رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

زۆرن ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه‌ زۆرجار ته‌نیا به‌بیستن یا خوێندنه‌وه‌یان مرۆڤه‌كان ناچار ده‌كات تا دوا ساتی خوێندنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆَك‌و رووداوه‌كه‌ی به‌دیارییه‌وه‌ چۆك دابدات، به‌جۆرێك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت ویژدانی خۆت بكه‌یته‌ سه‌نگی مه‌حه‌ك‌و هه‌ر خۆشت دواجار ببیته‌ داوه‌رێكی چالاك، ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێننه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌و سه‌دان رووداوه‌ تاڵانه‌ی كه‌ رۆژێك له‌رۆژان له‌كونجێكی ئه‌م نیشتیمانه‌دا روویداوه‌.

 بكه‌ری رووداوه‌كه‌

(خه‌جێ خان) ئه‌و كه‌سه‌ی ژیانی گه‌نجی و پیری له‌(دوو) جۆر زیندانی جیاوازدا به‌سه‌رده‌بات، له‌ساڵی 1943 له‌یه‌كێك له‌گونده‌كانی كوردستان له‌دایكبووه‌ و له‌ته‌مه‌نی 15 ساڵیدا ژن به‌ ژنی پێده‌كرێت، وه‌كو خۆی ناوی ده‌بات به‌و " دیارده‌یه‌یی كه‌ چه‌ندین خێزانی كوردی پێ گیرۆده‌ بووه‌".

نه‌هامه‌تیه‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی ژیان !

ناوبراو له‌دوای پێكهێنانی ژیانی هاوسه‌ری شوێنی له‌دایكبوونی جێده‌هێڵێت و ده‌چێته‌ شار و ئیتر له‌وێ نیشته‌جێده‌بێت. خه‌جێ خان خاوه‌نی 13 منداڵه‌ و له‌دنیادا ته‌نیا دڵی به‌ منداڵه‌كانی خۆشبووه‌ و خۆشیه‌كانی ژیانی خۆی پشتگوێ‌ ده‌خات  له‌پێناو  خۆشبه‌ختی مناڵه‌كانی و ده‌ڵێت: راسته‌ من ژنێكم به‌ ته‌مه‌ن گه‌وره‌م و نه‌خوێنده‌وارم، به‌ڵام هه‌موو پێنج شه‌ممانێك منداڵه‌كانم كۆده‌كرده‌وه‌و قسه‌م بۆ ده‌كردن و پرسیارم لێكردن حه‌زیان له‌چییه‌ تا بۆیان بكه‌م تاوه‌كو هه‌وڵنه‌ده‌ن دوور له‌چاوی من كاربكه‌ن ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌م هه‌ر به‌رده‌وام بوو، تائیتر منداڵه‌كانم ورده‌ ورده‌ كه‌م ده‌بونه‌وه‌، به‌جۆرێك منداڵێكم به‌ رووداوی هاتوچۆ كۆچی دوایی كرد و كچێكیشم به‌ نه‌خۆشی دڵ و كچێكی تریشم به‌ سوتان جێیهێشتین، هه‌موویان له‌كۆبونه‌وه‌كانمان به‌جێیانهێشتین و كچێكیشم كوژرا و سه‌ڕه‌ڕای سوتانی جه‌رگم بۆ ئه‌و هه‌موو كۆسته‌ی هاته‌ ریگام، له‌ئێستادا له‌زیندان ژیان به‌سه‌رده‌به‌م و ته‌نها (دوو) كوڕم بۆ ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ یه‌كێكیان له‌خانه‌ی نه‌وجه‌وانانه‌ و ئه‌وی تریشیان له‌سه‌ر جاده‌ كه‌وتووه‌ و باری ده‌روونی ته‌واو نییه‌.

لێره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات

خه‌جێ‌ خان، چیرۆكی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی و چوونه‌ ناو كونجه‌ تاریكه‌كانی زیندانه‌وه‌ به‌م شێوه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ و وتی: دراوسێیه‌كمان هه‌بوو به‌رده‌وام ده‌هات بۆلامان به‌ كچه‌كه‌م وت هه‌ستده‌كه‌م ئه‌م ژنه‌ كارێكی هه‌یه‌ "ئه‌م ماسته‌ بی موو نیه‌"  كچه‌كه‌شم وتی : دایكه‌ ئه‌مڕۆ پێی وتم شو بكه‌ به‌ كوڕی شوبراكه‌م خۆم به‌خێوم كردووه‌ و كورێكی زۆر چاكه‌" منیش به‌ بیستنی ئه‌م قسه‌یه‌ی كچه‌كه‌م، پێموت : كچم خۆت بینیوته‌ و رازیت ؟. قه‌یچێكه‌ هه‌ر بۆیه‌ دوای هه‌فته‌یه‌ك ماره‌یان بڕی و كچه‌كه‌یان برد و هه‌ر خۆم و مێرده‌كه‌م و دوو كوڕه‌كه‌م ماینه‌وه‌، كات هاتو رۆیشت ژیانی رۆژانه‌مان زۆر گۆڕا، خێزانه‌كه‌مان تا ده‌هات كه‌م ده‌بوه‌وه‌ و مێرده‌كه‌شم هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵمدا گۆڕا بوو، نانی به‌ ده‌ستم نه‌ده‌خوارد ! قسه‌ی له‌گه‌ڵمدا نه‌ده‌كرد ! به‌ته‌نها بۆ خه‌و ده‌هاته‌وه‌ منیش رۆژێك ده‌ستم كرد به‌ گریان وتم دڵت گۆڕاوه‌و ده‌ته‌وێ‌ ژنم به‌سه‌ردا بێنیت، هیچ  وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه‌ منیش هیچم نه‌وت دوای چه‌ند رۆژێك هات بۆ لام و وتی: خه‌جێ‌ زۆر بێتاقه‌تم ئه‌و شته‌ی بیستبووم راست ده‌رچوو، بۆیه‌ چه‌ند رۆژه‌ نانم پێناخورێت، منیش وتم شتی چی به‌ قوڕگی پر له‌گریانه‌وه‌، وتی: زاواكه‌مان كاری له‌شفرۆشی به‌ كچه‌كه‌مان ده‌كات و رۆژانه‌ پیاوی بۆ ده‌هێنێته‌ ماڵه‌وه‌.

چی به‌ژنه‌كه‌ی ده‌كرد ؟

 هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ ته‌له‌فونمان بۆ كچه‌كه‌مان كردو لێمان پرسی، وتی: راسته‌ ئه‌وه‌ ده‌ستیكرد به‌ گریان و وتمان خۆت حازركه‌ وا دێین به‌ دواتا هێنامانه‌ ماڵه‌وه‌، شه‌و زاواكه‌مان هات و وتی: بمه‌نه‌وه‌ باشتره‌ ئه‌وه‌ كێشه‌ی ئێوه‌ نییه‌ من هه‌ر كارێكی پێده‌كه‌م ژنی خۆمه‌، ئه‌و شه‌وه‌ ده‌رمان كرد و كچه‌كه‌مان لای خۆمان هێشته‌وه‌، بۆ به‌یانی مێرده‌كه‌م چوو بۆ ده‌وام منیش چووم سه‌مون بێنم تا هاتمه‌وه‌ كچه‌كه‌م دیار نه‌مابوو، دراوسێكه‌مان، وتی: سه‌یاره‌یه‌كی ره‌ش هاتووه‌ و زاواكه‌شتی له‌گه‌ڵ بووه‌ و بردویانه‌ دواتر په‌یوه‌ندی كردبوو به‌ مێرده‌كه‌مه‌وه‌ و وتبوی ژنی خۆم بردۆته‌وه‌ و چاوت پێناكه‌وێته‌وه‌ هه‌رگیز، گه‌ر رازی نه‌بی بمده‌یته‌وه‌، مێرده‌كه‌شم وتی: باشه‌ ده‌تده‌مه‌وه‌ به‌س با بزانم له‌كوێیه‌، دواتر هاتنه‌وه‌ و زاواكه‌مان وتی من ناتوانم واز له‌م كاره‌ بێنم، گه‌ر خۆشم نه‌یكه‌م له‌خۆم گه‌وره‌تر هه‌یه‌ پێم ده‌كات.

خێزانێك له‌به‌رده‌م په‌رته‌وازه‌یدا

دوای چه‌ند رۆژێكی تر، من و مێرده‌كه‌م هه‌ر له‌بیركردنه‌وه‌ و بارودۆخێكی دژواردابووین و به‌رده‌وام بیرمان ده‌كردووه‌ تا دواجار مێرده‌كه‌م وتی: خه‌جێ‌ با كچه‌كه‌مان به‌رین بۆ شارێكی تر بیشارینه‌وه‌ و منیش وتم كارێكی زۆر باشه‌، هه‌ر بۆیه‌ بۆ به‌یانی زوو مێرده‌كه‌م و خوشكه‌زای مێرده‌كه‌م كه‌ ناوی كاروان بوو كه‌ هه‌میشه‌ ده‌یوت كچی واتان بۆ چییه‌ بیكوژن، سه‌رتانی شۆڕكردووه‌، بۆیه‌ به‌رێكه‌وتن تا كچه‌كه‌م به‌رن بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و شاره‌ی زاواكه‌مانی تێدا ده‌ژیت، هه‌موو ئه‌م كاتانه‌ی كه‌ ده‌یانگێرمه‌وه‌م له‌زیندان ناخۆشتربوون بۆ من هه‌موو ته‌مه‌نم ئازار و خه‌فه‌ت بوو، بیرم له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌، ئه‌و خێزانه‌ به‌خته‌وه‌ره‌ی هه‌مبوو بۆ واپه‌رته‌وازه‌ بوو؟.

20 ساڵ میوانی زیندانه‌

ئه‌و شه‌وه‌ له‌و شاره‌ مانه‌وه‌ بۆ به‌یانی كاروان هاته‌وه‌ وتم مێرده‌كه‌م كوا وتی: ئه‌و جارێ‌ له‌وێیه‌ نایه‌ته‌وه‌، وه‌ره‌ با من و تۆ بچین بۆ  بنكه‌ی پۆلیس وتم بۆ كارمانچیه‌ له‌وێ‌ وتی، وه‌ره‌ ده‌زانی كاتێك چووم بینیم مێرده‌كه‌م له‌وێیه‌ و گرتویانه‌ تووشی سه‌رسوڕمان هاتم و دڵم كه‌وته‌ خورپه‌وه‌ كه‌ پرسیم مێرده‌كه‌م چی ده‌كات لێره‌، وتیان به‌ تۆمه‌تی كوشتنی كچه‌كه‌ی به‌ندكراوه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باوه‌ڕم نه‌كرد، جه‌رگی خۆی بكوژێت، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ كاروان كردم به‌شه‌ڕ و وتم تۆ هانتداوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌،  به‌م ژیانه‌ ناخۆشه‌ كچم كوژرا و مێردم به‌ندكراو (سێ) رۆژ به‌م شێوه‌یه‌ بووم به‌رده‌وام شه‌ڕم ده‌كرد له‌گه‌ڵ كاروان،  هه‌ر بۆیه‌ چوو بوو بۆ بنكه‌ی پۆلیس و دانی به‌ تاوانه‌كه‌یدا ناو وتی: به‌ڵێ‌ من له‌گه‌ڵ خاڵم بووم و كوشتوومه‌، به‌ڵام خاڵۆژنیشم له‌گه‌ڵ بووه‌و ئه‌ویش وتویه‌تی بیكوژن،  ئێمه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ تۆمه‌تباركرد و  كرامه‌ زیندانه‌وه‌ و حوكمدرام به‌ 20 ساڵ زیندانی ئه‌وه‌ نزیكه‌ی (7) ساڵه‌ له‌زینداندام به‌هۆی ئه‌و ره‌فتاره‌ ناڕاسته‌ی كاروانه‌وه‌.

"داوای لێبووردنت لێده‌كه‌م"

دوای تێپه‌ڕبوونی 5 ساڵ به‌سه‌رحوكمه‌كه‌ماندا مێرده‌كه‌م تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ بووه‌ له‌زینداندا، بۆیه‌ رۆژێك بانگیكردم و وتی: گه‌ردنم ئازا بكه‌ من كچه‌كه‌مانم نه‌كوشت كه‌ چوینه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، كاروان له‌ناو سه‌یاره‌كه‌ به‌ فیشه‌ك كوشتی و منیش سه‌یاره‌م لێده‌خوڕی و نه‌متوانی ده‌ستیبگرم و دواتر كاروان بردمی راده‌ستی بنكه‌ی پۆلیسی كردم و وتی: وا باشتره‌ بڵێیت من كوشتومه‌ و كچی خۆمه‌ له‌سه‌ر حه‌یا و شه‌ره‌ف ئه‌و كاته‌ حوكمه‌كه‌مان كه‌متره‌،  منیش به‌ قسه‌م كرد خۆم به‌ تاوانبار ده‌زانم كه‌ به‌ قسه‌ی كاروانم كرد، نه‌شمده‌توانی قسه‌م بگۆڕم، چونكه‌ حوكمه‌كه‌م زیاتر ده‌بوو، بۆیه‌ داوات لێده‌كه‌م بمبووریت

بكه‌ری راسته‌قینه‌ی رووداوه‌كه‌

له‌و كاته‌وه‌ من بۆم ده‌ركه‌وت راستی بكوژی كچه‌كه‌م كه‌ كاروانه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو كه‌ خۆم بۆی چوم و باوه‌ڕم نه‌كرد، مێرده‌كه‌م كچه‌كه‌م بكوژێ‌، ته‌نها ئه‌و كچه‌ی كه‌ مابومه‌وه‌ خاوه‌نی منداڵێك بوو، ئه‌ویش به‌هۆی ناخۆشی ژیانمان به‌رگه‌ی ئه‌م باره‌ی نه‌گرت و خۆی سووتاند له‌زیندانه‌وه‌ بردمیان بۆ پرسه‌كه‌ی.

چاوه‌ڕێی چیی ده‌كات ؟

دواجار (خه‌جێ‌ خان) به‌ چاوی پڕ گریانه‌وه‌ و به‌ بێده‌نگی به‌كوڵ ده‌گریا و بێ‌ ئومێد بوو له‌وه‌ی كه‌ جارێكی تر چاوی به‌ ژیانی ئازاد بكه‌وێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ سه‌ری سپی و دڵی ره‌شه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی كۆتایی هاتنی ته‌مه‌نیه‌تی .

تێبینی:

•        ئه‌م رووداوه‌ رووداوێكی راستیه‌ و له‌یه‌كێك له‌ دادگاكانی كوردستان تۆماركراوه‌

•        SNN   وه‌كو ئیتیكی كاری رۆژنامه‌وانی  و پاراستنی مافی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ناو چیرۆكه‌كه‌دان ناوی خوازراوی به‌كارهێناوه‌.

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌