بەڵام لەبەرژەوەندی خۆیان بووە واتە بەرژەوەندییە تایبەتەكانیان بازیداوە بەسەر بەرژەوەندیيە گشتیەكەیاندا كە بۆی دروست بوون".

بەبڕوای مەسعود عەبدولخالق "هەموو هێزە كورديیەكان پەنایان بردوەتە بەر داگیركەران و لەدژی برای خۆیان، لەئەنجامی منافەسەیەكدا كەشایەنی ئەوە نەبووە، بۆیە شانازیەكانیان لەدەست داوەو حەز دەكەن ئەو رابردووە باس نەكرێت و هەڵنەدرێتەوە".

مەسعود عەبدولخالق بڕوای وایە ئەم هێزانەی ئێستا بۆیە نایانەوێت رابردوو هەڵبدرێتەوە تا "خەڵكی عەوام و سادە كە زوو شتەكان لە بیر دەكەن جارێكی دیكە ئەوشتانەی ئەوانیان بیرنەكەوێتەوە".

 

 

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌