رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

 

- له‌ژێر فشاری وڵاتانی ده‌وروبه‌ر کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد نه‌به‌سترا.
- ناکۆکی نێوان پارته‌کانی رۆژئاوا هۆکاری سه‌ره‌کی دواخستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد بوو.

 

ديمانه‌: سيروان گڵێجاڵى
له‌ماوه‌ رابردوودا هه‌وڵه‌كان چڕكرانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێككه‌وتن له‌نێوان پارته‌ سياسييه‌كانى هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان بكرێت به‌مه‌به‌ستى رێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌ستنى كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌يى كورد، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك هۆكار بوونه‌ هۆى په‌كخستن، ياخود دواخستنى به‌ستنى ئه‌و كۆنگره‌يه‌، به‌مه‌به‌ستى زياتر ئاگاداربوون له‌ ده‌ره‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كانى نێوان لايه‌نه‌كان و چاره‌نووسى به‌ستنى كۆنگره‌، ( سات ) به‌پێويستى زانى ( غه‌فوور مه‌خموورى ) ئه‌ندامى لێژنه‌ى ئاماده‌كارى كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌يى بدوێنێت، ئه‌مه‌ى ده‌يخوێنيته‌وه‌ پوخته‌ى ديمانه‌كه‌يه‌:

سات: پێویستی کۆنگرەی نەتەوەیی چۆن دەبینی؟
مەخمووری: گەلی کوردستان لەمێژە لە هەوڵی ئەوەدایە که‌وا سەنتەرێکی بڕیاری سیاسی خۆی هەبێت، بتوانێت هەموو پارچەکان و لایەنە سیاسیيەکان لە ماڵێکدا کۆ بکاتەوە، لە رابردوودا کۆبونەوەیەکی فراوان بە بانگهێشت و سه‌رپه‌رشتى بەڕێز كاك مه‌سعود بارزانی سەرۆکی کوردستان سازکرا، لەو کۆبونەوەیەدا کۆمیته‌یه‌کی ئاماده‌کار هه‌ڵبژێردرا و هه‌شت کۆمسیۆنی دیاری کرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تی چه‌ند هۆكارێكى ديكه‌ وایانکرد کۆنگره‌که‌ نه‌به‌سترێت.
ئه‌وکات له‌ باکووری کوردستان تێڕوانینێک هه‌بوو، له‌ باشوور تێروانینێکی ديكه‌، له‌ رۆژئاواش ناکۆکی له‌نێوان ئه‌نه‌که‌سه‌ و ته‌ڤده‌م هه‌بوو. من بۆ مێژوو قسه‌یه‌ک ده‌که‌م ئه‌وکات 21 که‌س وه‌کو ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌کار دیاری کراین، هه‌موومان وه‌کو تیمێک کارمان ده‌کرد، به‌ڵام کێشه‌کانمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی لێژنه‌ی ئاماده‌کار بوو، کێشه‌کان له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سیاسیيه‌کان دروست ده‌کرا، دیاریکردنی ژماره‌ی ئه‌ندامانی کۆنگره‌ که‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ک چه‌ند ئه‌ندامی به‌رده‌که‌وێت، له‌ هه‌مان کاتدا بۆ سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تی کۆنگره‌ سێ بیروبۆچوون هه‌بوو:
1-سه‌رۆکایه‌تی
2-هاوسه‌رۆک
3-سکرتاریه‌ت
ئه‌مانه‌ هۆکاربوون بۆ دواکه‌وتنی کۆنگره‌، بۆیه‌ وه‌کو ئه‌ندامێکی لێژنه‌ی ئاماده‌کار ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر له‌ دیدگای حیزیه‌وه‌ بڕوانینه‌ کۆنگره‌که‌ هه‌رگیز ناتوانین کۆنگره‌ ببه‌ستین ده‌بێت له‌ دیدگای نه‌ته‌وه‌يى نيشتمانييه‌وه‌ له‌م پرسه‌ بروانین.
سات: له‌کاتی ئاماده‌کاری بۆ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێت ئاماده‌کاری بۆ رۆحیه‌تی نه‌ته‌وه‌ییش کرابێت، پارته‌کان‌ به‌بێ ئاماده‌کاری بۆ ئه‌و رۆحیه‌ته‌ هاتنه‌ ناو کۆنگره‌وه‌؟
مه‌خمووری: من پێم وایه‌ رۆحیه‌ته‌که‌ هه‌بوو، به‌ڵام له‌ژێر فشاری وڵاتانی ده‌ورووبه‌ر و ئه‌و هۆكارانه‌ى باسمانكرد ئه‌و لێکترازانه‌ دروست بوو، پاشان فشارى وڵاتانى ده‌وروبه‌ر وايكرد كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌يى كورد نه‌به‌سترێت.

سات: پارته‌کان به‌‌ گشتی و رۆژئاواییه‌کان به‌ تایبه‌تی ره‌خنه‌ له‌ لێژنه‌ی ئاماده‌کار ده‌گرن که‌ نه‌یتوانیوه‌ کاره‌کانی خۆی رێکبخات.
مه‌خمووری: به‌ بروای من لێژنه‌ی ئاماده‌کاری کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد ئیشوکاره‌کانی خۆی زۆر به‌ سه‌رکه‌وتوویی به‌ڕێوه‌برد، ده‌توانم بڵێم يه‌كێ له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کييه‌كانى نه‌به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ رۆژئاوا و به‌تایبه‌ت ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی کورد له‌ سوریا " ئه‌نه‌که‌سه‌ "، ئه‌وان له‌ سه‌ره‌تایانه‌وه‌ تاکو ئێستا يه‌كگرتوو نه‌بوون، ته‌نانه‌ت له‌ناو خودی خۆشیاندا یه‌کگرتوونین، له‌ناوخۆیاندا لێکترازان هه‌یه‌ و بڕیارێکی یه‌کگرتوویان نییه‌، ئه‌مه‌ راستييه‌كه‌و پێويسته‌ باسى بكه‌ين، کێشه‌ی پارته‌کانی رۆژئاوا به‌تایبه‌تی ئاریشه‌ی نێوان ته‌ڤده‌م و ئه‌نه‌که‌سه‌ هۆکاربوون بۆ نه‌به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد.

سات: له‌ ئێستادا هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان خۆی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ببه‌ستێت باشتر نییه‌؟
مه‌خمووری: نه‌خێر، ئه‌وه‌ دابه‌شکردنێکی دیکه‌ی کوردستانه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ کۆده‌نگی و یه‌کماڵی دروست بکه‌ین، ده‌مانه‌وێ مالی کورد یه‌کبخه‌ین بۆیه‌ ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ خزمه‌ت به‌ دوژمنانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌کات که‌ ده‌یانه‌وێت کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی په‌کی بکه‌وێت، بۆيه‌ من لاى خۆمه‌وه‌ ئه‌و بيرۆكه‌يه‌ ره‌تده‌كه‌مه‌وه‌.
سات: ئه‌گه‌ر هه‌ر پارچه‌یه‌ک و کۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێت باشتر نییه‌ له‌وه‌ی هه‌ر نه‌به‌سترێت؟
مه‌خمووری: پارچه‌کان له‌ناو خۆیاندا ده‌کرێت له‌یه‌ک نزیک ببنه‌وه‌ به‌ڵام به‌ ناوی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی نا، ئه‌وان لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌ر به‌شێكى كوردستان ده‌توانن کێشه‌ ناوخۆییه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن و له‌ چوارچێوه‌ی به‌ره‌یه‌کدا کۆببنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكه‌ بۆ يه‌كده‌نگى، ئێمه‌ش‌ له‌گه‌ڵ یه‌کهه‌ڵوێستی هه‌موو پارته‌کانین له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان.
سات: پارته‌کانی رۆژهه‌ڵات گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا په‌راوێز خراون، پێت وایه‌ ئه‌مه‌ راسته‌؟
مه‌خمووری: به‌ڵێ برایانی رۆژهه‌ڵات له‌ دوو لاوه‌ سته‌میان لێکرا، یه‌که‌م له‌ کاتی کۆبونه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی کۆنگره‌که‌ پرسیان پێنه‌کرا، دووه‌م له‌ناو کۆمیته‌ی ئاماده‌کاری که‌ سکرتاریه‌تێک پێکهێنرا لایه‌نی رۆژهه‌ڵاتی تێدانه‌بوو، به‌راستی ئه‌مه‌ سته‌مێک بوو که‌ له‌وان کرا.
سات: کێ ئه‌م سته‌مه‌ی کرد؟
مه‌خمووری: سكرتاريه‌ته‌كه‌ ته‌نها یه‌کێتی و پارتی و په‌که‌که بوون‌، ‌ ده‌بوایه ئه‌وان‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌یان دابوایه‌ بێبه‌ش نه‌کرێن، ده‌بوایه‌ باکوور و باشوور به‌و جۆره‌ رۆژهه‌ڵات په‌راوێز نه‌خه‌ن، که‌ به‌راستی لايه‌نه‌كانى رۆژهه‌ڵات زۆرجار له‌ مافی خۆیان بوریوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کۆنگره‌که‌ په‌کی نه‌که‌وێت.
سات: سه‌رۆکایه‌تی کۆنگره‌که‌ هۆکارێکی دیکه‌ نه‌بوو بۆ دواکه‌وتنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی؟
مه‌خمووری: ئێمه‌ هه‌شت کۆمسیۆنمان هه‌بوو، هه‌ریه‌که‌ و راپۆرتی خۆی ئاماده‌ ده‌کرد، له‌نێویاندا کۆمسیۆنی مۆدێلی کۆنگره‌ هه‌بوو که‌ له‌ پێنج که‌س پێکهاتبوو‌ ده‌بوایه‌ رۆژه‌ڤی کۆنگره‌ ئاماده‌بکات و پرۆژه‌یه‌کیش بۆ شێوازی به‌ستنی کۆنگره‌ ئاماده‌بکات.
ئێمه‌ له‌باشووری کوردستان که‌ ئه‌ندام بووین له‌و کۆمسیۆنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابووین که‌ شێوازی به‌ڕێوه‌بردنى کۆنگره‌ سه‌رۆکایه‌تی بێت، براده‌رانی باکوور به‌ تایبه‌ت پارتی کرێکارانی کوردستان په‌که‌که‌ پیشنیاریان کرد شێوازى هاوسه‌رۆک بێت. دواتر بۆچوونی سێیه‌م هاته‌ پێشه‌وه‌ که‌ بۆچوونی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بوو، پێشنیاری ئه‌وه‌یان کرد که‌ به‌ڕێوه‌بردن به‌ شێوازی سکرتاریه‌ت بێت و له‌ پێنج که‌س پێکبێت، هه‌ر که‌سه‌ و له‌ پارچه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ که‌سێکی بێلایه‌ن. دوای گۆرینه‌وه‌ی بیروبۆچوون له‌سه‌ر دیاریکردنی رێژه‌ی ئه‌ندامان نه‌گه‌شتینه‌ ئه‌نجام و له‌لایه‌کی ديكه‌ کێشه‌کانی رۆژئاواش به‌رده‌وام بوون، فشارى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ش هه‌بوو، بۆیه‌ له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کی لێژنه‌ی ئاماده‌کار بڕیاردرا كاره‌كانى به‌ستنى كۆنگره‌‌ هه‌ڵپه‌سێردرێ تا کێشه‌کان یه‌کلایی ده‌کرێنه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی مایه‌ی خۆشحاڵیه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌م دواییه‌دا هه‌ڤاڵانی که‌جه‌که‌ سه‌ردانی ئێمه‌ و پارته‌ سیاسيیه‌کانیان کرد و، له‌ 20-12-2104 له‌ کۆبونه‌وه‌ی فراوانى لایه‌نه‌ سیاسيیه‌کان گوتیان: ئێمه‌ له‌ پێناو سه‌رکه‌وتنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد له‌ هه‌موو مه‌رجه‌کانی خۆما ده‌کشێینه‌وه‌. ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه‌يه‌ که‌وا‌ هه‌ر هه‌شت کۆمسیۆن راپۆرته‌كانيان ئاماده‌يه‌و روانینێکی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌شیان ئاماده‌کردووه‌.
ئێمه‌ له‌ باشووری کوردستان ره‌چاوی خه‌بات و ماندووبونی هه‌موو پارچه‌‌کانمان کردووه‌ له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان به‌بێ ده‌ستخستنه‌ ناو کاره‌کانیان.

سات: بۆچی به‌ روونی دان نانێن به‌ هۆکاری سه‌رنه‌که‌وتنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد؟
مه‌خمووری: من نالێم سه‌رکه‌وتوو نه‌بووین چونکه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌وڵداین بۆ به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد، هه‌رکاتێک نه‌مانتوانی بیبه‌ستین ئه‌و کات وه‌ڵامێکی ترمان ده‌بێت و،‌ له‌ دواین کۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسيیه‌کانی کوردستان له‌ 20 / 12 / 2014 که‌ شه‌ست و یه‌ک پارتی سیاسی له‌سه‌ر ئاستی مه‌کته‌بى سیاسی لايه‌نه‌کان تێیدا به‌شداربوون، له‌وێ جارێکی ديكه‌ داوا له‌ به‌ڕێز سه‌رۆکی کوردستان کراوه‌ که‌ داوا بکات لێژنه‌ى ئاماده‌كار ده‌ستبه‌كار بێته‌وه ئاماده‌كارى ته‌واو بكات‌ بۆ به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد‌.

 

گۆڤارى ( سات )، ژماره‌: 34 ، رۆژى يه‌كشه‌ممه‌ 11 / 1 / 2015

 

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌