راپۆرت ـ میدیا

   پڕۆسەی هاوسەرگیری و پێكەوەژیانی دووكەس لەپێناو پێكهێنانی خێزان، یەكێك لە بنەما پیرۆزەكانی هەر كۆمەڵگەیەكە، بەڵام ئەگەر ئەو پڕۆسەیە بێ خواستی یەكێك لەو دوو رەگەزە بێت، ئەوا ئەو ژیانە بە ناهاوسەنگی دروستدەبێت و ئاسۆیەكی روونی نابێت، به‌تایبه‌تی هاوسه‌رگیری زۆره‌ ملێ كه‌ زۆربه‌ی به‌ شكست و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆتایی هاتووه. دوو قوربانی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییەش سفره‌ی دڵی خۆیان بۆ میدیا دەكه‌نه‌وه‌‌.

نیگار ئافره‌تێكی تەمەن 42 ساڵه‌و باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كاتی خۆی به‌ زۆره‌ملێ له‌لایه‌ن باوكیه‌ به‌ شوو دراوه‌. ئه‌و به‌ خه‌مبارییه‌كی زۆره‌وه‌ به‌مجۆره‌ باسی رابردووی خۆی ده‌كات: "لە تەمەنی 13 ساڵی باوكم بە زۆر و بەبێ خواستی خۆم له‌ قوتابخانە دەرهێنام و له‌ پیاوێكی تەمەن 40 ساڵە مارەی كردم، ئه‌و كات من هه‌ر مانای شووكردنم نەدەزانی و بەردەوام لە كۆڵان خەریكی یاری كردن بووم، هەر بڕوام بەو قسانە نەدەكرد، ئه‌و رۆژه‌ی بۆ داخوازی من هاتن، زۆر هەوڵمدا تێكی بده‌م، بەڵام هیچ چارەیەكم نەبوو، باوكم هەر بە قسەی خۆی كرد و دواتر بە زۆر لەو پیاوەی مارە كردم و 10 هەزار دیناری ئەو كاتەشی لە بەرامبەر مندا وەرگرت. كاتێكیش شووم كرد، لەلایەن كەسوكاری پیاوەكەم بەردەوام چاودێری دەكرام، چونكە ئەوان دەیانزانی كە من ئەو پیاوەم نەدەویست و بە زۆر بەشوو دراوم، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ ته‌مه‌نیش زۆر لەخۆم گەورەتر بوو، كەسێكی دڵپیس، رەزیڵ بوو، هەمیشە بەگومانەوە سەیری دەكردم، ئیتر هه‌موو ژیانم له‌ دۆزه‌خدا برده‌سه‌ر، به‌شم هه‌ر لێدان و دڵپیسی بوو، تا وایلێهات بڕیارم دا خۆشه‌ویستی بكه‌م، به‌ڵام له‌ ترسی خوا و له‌به‌ر منداڵه‌كه‌م پێم له‌سه‌ر ئه‌و حه‌زه‌ش دانا و تا دوای مردنی پیاوه‌كم سه‌یری یه‌ك پیاوم نه‌كرد، ئێستاش كه‌ شووم كردووه‌ته‌وه‌، هه‌ر بێوه‌ژن بوونم به‌ ناو چا ودا ده‌ده‌نه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌رگیز گه‌رده‌نی باوكم ئازاد ناكه‌م.
بەشێك لە خانەوادەكان، بە هەر بیانوویەك بێت، كچەكانیان لە تەمەنێكی بچووك بە شوو دەدەن، بێ‌ ئەوەی بیر لە داهاتووی كچەكەیان بكەنەوە. بەتایبەتی هاوسەرگیری زۆرەملێ‌ و جیاوازی زۆری تەمەن، لەو دیاردە مەترسیدارانەن كە داهاتووی كچێك تووشی مەترسی دەكەنەوە.
فاتیمه‌ بێوه‌ژنێكی دیكه‌یه‌و ئه‌ویش به‌ خه‌مبارییه‌كی زۆره‌وه‌ به‌مجۆره‌ سفره‌ی دڵی بۆ میدیا كرده‌وه‌:
"ته‌مه‌نم 15 ساڵ بوو به‌ زۆری برا و باوكم و به‌ هه‌زار لێدان له‌ كوڕێكی كوردی به‌ ته‌مه‌نی دانیشتووی هۆڵه‌وندا ماره‌ كرام، ئه‌و ناپیاوه‌ رۆژانه‌ی منی ده‌برده‌ ده‌ره‌وه‌ و قسەی خۆشی بۆ دەكردم و باسی داهاتووی خۆمانی دەكرد، دوای ماوه‌یه‌ك گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هۆڵه‌ندا، گوایه‌ معامەلاتی من جێبەجێ ده‌كات، زۆر شەو تا بەیانی بە تەلەفۆن قسەی له‌گه‌ڵم دەكرد، دواتر هاتەوە بەبیانووی ئەوەی من ببات بۆ مقابەلە چووین بۆ ئورد‌ن، نزیكەی پێنج مانگ لەوێ‌ بووین، له‌و ماوه‌یه‌ وه‌ك دڕنده‌ هه‌موو رۆژ و شه‌وێك به‌ر ده‌بووه‌ گیانم، هیچ به‌زه‌یی نه‌بوو، ئه‌و 35 ساڵ له‌ خۆم گه‌وره‌تر بوو، به‌ زه‌بری ده‌رمان سێكسی زۆری ده‌كرد، كاتێك كارەكەی تەواو بوو، گوتی: تۆ ده‌نێرمه‌وه‌ منیش ده‌چم له‌ هۆڵه‌ندا كاره‌كانت ته‌واو ده‌كه‌م. هه‌رچی زێڕیشی بۆ كردبووم، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی خه‌جی زۆره‌ فرۆشتیه‌وه‌، باوك و برای منیش ئه‌وه‌نده‌ ساده‌ بوون بە هەموو قسەكانی بڕوایان ده‌كرد، ده‌یگوت: ڤێلای زۆرم هه‌یه‌، تا رۆژێكیان یەكێك لە خزمەكانی خۆی وتی: ئەوە لە دەرەوە ژنی هێناوە، كەچی قسەم لەگەڵی كرد گوتی: ئەمانە هەموو قسەو قسەلۆكن دوورن له‌ راستیيەوە و حەسوودیان پێت دێت، بۆیە وات پێ دەڵێن. به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌ر مانگێكی نه‌خایاند ته‌لەفۆنی كرد گوتی: ئەمڕۆ هەندێك كەل و پەل و شتم ناردووە بۆت، بڕۆ لای هاوڕێیەكم وەریبگرە، لەماڵەوەش وتیان دیارە معامەلاتت تەواو بووە و بۆتی كردۆتە سوپڕایز، بۆیه‌ لەگەڵ خوشكەكەم چووین بۆ لای هاوڕێی مێرده‌كه‌م، بەڵام بە گریانەوە هاتمەوە، چونكه‌ دوای ئه‌و هه‌موو قوڕبه‌سه‌رییه‌ تەڵاقنامەشی بۆ ناردبووم، باوك و براشم چی تەلەفۆن‌یان دەكرد، هەڵینەدەگرت. به‌و جۆره‌ باوك و برام په‌شیمان بوونه‌وه‌، به‌ڵام من بووم به‌ بێوه‌ژن شووكردنی به‌ زۆر و چاو له‌ پاره‌ی شوو هه‌زارانی وه‌ك منی داخ كردووه، ئه‌وه‌تا به‌ 19 ساڵ ته‌مه‌نه‌وه‌ له‌ ماڵه‌ باوكم به‌ سڕی دا‌كه‌وتووم‌".