رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

میدیا – ژیلە ئامانج

   منداڵ هەوێنی خێزان و دوارۆژی بونیادی كۆمەڵگایە، بۆیە پێویستە لەسەرەتاوە پەروەردەیەكی تەندروستی بكرێت، بۆ ئەوەی لەدوارۆژدا رۆڵ و پێگەی خۆی لەكۆمەڵگە هەبێت، سوودێك بەكۆمەڵگاو دەوروبەر بگەیەنێت و لەكاتی پشووەكان كارێك بكەن سوودی هەبێت بۆیان و لەخوێندنگە سوودی لێوەبگرن.

لەگەڵ هاتنی وەرزی یەكەمی پشووەكان لەهەندێ خوێندنگە و كۆتایی هاتنی تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم، وەكو دایكێك ناهێڵم منداڵەكانم كاتەكانیان بەفیڕۆ بڕوات و چێژێك لەم پشووە نەبینن، بۆیە رەوانەی خولی فێربوونی زمان بێ یان بەهێز كردنی وانەكان یان هەر خولێكی تر كە سوود بەخش بێت بۆیان رەوانەیان دەكەم، ئەمە وتەی نەسرین نوری تەمەن (35) ساڵ بوو كە ئافرەتی ماڵە، هەروەها وتیشی" دوای خولەكانیش كاتم بۆ رەخساندوون ناهێڵم هەست بەبێزاری بكەن، یان تەنها رۆژ بەرێبكەن، بۆخۆیان یاری پلەی ستەیشن بێت یان هەر جۆرە یارییەكی تر رۆژانە دوای خولەكان خۆیان پێوەی سەرقاڵ دەكەن،
هەندێك جاریش دەیان بەم بۆ گەشت و شاری یاری، بۆئەوەی كاتێكی خۆش بەسەر ببەن هەست بەبێزاری نەكەن، چونكە من نایەڵم برۆن بۆ كۆڵان و تێكەڵی هەموو جۆرە كەسێك بن، دەمەوێت زیاتر بەشتی باش سەرقاڵیان بكەم و سوودی بۆخۆیان و داهاتوویان هەبێت و كەسایەتییەك بۆخۆیان دروست بكەن".
سەدرەدین عەونی تەمەن (44) ساڵە ئەویش بەهەمان شێوە ناهێڵێت منداڵەكانی لەوەرزی پشوودا بێزار ببن وەك دەڵێت" كاتێك پشوو دەست پێدەكات، منداڵەكانم بۆ ئەوەی بێزار نەبن دەیان بەم بۆ بازار، چونكە دەزانم منداڵەكانم حەزیان بەیاری پلەی ستەیشن هەیە بۆیان دەكرم بۆ ئەوەی لە ماڵەوە بێزار نەبن و كاتێكی خۆش بەسەر ببەن، یان ئایپادیان بۆ دەكرم و یاری پێ دەكەن، بەمجۆرە هەر لەماڵەوە دەمێننەوە و كەمتر دەچنە دەرەوە، لەهەمانكاتدا لەوەرزی پشوودا گەشتیان پێ دەكەم و پێكەوە دەچینە سەفرە، چونكە وەرزی پشوو درێژە، بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا بێزار نەبن و دوای گەڕانەوە بۆخوێندن بەهزرێكی كارا بگەڕێنەوە خوێندنگە، دەمەوێت تەواو لەم وەرزەدا ئاسوود بن و پشوویەكی باش بدەن".
(مونیر حوسین) منداڵێكی شاری هەولێرە، لەبارەی وەرزی پشوو كات بەسەر بردنی بۆ میدیا وتی" ئیمە لەكاتی تەواو بوونی خوێندنی خوێندنگە و هاتنی وەرزی پشوو، خۆمان بەیاری جۆراوجۆر خەریك دەكەین، یان دەچین بۆ كۆڵان لەگەڵ هاورێكانمان یاری تۆپی پێ یان هەر جۆرە یارییەكی تر بێت بەكۆمەڵ یاری دەكەین و كاتێكی خۆش بەسەر دەبەین، هەندیك جاریش لەگەڵ دایك و باوكم دەچین بۆ شاری یاری و پارك و بۆخۆمان لەوێ یاری دەكەین و كاتەكانمان بەخۆشی بەسەر دەبەین، زۆر حەزم لەوەرزی پشووە چونكە كاتەكانی بەخۆشی دەگوزەرێنین".
دوكاندارێكی شاری هەولێریش ئەوە ناشارێتەوە كە لەوەرزی هاویندا یاری منداڵان خواستی زۆری لەسەرە، بەتایبەت جۆرەكانی ئاتاری و ئایپاد، (ئاكام رزگار) دوكانێكی یاری منداڵانی لەناو بازاڕ هەیە دەڵێت" لەوەرزی هاویندا رەواجێكی زۆرمان دەبێت، بەتایبەت فرۆشتنی یاری منداڵان و ئاتاری لەجۆرەكانی X Box و پلەی ستەیشن سێ و پڵەی دوو تاپ كریارێكی زۆریان هەیە لەوەرزی هاویندا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا خوێندنگە نییەو وەرزی پشووی قوتابیانە، خەڵكیكی زۆر كڕیاری گشت جۆرە یارییەكانی منداڵانن، ئەمەش شتێكی باشە بۆ ئەوەی منداڵان لەم ماوەیەدا دەست بەتاڵ نەبن و هەست بەبێزاری نەكەن، خۆم لەكاتی پشوودا بۆ مناڵەكانم ئەم جۆرە یاریانەیان بۆ دەبەمەوە ماڵەوە تاوەكو فێری چوونە دەرەوەو كۆڵان نەبن و دوور بن لەكاری خراپ و كاتێكی خۆش بەسەر ببەن و هەست بكەن و گرنگیشیان پێ دەدرێت".
رۆژنامەنووس (بەهمەن عومەر)یش لەبارەی وەرزی پشووی قوتابیان پێیوایە" هەمیشە رەوشی منداڵان بەبەراورد بەتوێژەكانی دیكە كەمتر بایەخی پێدەدرێت، لەتوێژەكانی دیكەش زیاتر روبەڕووی توندوتیژی و سوكایەتی پێكردن و دەستدرێژی سێكسی و بەزۆر كارپێكردن و چەندین شێوەی دیكەی پێشێلكاری دەبنەوە، لەئێستادا دۆخی ناوچەكە بەشەڕێكی توندو ماڵوێرانكەردا تێدەپەرێت، نەهامەتی منداڵ لەكوردستان زیاتر بووە، چونكە منداڵان كەمتر دەتوانن بەرگەی برسێتی و تینوێتی و نەهامەتییەكانی ئاوارەیی بگرن".
ئەو رۆژنامەنووسە درێژە بەقسەكانی دەدات و دەڵێت" لە ئێستادا وەرزی زستان خەریكە دەست پێدەكات بارودۆخی ئاوارەكان بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی بەرەو خراپتر دەچێت، لەراستیدا بەپێی ئەو بەدواداچوونە رۆژنامەوانیانەی ئێمە كردومانە ئەگەر بەخێرایی گۆڕانكاری بەسەر ژیانی ئاوارەكاندا نەكرێت و بەتایبەتی لەرووی جل و بەرگ و دابینكردنی ئامێری گەرمكەرەوە بۆ ئاوارەكان، ئێمە لە داهاتوویەكی نزیكدا شایەتی كارەساتی مرۆیی گەورە دەبین و دەبینین چۆن نەخۆشی و پەتای جۆراو جۆر لەناو ئاوارەكان بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی سەر هەڵدەدات و ژیانی هەزارانیان دەخاتە مەترسییەوە، هەرچەندە لەئێستاشدا رێژەیەكی زۆر نەخۆشی لەناو ئاوارەكاندا هەیە، بەتایبەتی كۆكەو پەسیوی بە رێژەیەكی زۆر زیادیان كردوە، بەداخەوە بەهۆی خراپی گوزەرانی ئاوارەكانەوە ئێمە لەئێستادا تەنیا بیرمان بۆ ئەوە دەچێت كە لەرووی خواردن و تەندروستییەوە ژیانێكی گونجاویان هەبێت، ئەگەر نا منداڵانی ئاوارە پێویستە مافی خوێندنیان بۆ دابین بكرێت، كەرەسەی یاری كردن و جلوبەرگی پێویست و ژیانێكی شایستەیان بۆ دابین بكرێت".

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌