رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

 راپۆرت ـ  میدیا

 زۆر جار به‌تایبه‌تی له‌ نێوان هاوڕێیان به‌ ناووناتۆڕه‌ یه‌كدی بانگ ده‌كه‌ن، گه‌رچی زۆربه‌ی ده‌خرێته‌ قاڵبی گاڵته‌كردنی دۆستانه‌ به‌ڵام زۆر جاریش دڵڕه‌نجانی لێكه‌وتۆته‌وه.

 ئەژین محەممەد تەمەنی (23) ساڵە و خوێنده‌ڤانی زانكۆیه‌ لەبەشی یاسا، ئه‌و له‌ ده‌ستپێكی قسه‌كانیدا هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ر جۆره‌ ناووناتۆره‌یه‌ك كارێكی نه‌شیاوه‌، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "به‌داخه‌وه ‌ئێستا ناتۆره‌ بووه‌ته‌ وشه‌ی سەر زاری زۆر كه‌س، به‌ ناوی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ یه‌كتر بانگ ده‌كه‌ن، زۆر جاریش ته‌نانه‌ت سووكایه‌تی به‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن، به‌ گاڵته‌شی ناو ده‌به‌ن، ئه‌وه‌ كه‌ی گاڵته‌یه‌ سووكایه‌تی به‌ هاوڕێی خۆت بكه‌ی؟ یان هه‌یه‌ لە بری سڵاوكردن ئینجا ئەو كەسەی بەرامبەری كچ بێت، یان كوڕ دەڵێ: ناشرین چۆنی؟ یان ده‌ڵێ: گه‌نده‌ڵ كووی؟ من زۆر رقم لەو كەسانە دەبێتەوە كە لەكاتی سڵاوكردن ئەو جۆرە وشانە بەكار دێنن، حەز ناكەم هه‌ر وه‌ڵامیان بدەمەوە، بەداخه‌وه‌ ئەمە بۆتە شتێكی باو لەنێو كۆمەڵگه‌ی ئیمەدا، به‌ڵام هیوادارم نه‌مێنێت".

زینە رەشید خوێنده‌ڤانی پۆلی نۆیەمه‌ له‌ قوتابخانەی ئەهلی، ئه‌و نایشارێته‌وه‌ لەگەڵ هاوڕێكانی گاڵته‌ی وایان هه‌یه‌ و ده‌ڵێت: "ئێمه‌ له‌ كاتی ده‌وام له‌ قوتابخانه‌ و قسەكردن له‌گه‌ڵ هاوڕێیان هه‌ندێ گاڵته‌ ده‌كه‌ین و ناوی سه‌یر له‌ یه‌كتری ده‌نێن، به‌ڵام لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە وشانە هیچ راست نییە، وەك گاڵتەیەك وه‌ريده‌گرین و له‌ یه‌كتریش نیگه‌ران نابین".

زینه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌موو كه‌س ناتوانن به‌وجۆره‌ گاڵته‌ئامێزه‌ بانگی یه‌كتری بكه‌ن، گوتیشی: "تەنها ئەو برادەرانەی كه‌ زۆر لێمان نزیكن، یان زۆرمان یه‌كتر خۆشدەوێ، پێكه‌وه‌ گاڵته‌ ده‌كه‌ین، ئه‌ویش بۆ شكاندنەوەی یەكتر نییە، بەڵكو بۆ خۆشی خۆمان وا دەڵێن".

پەیمان تاهیر ژنی ماڵەوەیه‌و وه‌ك خۆی باسیكرد دایكی سێ‌ منداڵه‌ و ئه‌ویش یه‌كێكه‌ له‌و هه‌زاران كه‌سه‌ی كه‌ ئه‌و جۆره‌ گاڵتانه‌ به‌ ئاسایی ده‌زانێت. په‌یمان ده‌ڵێت: "لەگەڵ دراوسێكانمان كاتی ئێواران دێینە بەردەرگا، وەڵا بەدەست خۆمان نییە هەر بۆ پێكەنین بە فڵان دەڵێن تۆ ئاوای، هەر بۆ گاڵتەیه‌ و كاتی پێ‌ دەبەینەسەر، ئینجا هه‌موو نازناوێكیش خراپ نییه‌، ئێستا خۆم لە ماڵەوە منداڵەكانم قەد بەناوی خۆیان بانگ ناكەم، بەڵكو هەریەكی ناوێكی كورتكراوەی خۆشم بۆیان داناوە، ئیتر ئەوە باوە لە كۆمەڵگه‌ی ئێمە، زۆر كەس هەیە پێی ناخۆشە، بەڵام زۆر كەسیش هەیە ئەسڵەن پێی خۆشە لەبەر ئەوەی تۆ لە خۆشەویستیان ناوێكی بۆ دادەنێیت، بۆیە هیچ پێویست ناكات ئەو كەسە دڵگران بێت، پێویستە كەسی بەرامبەر تێبگات لەو كەسەی كە ناوێكی لێ‌ دەنێت".

به‌ڵام ساجیدە عەلی كه‌ مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییه‌ لە قوتابخانەی ژیان، رای پێچه‌وه‌انه‌ی هه‌یه‌ و هه‌ر له‌وباره‌یه‌‌وه‌ ده‌ڵێت: "من وەك خۆم زۆر رقم لەو ناوانە دەبێتەوە، زۆر جار لە پۆل دەبینم دوو قوتابی بەناوێكی سەیر یەكتر بانگ دەكەن، من شتی وا قبووڵ ناكەم، لەبەر ئەوەى شتێكی نەشیاوە، راستە هەندێك كەس هەیە زۆر هاورێن و وه‌ك نزیكبوونیان ئه‌و ناووناتۆره‌ له‌ یه‌كدی ده‌نێن، بەڵام فێر دەبن و واڕادێن، له‌وانه‌یه‌ جارێكی دی به‌ كەسێكی تریش بڵێن، كە بێگومان ئه‌وه‌ كێشە لەنێوانیان دروست ده‌كات، چونكه‌ هه‌موو كه‌س ئه‌وه‌ی قبووڵ نییه. بۆیه‌ من ئەوە بە شتێكی نەشیاو دادەنێم و به‌ پێویستی ده‌زانم هەردەم بەڕێكی و بە رێزەوە قسە لەگەڵ كەسی بەرامبەر بكەین".‌

دەروونناس عومەر محەممەد مامۆستایه‌ لەكۆلێژی ئاداب و سه‌رتا هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ زۆربەی جار ناووناتۆره‌ گه‌ر به‌ گاڵته‌شه‌وه‌ گوترابێ، بۆته‌ هۆی دڵڕەنجاندنی كەسی بەرامبەر، ئەو كەسانەی كە گاڵته‌ی واده‌كه‌ن، پێویستە له‌ هه‌موو گاڵته‌یه‌ك سەرەتا بیر له‌وه‌ بكەنەوە كه‌ سنوورێكی بۆ دابنن، تاوه‌كو نەبێتە هۆی دڵڕەنجاندنی كەسی بەرامبەر، به‌ڵام به‌گشتی ناووناتۆره‌ ته‌نانه‌ت گه‌ر بۆ‌ گاڵته‌ش  بێت، زۆرجار دەبێتە هۆی تێكچوونی دەروونی كەسێك، بۆیه‌ هەردەم بە رێزێكی زۆر مامەڵە لەگەڵ كەسی بەرامبەر بكەن باشتره‌، گوتيشى "گه‌رچی ئه‌و جۆره‌ گاڵته‌كردنه‌ لەكۆنەوە هەبووە، بەڵام هەندێكیان بەسوود و لەجێگه‌ی خۆیەتی، هەندێكیشی تەنها بۆ شكاندنی كەسی بەرامبەره‌، كاتێك دەروونی كەسێك بریندار ده‌كرێ، ئه‌وه‌ ناچێته‌ خانه‌ی گاڵته‌كردن و به‌ سووكایه‌تی هه‌ژمار ده‌كرێت".

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌