رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

   میدیا - راپۆرت

 

روخساری جوان ئه‌گه‌رچی سه‌رنجڕاكێشه‌، به‌ڵام هزری جوان و ناخی پاك هێزێكی مه‌زن به‌ تاك ده‌به‌خشێت و گه‌نجانیش له‌و بواره‌دا هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی زۆر ناخی ناشیرین له‌ پشت روخساری جواندا خۆی حه‌شار ده‌دات، زۆر جار له‌ ناسینی به‌رامبه‌ریاندا وه‌كو هاوڕێ، یان وه‌ك خۆشه‌ویست، تووشی هه‌ڵه‌ ده‌بن.

 

"له‌ڕاستیدا ناسینی كه‌سێك له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئەوەندە ئاسان نییە، بۆیه‌ ناكرێ، هه‌ر كەسێك ببینی راستەوخۆ هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكەی، چونكه‌ نازانی ناخی چۆنە و چی تێدایه‌". نەهاوەند خدر وایگوت. ئه‌و فەرمانبەرە لە یەكێك لە كۆمپانیا ئەهلیەكان و سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ری خۆی بۆ دۆستایه‌تی ده‌ڵێت: "من بەحوكمی ئەوەی لە دەوامم، ته‌عامولم لەگەڵ زۆر كەس كردووە، بەڵام سەرەتا تەنها چۆنی و چاكی بووه‌، تا باش تێی نەگەم و نه‌زانم كەسی باشە، هاوڕێیەتی ناكەم، بزانم خراپە تەنها سەلام و بەس، خۆی ناخۆشترین شت ئەوەیە ئەو كەسەی هاوڕێی نزیكته‌ درۆت لەگەڵ بكات، یاخود شتت لێ‌ بشارێتەوە، بۆیە من زۆر رقم لەو جۆرە كەسانەیە، ئەگەر نزیكترین هاورێشم بێت، ئەوە تەواو لێی دوور دەكەومەوە".

ئەژین عوسمان خوێنده‌ڤانی زانكۆیه‌ له‌ بەشی یاسا، ئه‌ویش باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ "لە زانكۆ زۆر كەسی جۆراوجۆر هەن، باش و خراپی تیایه‌، جاری وایە هاوڕێی نزیكه‌، كه‌چی خیانەت دەكات و لە ژێرەوە به‌ خراپه‌ باسی هاوڕێی خۆی دەكات، بۆیە دەبێت زۆرر وریا بین لەكاتی مامەڵەكردن". گوتیشی: "ئێمە سێ‌ هاوڕێ‌ بووین، هاوڕێیەكمان هەستمان دەكرد لای ئێمە خۆی بە جۆرێك دەردەخست، كه‌چی جۆرە كەسێكیتر بوو، بەردەوام دەهات قسەی جۆراوجۆری ده‌كرد، هەر رۆژێ‌ قسەیەك، كەس تێی نەدەگەیشت، بۆیە بڕیارمان دا چیدی هاوڕێیەتی نەكەین".

هاوڕێ‌ نەوزاد كاسبكارەو وه‌ك خۆی باسیكرد هەر بڕواى بە هاوڕێیەتی نەماوە، ئه‌و به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ده‌ڵێت: "هاوڕێی خۆم خیانەتی كرد لەمن و خۆشەویستەكم، هەموو شتێكم تەنها لای ئەو هاوڕێیەم باس دەكرد، كەچی لەولاوە دەبینم پەیوەندی لەگەڵ خۆشەویستی من داناوە، ئەوە كه‌ی هاوڕێیە، ئێستا سەلام و كەلامیشم له‌گه‌ڵی نه‌ماوه‌، به‌ڵێنیشم به‌ خۆم داوه‌ هه‌رگیز قسەی دڵی خۆم بۆ كه‌س باس نه‌كەم".

گۆران سیامەند خوێنده‌ڤانی زانكۆیه‌ لەبەشی كشتوكاڵ، ئه‌و رایوایه‌ هاوڕێیه‌تی شتێكی پیرۆزه‌، به‌ڵام هه‌ندێكجار به‌رژه‌وه‌ندی تێكی ده‌دات، هاوڕێش هه‌ن له‌ برا  نزیكترن‌ و چەندین ساڵە له‌ دۆستایه‌تییه‌كی راستگۆیانه‌ به‌رده‌وامن‌ و هه‌ردوو لاش سوودیان بۆ یه‌كتری هه‌بووه‌.

توێژەری كۆمەڵایەتی هۆگر عەزیز، سه‌باره‌ت به‌ هه‌مان پرس ده‌ڵێت: "مرۆڤ كە لەگەڵ كەسی بەرامبەری هەڵسوكەوت دەكات، زۆر شتی بۆ دەردەكەوێت، گه‌رچی زۆرجار ناتوانێت ناخی بخوێنێتەوە، بەڵام لەڕووی كردار و هەڵسوكەوتەوە دەزانێت كه‌ تا چه‌ند بایه‌خی هه‌یه‌. به‌گشتی زمانی قسه‌كردن شتێكی زۆر قووڵ و فراوانە، قسه‌و كرداریش زۆر جیاوازن، روخساری جوانیش به‌ ته‌نیا ناتوانێت پێوه‌ری هاوڕێیه‌تی بێت، لەهەمان كاتدا هەیە درۆ دەكات زۆر بەڕوونی پێوەی دیارە، شێوەی روخساری سوور هەڵدەگەڕێت، یاخود زمانی تێكدەئاڵێت ناتوانێت سەیری ناوچاوانت بكات، دوڵی و دڵەڕاوكێ دایدەگرێت، یان هه‌یه‌ پشته‌ سه‌ری كه‌سی هاوڕێی خۆی به‌ خراپه‌ قسه‌ ده‌كات، هاوڕێی دڵسۆز ئه‌وه‌یه‌ له‌ بری پاشه‌مل قسه‌كردن ئامۆژگاری هاوڕێكه‌ی بكات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی راست بكاته‌وه‌، نه‌ك هه‌وڵی شكاندنه‌وه‌ی بدات‌، بۆیه‌ به‌گشتی پێویسته‌ سەرەتا سەیری هەڵسوكەتی بەرامبەر بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێ چ جۆرە كەسێكە، ئینجا دەكرێ بڕیاری هاوڕێيه‌تی بدرێ.

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌