رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

میدیا - رەزوان عەبدولقادر

  دوای ئەوەی شاری موسل لەلایەن داعش داگیركرا، بەهۆی هێرشەكانیان بۆ سەر شار و شارۆچكەكانی دەوربەری، بە هەزاران هاوڵاتی ئاوارەی باشووری كوردستان بوون، بەتایبەت بەشێكی زۆری مەسیحیەكانی دەشتی نەینەوا و ناوچەی قەرەقۆش كە ئێستا لە شارۆچكەی عەنكاوە نیشتەجێی باڵاخانە كۆنەكان و چادردان و بەم شێوەیە باسی سەختی گوزەران و ژیانی خۆیان بۆ میدیا كرد.

سەرەتا ماجید وەدیع عەزۆ بەرپرسی كۆمەڵگەی مۆل شلاما بۆ ئاوارە مەسیحیەكان دەڵێت "لە ناوچەی قەرەقۆش و دەشتی نەینەوا ئاوارەبووین، كاتێك شاری موسل گیرا لە لایەن داعشەوە خەڵكەكە لە ترسی كارەكانی داعش هەڵاتن، چونكە دەمانزانی هەر شوێنێك بگرن، دەكوژن ودەبڕن و داوای سەرانە دەكەن، بەتایبەت ئێمەش كە مەسیحی بووین باردۆخە زۆر خراپتربۆمان من داعشم بەچاوی نەبینی تەنیا لە هەواڵەكان و tv یەكان خزمەكانیش لە ناوەوە و دەرەوە پەیوەندیان پێوە كردین و گوتیان بەزووترین كات قەرەقۆش جێ بهێلن، لە بەرواری 4/8 لە كاتژمێر 12 شەو لەگەڵ خێزانەكەم دەرچووین و بەپێ رۆیشتین دوایی كەنیسە پاسی نارد، ئێمەی گەیاندە كەلەك، دواترش هاتینە شاری هەولێر و لەشارۆچكەی عەنكاوە نیشتەجێین، هەر چەندە ژیان گوزەران سەختە، بەڵام كەنیسە پێداویستییەكانی رۆژانەمان لە خواردن بۆ دابین دەكات، ئەوەی یارمەتیمان دەدات كەنیسەو هەندێك لە ریكخراوە خێرخوازیەكانە بەداخەوە حكومەتیش تەنیا یەك ملیۆن دینار پێداین
مارتن ئەلبنا گەنجێكی دیكەی ئاوارە بوو ئەویش دەڵێت" ئاوارەبوونمان لە قەرەقۆش لە رێگەی ئاگاداركردنەوەی یەكتری بوو، ئەوەی ئۆتۆمبێلی هەبوو بۆ خۆی زوو رۆیشت بۆ بەیانیەكەی كە زانیمان داعش نزیك بۆتەوە، حكومەت شوێنەكانی خۆیان چۆلكرد و كشانەوە بێ ئەوەی داعش یەك تەقشیان لێ بكات، دوای ئەوە خزمێكم بەپەلە هات دوو سەیارە هەیە و یەكیدا بە ئێمەو بەرێكەوتین بۆ هەولێر لە قەرەقۆش بە رۆژێك پێش بەجێ هێشتنمان دوو منداڵ و كچێكی گەنج كوژران، ئەمەش بەهۆی كەوتنەوەی گوللە هاوەنێك بوو بە ماڵەكەیان، ئەوەی جێگەی داخە كەسانێكی خۆفرۆش یارمەتی و هەواڵییان دەدا بە داعش و نیشتەجێ قەرەقوش بوون، ئێستاش ئەو كەسانەی لەوێ ماون پیر و پەكەوتە و كەمئەندامن، هەولێر ژیانمان وەكو ئەوە وایە مردووین، بەس كەس نییە بمان نێژێت، ئەگەر هەر رێكخراوێك هەبێ یارمەتیمان بدات و داواش لە حكومەت دەكەم كارێك بكات زوو بگەڕێینەوە قەرەقۆش و هاوكاریمان بكات بۆ ئەوەی شتومەك و كەلوپەلی ناو ماڵەكانمان دابین بكەینەوە لەبەر ئەوەی هەموو دزراون و هەندێك خانووش روخاوە سەرۆك كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران ولایەنی پەیوەندیدار چارەسەرێك بۆ گەڕانەوەمان بكەن.
هەر لەم بارەیەوە مام حەبیب تۆما پیاوێكی بەساڵا چووی نابینا بوو بەقورگێكی گریاناوی باسی تراژیدیای بردنی كچەكەی دەكرد كە ناوی ریتایە لە لایەن داعشەوە دەڵێت "ئەو لە توركیاوە هاتبوو ئێمە لەگەڵ خۆی ببات یەكێك لە موسلەوە هاتبوو خۆی كردبووە مەسیحی گووتی جارێ وەرنە شار لەگەڵ من ئێمە نه‌مانزانی خائینە لەگەڵ كچەكەم و دایكی چوونە هەندێك پێداویستییان كڕی كە ئەو كات داعش لەناو قەرەقۆش بوو، زۆر گوتمە كچەكەم كە چوویتە دەرەوە جلی حیجاب لەبەر بكە، بەڵام پیاوە خائینەكە گووتی ئاسایە با پانتۆل لەبەر بكات، ئەمەش بۆ ئەوەی ببێتە بەهانەیەك بیدات بەداعش و كچەكەمی بردو دایە سەركردەیەكی داعش بەناوی ئەبو جاسم، بەتەلەفۆنیش قسەم لەگەڵ كرد یەكێك لە داعشەكان ناوی ئەبو مریەم بوو گووتم لە رێی خوا كچەكەم بێننەوە ئەویش گووتی كچی چی ئەو ئێستا ناوی مەلەكە بێجگە لە كچەكەم دوانی تریشیان برد یەكێكیان هی تلكێف و ئەوەی تر هی ناو موسلە ئەو داعشانە هەموو شتیان لێ سەندم پارە و ناسنامە و رەگەزنامە و پاسپۆرت و ناسنامەی خانەیشنی و كارتی زانیاری وئەنگوستیلەیەكی زێریشیان برد" ئەو پیاوە داماوە زیاتر گوتی" ئەوانە دزن رێگرن و موجرم و دروستكراوی ئیسرائیلن، هیچ دینیان نییە و دوورن لە ئیسلام لەرێگەی میدیاوە داوا دەكەم لەهەموو كەسێكی بەشەرەف هەر زانیاریەكیان هەبوو لەسەر كچەكەم ئاگادارم بكەنەوە ژمارەی مۆبایلم لاتانە ناوی ریتا حەبیب تۆمایە ئەی هاوار حكومەت بەرپرسەكان كچەكەم رزگاربكەن و بگەرێنەوە بۆم تەنیا كچەكەم چیترم ناوێ"
ماریا شابۆ ئافرەتێكی خاوەن شەش سەر خێزان بوو ئەویش زۆر بەتوڕەییەوە گوتی" حكومەت هیچ هاوكاریمان ناكات لێرە 7 كەس لە یەك ژوور دەژین خواردن و دانیشتن و نووستن و خۆ گۆڕین و شوشتن هەر ئەو ژوورەیە، لایەنێك نییە روو تێبكەین بەهانەوەمان بێت داوكاری سەرەكییم ئەوەیە تەنیا گەڕانەوەیە بۆ ماڵەكانمان نەخواردن نەجلوبەرگ، هیچمان ناوێت مردین لە ناخۆشی و سەختی ئێرە".
ئەدیب بترس ئەویش فەرمانبەر بوو گرێی دڵی بۆ میدیا كردەوە" دڵم بەچ خۆشبێت هیچم نەماوە ماڵ تاڵان كراوە و خانوو وێران بووە، هەمووی رۆیی بەس بەدڵ زیندووم بە جەستە و مێشك مردووم ژیانمان سەرتاپە خەمە و مەینەتییە و هیچ هیوایەك نابینم بەس ئەوەی هەولێ زۆر دەدەم بچمە دەرەوەی وڵات".
لانە گۆرگیس كچۆلەیەكی خنجیلانە بوو بە چاوی فرمێسكەوە گووتی "هیچم ناوێ بەس لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی باوكم دام، لەبەر ئەوەی ئەو رۆژەی هەڵاتین ئەو لە ناو شاری موسل بوو، كەچی تائێستا هیچ هەواڵێكی نییە و نەمانبینەوە، هەر كەسێك زانیاری زانی هەواڵمان پێ بدات باوكم ناوی گۆرگیس باسلە لەگەڵ دایكم و خوشك و براكانم شەو رۆژ بیری لێدەكەینەوە ئاخۆ دەبێ لە ژیاندا مابێت و بەدیداری شاد بینەوە".
یەكێكی تر بەرپرسی ئاوارەكان بوو داوایكرد ناوی ئاشكرا نەكرێت رایگەیاند: لەو بەشەی كە لە عەنكاوە كردوومانەتەوە ناتوانین زیاتر خێزانی تر وەربگرین لەبەر ئەوەی هەموو چادر و خێمەیە و وەرزی زستانیش نزیك بۆتەوە دەیان گوازینەوە باڵاخانەیەك ئەگەر بچووكیش بێت، كارەكان سست دەروات و بەكردار بۆمان ناكرێت لەو كەمپەی ئێستا دوو هەزار خێزانی تێدایە و چەند لقێكی ترمان هەیەو بەگشتیش 8 هەزار خێزان لە عەنكاوە نیشتەجێن ئێستا ئامانجمان ئەوەیە بەشێك لە خێمەكان بكەینە هەیكەلی پلاستیكی بۆ ئەوەی بیان پارێزێت لەسەرما و گەرما و بارانی زستان، زۆرێك لە رێكخراوەكان و پیاوانی دەوڵەمەند هاوكارییان كردووین و ئەگەر حكومەتی هەرێمش بەراستی لە خەمی مەسیحیەكاندا بووایە، نەدەهێشێت لەناو خێمەدا بژین بەراستی ژیانەكە ئەستەمە و قورسە و پێویستی بەهاوكاری زۆرە، كێشەكە زیاتر ئەوەیە رۆژ لە دوای رۆژ ئاوارەكان لە زیادبووندایە سوپاسی ماندووبونی تۆ و میدیا دەكەم.

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌