میدیا - رەزوان عەبدولقادر

  ئەندازیارێكی ئافرەت نهێنییەكانی ژیانی خۆی بۆ میدیا باس دەكات و هیوا دەخوازێ هەموو هاوڕەگەزەكانی پەندی لێوەر بگرن بۆ ئەوەی لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا تووشی شكست و سەرگەردانی نەبن.

شەهلا ناوی خوازراوی ئەندازیارێكی ئافرەتەو بەمجۆرە نهێنییەكانی ژیانی خۆی بۆ میدیا باس دەكات: لە دوای تەواوكردنی كۆلیژی ئەندازیاری هەلم بۆ رەخسا و لە یەكێك لە دەزگاكانی حكومەت دامەزرام، بەهۆی چالاكی و لێهاتوویی و كاركردنی بەردەوام، دوای ساڵێك كرام بە سەرۆكی بەشێك لە فەرمانگەكەم، ئەمەش زیاتر بووە هۆی ئەوەی كاری زۆرترم بۆ بێتە پێش، وەك سەفەركردن و ئیفاد بۆ دەرەوەی وڵات بەمەبەستی بەشداریكردن لە خول و ۆرك شۆب هەر وەكو فەرمانبەرانی دیكە، هەر لەو كات و ساتەدا خوازبێنم زۆر بوو، بەڵام كەوتبوومە دوودڵی و راڕاییەوە، چونكە پێنج كەسیان سوور بوون و چەند جار داوای هاوسەرگیرییان لێكردم. منیش بیرم دەكردەوە، ئەوەی لە بیروبۆچوونەكان و پیشەكەم نزیكە، ئەو هەڵبژێرم، كاتێكیش ئامۆزاكەم داوای كردم، بەڕاستی ئەوم لە هەموویان بە باشتر زانی، چونكە لانیكەم شارەزای رەوشت و هەڵسوكەوتی بووم، گەرچی دەرچووی زانكۆ نەبوو، خەریكی كاركردن بوو، بەڵام كوڕێكی جوان و چاوشین و سەرنجڕاكیش بوو، كەسایەتی ئاسۆ هەندێك ئاڵۆز بوو، زۆر خۆشەویست نەبوو لە ناو خەڵك و تا بەتەواوی لێی نزیك نەبایتەوە، بەچاكی نەتدەناسی. لەگەڵ ئەوەشدا كەمێك دڵپیس بوو، نەك بەو رادەیەی كە هەموو كات چاودێرێم بكات، یان رێگر بێ لە چوونم بۆ دەرەوەی وڵات.
بەهۆی سەرقاڵبوون و كاركردنی بەردەوام لە فەرمانگە ناچار بووم كەمتر بتوانم خزمەتی هاوسەرەكەم بكەم، ئەویش زۆرجار گلەیی لێدەكردم و دەیگوت: تۆ وەك ژنی خەڵكی نیت، بەردەوام سەرقاڵی كاری دەرەوەی، ناتوانی بەچاكی خزمەتی من و میوانەكانم بكەیت. بەڕاستی ئەم قسانەشی دڵتەنگی دەكردم، هەر بۆیە بڕیارم دا ژنێك بە مووچە بێنم تا لە ماڵەوە هاوكاریم بكات. پرسم بە هاوسەرەكەم كرد، ئەویش گوتی: زۆر چاكە، ئەگەر متمانەی تەواوت پێ هەیە، خراپ نییە. دوای دوو رۆژ ژنەكە هاتە ماڵەوە و خەریكی كاروباری رۆژانە و ئامادەكردنی خواردن بوو. من و ئاسۆ زۆر لێی رازی بووین، بەمەش هەندێك لە كاتەكانم بۆ گەڕایەوە و دەمتوانی خواستەكانی هاوسەرەكەم جێبەجێ بكەم. ئەو ژنە بۆ ماوەی ساڵێك بەم شێوەیە كاری بۆ كردین، بەڵام بەهۆی خراپی تەندروستی و گەورەیی تەمەن نەیتوانی بەردەوام بێت، رۆژێكیان گوتی: ئەگەر رازی بیت كچەكەم دەنێرم، منیش زوو وەڵامم نەداوە، بەڵام هەر چونێك بوو نازانم بۆچی رازی بووم. رۆژانە كە دەهاتمەوە لە دەوام ماڵەكەم زیاتر پاك و خاوێن بوو، (شەرمین) وەك دایكی خواردنی زۆر خۆشی ئامادە دەكرد، بەڵام ئەوەی ببووە جێگەی گومانم، ئەوە بوو كە ئاسۆی هاوسەرم رۆژانە زۆر پێش من لە ماڵەوە بوو، كەچی پێشتر وا نەبوو، هەستم كرد گرینگی بە شەرمین دەدات و مەیلی بۆ لای ئەو چووە، تا كار گەیشتە ئەو رادەیەی لەسەر مێزی نانخواردن دادەنیشت و لەگەڵمان نانی دەخوارد. ئەو هەڵسوكەوتەی شەرمین جێگەی سەرسوڕمان بوو، چونكە ئاسۆی هاوسەرم پێشتر كەسێكی زۆر دوورەپەرێز و بێدەنگ بوو، بەلامەوە سەیر بوو لەگەڵ شەرمین قسەی خۆش و گاڵتەی دەكرد. لە دوای نانخواردنیش بەیەكەوە دادەنیشتن، رۆژانە شەرمین كاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ دەڕۆیشتەوە، بەڵام ماوەیەك بوو تا دوای عەسر دەمایەوە، بۆیە رۆژێك پێمگوت: كاتی خۆت تا دووی دوانیوەڕۆیە و ئەو كاتە من لە ماڵم و كارەكانی تر خۆم دەیكەم.
رۆژانە شەرمین زۆر بایەخی بە ئاسۆ دەدا، بەتایبەت جلەكانیشی بۆ دەشوشت و ئوتوی دەكرد، بەمەش گومانێكی گەورە دروست بوو لە ناخم و لەناچاری لای ئاسۆ باسم كرد، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: بێگومان بە، چونكە شەرمین تەنیا پاكوخاوێن و رێكوپێكە و جگە لەوە بۆ من هیچی تر نییە. تا رادەیەك باوەڕم كرد. بەهەر حال دوای سێ رۆژ وادەی سەفەركردنی دەرەوەم هاتەپێش. بەڵام ئەوەی مێشكی هەژاندم، ژنێكی دراوسێمان بوو، رۆژێك هاتە ماڵم بۆ پێداویستییەك و گوتی: شەرمین خان ئاگاداری ماڵی خۆت بە، كاتێك لە ماڵ نیت، مەبەستم ئەو كچەی لاتانە. گوتم: بۆ چیەتی؟ ئەویش گوتی: كاتێك تۆ دەڕۆیتە دەوام، كوڕێك دێتەلای ئەو كچەو تا نیوەڕۆ لەگەڵی دەمێنێتەوە، خوا بزانێ چی دەكەن! ئاخێكم هەڵكێشا و گوتم: بەهۆی دایكیەوە متمانەم پێكردو ماڵم دادەستی، ئێستاش بەو شێوەیە هەڵسوكەوت دەكات. نەمزانی بە چ شێوەیەك باسی ئەو مەسەلەیە بكەم و راستییەكەی بزانم، تا ئێوارە بۆ ئاسۆم گێڕایەوە، ئەویش گوتی: ئافرەت عەیبە تۆ خاوەن بڕوانامەی و رۆشنبیری، كوو دەبێ بە قسەی پیرەژنی دراوسێ باوەڕ بكەی؟
بۆیە بڕیارم دا خۆم یەكلایی بكەمەوە. بۆ رۆژی دواتر لە كاتی دەوام مۆڵەتم وەرگرت و گەڕامەوە ماڵەوە. بەڵام هەرگیز بیرم لەوە نەدەكردەوە ئەو كوڕەی بە خراپە باسیان دەكرد هاوسەرەكەی خۆم بێ، كە چوومە ژوورە بینیم ئاسۆ و شەرمین لە ژووی نووستن بە یەكەوەن و كاری خۆیان دەكەن. ئیتر لەگەڵ ئاسۆ كردمە شەڕ و هات و هاوار و شەرمینم بە لێدان دەركرد. ئاسۆش پەلاماری منی داو زۆری لێدام. تا دراوسێكان هاتن و لەبەردەستی دەریانهێنام. لە دوای ئەوەی خەڵكەكە رۆیشتن، ئاسۆ پێی گوتم: راستە من و تۆ ئامۆزاین، بەڵام دەمێكە ئاشقی شەرمین بووم، تا خەڵك نەیزانیوە، مارەی دەكەم، منیش بەگریانەوە چوومەوە ماڵی باوكم و پێمگوتن ئاسۆ چی كردووە. ئەوانیش بۆچوونیان وابوو جیابوونەوە باشترین چارەسەرە، ئەوە بوو بە هۆی ناپاكی هاوسەری لە دادگا لێك جیابووینەوە، ئەوەش باجی هەڵەی خۆم بوو، لەسەرەتا وەك پێویست گرینگیم نەدا بەهاوسەركەم و ژنێكی لابەلام هێنا ناو ماڵەكەم و ژیانی وێران كردم