رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

  * فۆلكلۆر ئاوێنەی ڕابردووی هەر نەتەوەیەكە و نەتەوە لەوێوە دەتوانی رابردووی خۆى ببینیت.
* پێویستیمان بە سەنتەرێكی كۆكردنەوەو بەدواداچوون و ساخكردنەوەی تێكستە فۆلكلۆرییەكانە.
رۆژنامه‌ى هه‌ولێر، ژماره‌ ( 2085 )، رۆژى يه‌كشه‌ممه‌، رێكه‌وتى: 22 / 2 / 2015
هه‌ڤپه‌يڤين: محەمەد سەعید كوردە
غه‌فوور مه‌خموورى، ساڵانێكى زۆره‌ له‌باره‌ى فۆلكلۆره‌وه‌ خه‌ريكى كۆكردنه‌وه‌و نووسين و لێكۆڵينه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌يه‌، له‌وه‌ڵامى چه‌ند پرسيارێكى رۆژنامه‌ى ( هه‌ولێر )دا، سه‌ره‌تا له‌باره‌ى فۆلكلۆره‌وه‌ وتى:
( بە باوەڕی من فۆلكلۆر بەشێكە لە ڕابردووی هەر نەتەوەیەك و لەوێوە دەتوانی رابردووی نەتەوەكەت ببینیت، نەتەوەی كوردیش وەكو هەموو نەتەوەكانی دیكە خاوەن رابردووی خۆیەتی و ڕۆلێكی كارای هەبووە لە بیناكردنی شارستانیەتی ڕۆژهەلاتی ناڤیندا، بۆیە ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە سەر تێكستە فۆلكلۆرییەكان بەتایبەت لاوك و حەیران دەبینین باب و باپیرانی ئێمە توانیویانە لە ڕێگای لاوك و حەیرانەوە خۆشی و ناخۆشی نەتەوەكەمان تۆمار بكەن و لە ڕێگای هۆنراوەكانەوە هەوڵیانداوە كارەكانی دروێنە و ساواركووتانەوە و زبارە و كۆمەڵێك كاری دیكە ئاسان بكەن، ئەمانە بەڕوونی لە فۆلكلۆری كوردیدا ڕەنگی داوەتەوە، هەروەها چیرۆك و داستان و بەیت و هەقایەت و ئەفسانە كوردییەكان زۆر لایەنی ژیانی كۆمەڵگای كوردەواری ئەو سەردەم دەخەنە روو، بۆیە دەتوانین بڵێین فۆلكلۆر ئاوێنەی ڕابردووی نەتەوەیە و هەر نەتەوەیەك دەتوانێ لە ڕێگای ئەو ئاوێنەوە تەماشای خۆی بكات.)، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئەگەر میللەتێك بێ فۆلكلۆر بێت چ حیسابێكی بۆ دەكرێ مەخمووری دەڵێ: ( هەر میللەتێك بێ فۆلكلۆر بێت ئەوا میللەتێكی بێ ڕابردووە.)، بۆ بایەخدانیش بە بواری فۆلكلۆری كوردی لەلایەن تاكەكانی ئێمەش دەڵێ: ( بەداخەوە دەڵێم ئێمەی كورد لە دوای ڕاپەڕینەوە بایەخێكی ئەوتۆمان بە فۆلكلۆر نەداوە و ئەو بوارە تا ڕادەیەكی زۆر پشتگوێ خراوە، هەر بۆ وەبیرهێنانەوەش كاتی خۆی وەزارەتی ڕۆشنبیری گۆڤارێكی فۆلكلۆری بە ناوی (ئاسۆی فۆلكلۆر) هەبوو ئەویش چراكەی كوژایەوە، بۆیە ئێمە لە ئێستادا پێویستیمان بە سەنتەرێكی كۆكردنەوەو بەدواداچوون و ساخكردنەوەی تێكستە فۆلكلۆرییەكانە، بۆئەوەی بتوانین بەلایەنی كەم تێكستەكان لە فەوتان ڕزگار بكەین، دواتر پێویستە بەدواداچوون و ساخكردنەوەو لێكۆڵینەوە بۆ ئەو تێكستانە بكەین، هەر بۆ نموونە ئێمە دەتوانین وەك سەرچاوەیەكی دیرۆكی لە لاوك بكۆڵینەوە، چونكە چەندین داستان و قارەمانیەتی میللەتی كوردی پێ گووتراوەتەوە، هەروەها لەو ڕێگایەوە دەتوانی خوێندنەوەی سۆسۆلۆژییان بۆ بكەی، لە لاوكەكانەوە دەتوانی بگەڕێیەوە سەر پرەنسیپی شەڕكردن و پاراستی دیلەكان لەشەڕدا كە هەمووی لەلاوكە كوردییەكانەوە تۆمار كراون، لەهەمان كاتیشدا حەیران بۆتە تۆماری ئەڤینداری كچەتیمە حەیران و كوڕەتیمە حەیران هەموو ئەوانە پێویستیان بە كۆكردنەوە و لێكۆلینەوە هەیە، بۆیە دەتوانم بڵێم خەمساردی ئێمەیە كە بواری فۆلكلۆر بەو ڕۆژگارە گەیشتووە بەڕاستی ئێمە هێندەی بایەخ بە شتە لاوەكییەكان دەدەین نیو هێندە بایەخ بە شتە جەوهەرییەكان نادەین.).
دواجار غەفوور مەخمووری سەبارەت بەوەی میدیای كوردی تا چەند بایەخی بە لایەنی فۆلكلۆری داوە دەڵێ: ( ئەسڵەن میدیای كوردی بە بینراو و بیستراو و خوێندراو هەوڵی شێواندنی فۆلكلۆری كوردییانداوە و وەك پێویست خزمەتیان بە بوارەكە نەكردووە، ڕاستە لێرە و لەوێ بەرنامەی فۆلكلۆری هەیە كە جێگای دەست خۆشییە، بەڵام دەتوانم بڵێم لە ئاستی پێویستدا نین بۆ نموونە ئەمانە كەسانێك وەك حەیرانبێژ و لاوكبێژ دەناسێنن ئەسڵەن لەو بوارەوە دوورن و ئەسڵی فۆلكلۆرەكە دەشێوێنن، ڕاستە ئەوانە بە دڵسۆزییەوە دەیكەن، بەڵام خۆشیان نازانن كە چۆن تووشی ئەو هەڵانە دەبنەوە، بۆیە من پێم باشە ئێمە لەمەودوا سەنتەرێكی كۆكردنەوەی تێكستە فۆلكلۆرییەكان و بەدواداچوون و ساخكردنەوەی ئەو تێكستانەمان هەبێت كە سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری بێت و بۆ هەموو ئیش و كارەكان و بۆ هەموو بەشەكانی فۆلكلۆر لێژنەی تایبەتی له‌و سه‌نته‌ره‌دا هەبێت، هەروەها بەشێكی دیكەش هەبێت بۆ لێكۆڵینەوە و ساخكردنەوەی تێكستى فۆلكلۆری كوردی، هەروەها پێويسته‌ ( بنكەی مەقام )یش كە كار لەسەر موزیك و مەقامات دەكات ببێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی، له‌هه‌مان كاتدا پێویستە ئێمەی كورد ساڵانە فیستڤاڵێكی فۆلكلۆریمان لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن هەبێت، كە هەموو پارچەكانی كوردستان بتوانن بەشداری تێدا بكەن و كلتووری خۆیان تێدا بخەنە ڕوو، ئەوەش دەبێتە خاڵی بەیكگەیشتنی هەموو فۆلكلۆرپەروەرانی كوردستان، ئەوەشیان ئەركێكی نیشتمانیە و دەبێ بە جیدی كاری بۆ بكرێت، پێویستە حكومەتی كوردستان بەو كارە هەڵسێت و ئەو سەروەرییە بۆ خۆی تۆماری بكات.

 

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌