ئا:  میدیا 

 دیاردەی تاتۆ كردن لەسەر جەستە، لەم چەند ساڵەی دواییدا لە كوردستان بە شێوەی زۆر بەرچاو دەكرێت و كچێكی زۆر لەسەر دەست و پێی و ملیان دەیكەن، هەندێ خەڵك بەچاوێكی نەشیاو و خراپ سەیری تاتۆ دەكەن، كەچی لە كۆنەوە كە دایك و داپیرو باپیرەكانمان ئیستاش شوێنی تاتۆ لەشێوەی كوتین لەسەر جەستەیان ماوە .

 

لەسەر ئەم پرسە هەندێ كەس پێیان وایە جەستەیان جوان دەكات و هەندێكی دیكە باوەڕیانوایە تاتۆ هێشتا لەناو كۆمەڵگەی كوردی نامۆیەو نەبۆتە شتێكی ئاسایی، لەم بارەیەوە نەجیبە خدری تەمەن (45) ساڵ، ئافرەتی ماڵەوەیە بە میدیای وت" ئێمە لە كاتی خۆی نەمان دەوت تاتۆ بەڵكو بە كوتیین ناسرابوو، زۆر باو بوو لەناو كومەڵگای كوردی و ژن و پیاو لەسەر جەستەیان دەیان كرد، بەبێ جیاوازی، بەڵكو ئەوەی نەیی كردبا لەنێو خەڵك باسیان دەكرد و پێیان دەوت ناوێری و كوتین بەپێی ئارەزووی ئەو كەسە بوو، ژنان زیاتر لە دەستیان یاخود دەم و چاویان دەیان كرد، بە شێوەی نەخشی جۆراو جۆر.

محەممەد عەبدوڵڵای تەمەن(50) ساڵ كاسبكارە و لەسەر تاتۆ دەڵێت "لەزەمانی خۆی دەست كوتین مۆدێل بوو، منیش كوتیم دەستم هەمووی هەوە، بەڵام ئێستا پێم شەرمەو بەردەوام دەیشارمەوە تەنانەت جلی درێژ لەبەر دەكەم تا كوتینی سەر دەستم دیار نەمینێت"

"من وەكو كچێك زۆرم حەز لە تاتۆیە، بەڵام لە كومەڵگەی ئێمە ئەوەی تاتۆ بكات بەچاوی سووك و خراپ سەیری دەكەن، نازانم هۆكاری چییە لەبەر ئەوەی لەكاتی كۆندا كوتین باو بوو زۆربەی ژن و پیاو  تاتۆیان دەكرد، كەچی ئێستا هەر ئەوانن دەڵین تاتۆ عەیبە و جوان نییە وە من وەكو كەسایەتی خۆم زۆرم حەز لێیە رێ لەو حەزەی خۆم ناگرم قسەی كەسم بەخەیاڵدا نایێت و تاتۆم كردیە، با هەر كەس قسەم لەسەر دەكات با بیكات لەبەر ئەوەی من حەزم لێیە و وەك جاران حەزیان لێبوو دەیان كرد كەسیش بەچاوی سووك سەیری نەدەكردن ئێستاش با ئەم سەردەمە بگەڕێتەوە بە تاتۆ با بەچاوو سووك سەیر نەكرێت و ئەم تاتۆیە رێگەی لەكەس نەگرتووە و زیانی بۆ هیچ كامیان نییە" ئەمە قسەی سازگار حەسەن تەمەن (19) ساڵە و خوێندەڤانی زانكۆیە.

تەها ئەمین تەمەن (20) ساڵە  بۆ میدیا رایگەیاند:" من وەكو گەنجیك زۆرم حەز لە تاتۆیە بەس لە ماڵەوە رێگەم پینادەن، دەڵین عەیبە با خەڵك بە چاوی سووك سەیرت نەكەن، منیش بە گوێیان دەكەم مادام نایەڵن تاتۆ بكەم بۆ خۆم بەقەڵەم سۆفت لە دەستم تاتۆ بۆ خۆم دەكەم لەبەر ئەوەی بە ئارەزوی خۆمە هەر كاتێ ویستم لای دەبەم، هەروەها ئەگەر كەسێك بیبینێ وا دەزانێ تاتۆم كردووە، كەچی بۆ بەیانی تاتۆم رەش دەبێتەوە نامێنێت و زۆر لە برادەرەكانم دێنە لام دەڵێن بۆ ئیمەش بیكە"   

"من زۆر رقم لەتاتۆیە، لەبەر ئەوەی هیچ مانایەكی نییە، هەر یەكێك دەبینی ئەوا تاتۆیەكی لە دەستی كردووە، وە زۆر برادەرم هەیە، حەزیان لە تاتۆیە و كردوویانە، بەڕای من جوان نییە، زۆر جار پێم وتون ئەوە چییە كردووتانە، ئەم دیاردەیە جوان نیە دەستی خۆتان ناشرین كردووە" ئەمە رای دەروون ئیسماعیلی خوێندەڤانەو كچێكی هەرزەكارە.

 شیلان خاوەن ساڵونی (بیتا )بۆ میدیا لەم بارەیەوە دەلێت" ئێمە وەك سالۆن بە هیچ شێوەیەك تاتۆ ناكەین، لەبەر ئەوەی تاتۆ هەر كەسێك لەخۆیەوە ناتوانی بیكات بەرپرسیارەیەتی بخاتە ئەستۆی خۆی، لەبەر ئەوەی دەبێی شارەزا بێت و  دكتۆری تایبەتی خۆی هەیە و بڕوانامەی لەو بوارەوە هەبێت، بۆیە ئێمە بە هیچ شێوەیەك تاتۆ ناكەین وە لەناو كۆمەڵگەی كوردستان زۆر باو بووە، خەڵكێكی زور حەزیان بە تاتۆیە، ئەمەش دەگەرێتەوە سەر حەزی ئەو كەسە، زۆر جار داوامان لێدەكەن، بەڵام ئێمە نایكەین، بەشێكی زۆر لەسالۆنەكان دەیكەن و پارەی باشی لەبەرامبەردا پێوەردەگرن.