رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube


  زۆربەی ئافرەتان نایشارنەوە كە حەز بە مۆدێلە جیاوازەكانی جلوبەرگ دەكەن و ژمارەیەكیشیان ئاشكرای دەكەن كە هەندێك جلوبەرگیان تەنیا یەكجار لە بەری دەكەن و خۆیان لە دووبارە بەكارهێنانەوەی دەپارێزن.

رێژنە محەممەد كچێكی فەرمانبەرەو رایوایە دەكرێ ئافرەت جلەكانی بۆ چەندین جار لەبەر بكات. لە بارەی خۆیشی دەڵێت: "من وەك كچێك ئەوەندە پەیوەست نیم بەوه‌ی كە جلی دووبارە لەبەر نەكەم، بەڵكو جاری وایە دووبارەو سێ بارەش لەبەری دەكەم، بەس شێوازی دەگۆڕم، بەجۆرێكی وا لەبەری دەكەم، كەس هەستی پێناكات كە دووبارە لەبەرم كردووە". گوتیشی: " ئەوانەی تەنیا بۆ یەكجار جلێك لە بەر دەكەن، ئەوە زیاتر دەچێتە قاڵبی لەخۆباییبوون و من بەڕاستی نازانم، چونكە لەوانەیە فشاری ماددی بۆ خێزانەكەش دروست بكات" .
ساڤا وریا خوێندەڤانی زانكۆیە و ئەویش سەبارەت بە جۆرەكانی جل لەبەركردن و دووبارەكردنەوەیان دەڵێت: "من هەفتانە جارێك دووجار دەبێت سەردانی بازاڕ و مۆڵەكان بكەم، بۆ ئەوەی جل بكڕم، ناتوانم هەر بە یەك جل دەوام بكەم. ئەوە دوو ساڵە دەوامم كردووە لە زانكۆ، تا ئێستا جلی دووبارەم لەبەر نەكردووە، واتە هەر جارێك لەبەرم كردووە و تەواو، ئەوەش زیاتر دەگەڕێتەوە سەر دەوروبەرت، بۆ نموونە من هاوڕێكانم جلی دوووبارە لەبەر ناكەن، ئەی چۆن من لەبەری بكەم؟ بۆیە منیش حەز بە رۆژێ ستایلێك دەكەم" .
بارزان كەریم كاسبكارە و ئاماژە بەوە دەكات كە دوای ئەوەی هاوسەرگیری كردووە. دركی بە گرانی بازاڕ و خەرجی خێزان كردووە. سەبارەت بە خۆیشی دەڵێت: "من تا ژنم نەهێنابوو، نەمدەزانی مەسرەف چییە. خۆم كە جلێكم دەكڕی، تاوەكو نەدڕابا، نەمدەزانی جل كڕین چییە، بەڵام ژن خۆ ئەوە نازانێ، هەر دەڵێ بێنە و بكڕە. ئینجا لە هەمووی خۆشتر ئەوەیە كاتێك كە دەمانەوێ بچینە شوێنێك، یان سەردانی خزمێك، بە كاتژمێرێك ئامادە نابێت، كە دەپرسی بۆ؟ دەڵێ: هیچ جلم نییە. ئیتر لەو هەموو جلە هیچی بەدڵ نییە و قەرزاریشمان دەكەن. ئەو خووەی ئافرەتان نەمابا، بە تەواوی ئیسراحەتمان دەكرد".
گوڵاڵە مەجید مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییە و ئەویش سەبارەت بە خۆی دەڵێت: "كە دەوام دەكرێتەوە، دوو دەستە جل دەكڕم، كە مناسەبەیەكیش بێت، جلێك دەكڕم، نەك ئەوەی هەر رۆژێ قاتێك بكڕم. ئێمە مامۆستامان هەیە تازەیە، هەر رۆژێ بە ستایلێك دێت، بەس وەڵا هەشمانە ساڵانە جلێك لەبەر دەكات، ئینجا ئەوە دەگەڕێتەوە سەر خودی كەسەكە". .
وشیار مامە عەلی خاوەن دووكانی جل و بەرگی ئافرەتانە و هێما بۆ ئەوە دەكات كە رۆژانە ئافرەتان بە ژمارەیەكی زۆر بۆ كڕینی جلوبەرگ سەردانی دەكەن، گوتیشی: "مەعمیلەكانمان زۆرن و بە بەردەوامی دێن، بەڵام ئەوانەی زیاتر جل دەكڕن، خوێندكاری زانكۆن، بەتایبەت كاتێ زانكۆ دەكرێتەوە، رۆژانە دووكانمان قەرەباڵغە، زیاتریش داوای شتێك دەكەن كە بتوانن دووسێ جار لەبەری بكەن. واتە چەند رەنگێك هەڵدەگرن كە بتوانن تەنسیقی بكەن. هەندێ جۆری جلیش هەیە، كە تەنیا رۆژی تایبەت لەبەری دەكەن، بۆیە دێن دەڵێن: جڵێكمان دەوێ كەشخە و شاز بێت، بەس كچ خۆی هەمووی یەك تەبیعاتی هەیە، جلێكی دەوێ تاك بیت و كەس لەبەری نەبێت، بۆیە ئێمەش بۆ هەندێك لە موشتەرییەكان كە تایبەتن، جلی تایبەت دەهێنین".

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌