رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

هەڤپەیڤین – كازرانی مامەندپیران

   مەریوانی كەریم ئاغا فەرماندەی فەرماندەیی هەولێری هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەدیدارێكی لەگەڵ میدیا دا، تیشك دەخاتە سەر رەوشی پێشمەرگە و هێرشەكانی ئەم دواییەی داعش بۆ دەڤەری مەخموور و تێكشكاندنیان، لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە، بەهاوكاری فڕۆكەی هاوپەیمانان و رایدەگەیەنێت پێشمەرگە توانی داعش تێكبشكێنێت.

میدیا: كەی و چۆن فەرماندەی هەولێر گوازرایەوە مەخموور؟
مەریوانی كەریم ئاغا: ئەو پرسیارە لەبری برادەرانی پێش خۆم وەڵام دەدەمەوە، لەبەرئەوەی من 54 رۆژە هاتوومەتە ئێرە، ئەو كاتەی مالیكی هەڕەشەی دەكرد و دەیویست زیاتر بێتە پێشەوە فەرماندەی هەولێر هاتە سنوورەكە، لەبەرئەوەی نییەتیان باش نەبوو، پێشمەرگەش بەئەركی خۆی زانی و بۆ پاراستنی دەڤەرەكە هاتن و لێرە جێگیر بوون، بەڵام لەگەڵ هاتنی داعش رەوشەكە وایخواست، سەركردایەتی فەرماندەی هەولێریش بێنە پێشەوە، ئەوە بوو سەركردایەتی فەرماندەی هەولێر گوازرایەوە مەخموور و ئێستاش بارەگای فەرمیمان لەمەخموورە و هێزەكانمان لەگوندی گڕاو تا دەگاتە مەخموور بڵاو بوونەتەوە.
میدیا: ئەو شوێنانەی بەفەرماندەكەی ئێوە سپێردراوە بۆ پاراستنیان كۆنترۆڵكردنیان لەهەر مەترسییەك كەرووبەڕوویان دەبێتەوە؟
مەریوانی كەریم ئاغا: مەخموور، قەراج، گوندەكانی دەورووبەری تا دەگاتە گوندی گڕاو كە نزیك زێی دجلەیە.
میدیا: هێزەكانی ئێوە تەنها لەمیحوەری مەخموورە؟ یان لە میحوەری گوێڕیش هێزتان هەیە؟
مەریوانی كەریم ئاغا: نا لەمیحوەری گوێڕ هێزی دیكەی لێیە، برادەرانی فەرماندەی كاوە و بەشێك لەفەرماندەی كەركوك سلێمانی لەوێن.
میدیا: هێزەكانتان چۆن چۆنی دابەشكراون لەمیحوەرەكە؟
مەریوانی كەریم ئاغا: ئێمە لیواو فەوجمان هەیە، ئەو لیوایانە یەكەكانی خۆیان دابەشكردووە، بەپێی ئەو ئەركەی پێمان سپاردوون، كە لەگەڵ پێویستی دەڤەرەكە دەگونجێت، هێزمان دابەش كردووە، بەشێك لەهێزەكانیشمان وەك یەدەگ لەبەردەستە بۆ كاتی پێویست، بێگومان چەكی قورسیشمان هەیە بۆكاتی پێویست.
میدیا: ئەی هێزی پشتیوانی بەچەكی قورسەوە لێرە هەیە، بەتایبەت تێبینیمان كردووە لەماوەی پێشتر بەهۆی نەبوونی چەكی قورس كێشە دروستبوو؟
مەریوانی كەریم ئاغا: بەڵێ لێرە لەبارەگای فەرماندەییمان و لەبارەگای میحوەر هێزێكی پشتیوانی باش هەیە، كە تەواوكەری ئێمەن، ئەو هێزە یەدەگەی لەفەرماندە هەیە، لەگەڵ ئەو هێزەی میحوەر پارێزەری لەدەڤەرەكە دەكەین.
میدیا: ناوچەكە تا چەند پارێزراوە لەدەست پەلاماری داعش، بەو واتایەی هێزەكانتان دەڤەرەكەیان پاراستووە؟
مەریوانی كەریم ئاغا: حەز دەكەم ئەو پرسیارە لەخەڵكی مەخموور بكەن، بێگومان هاوڵاتیان دەتوانن باشتر وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، وەك دەیبینن ئێستا لە مەخموور ئاسایش بەرقەرارە و ناوچەكە ئارامە، خەڵك لەدڵەراوكێ دەرچووە، ئەمەش رەنگدانەوەی هێزی پێشمەرگەیە لەسەر جەماوەر، كە چۆن هێزی پێشمەرگە توانی دوژمن لێرە دەرپەڕێنێت و دووری بخاتەوە، لەهەمانكاتدا جەماوەر باوەڕی بەتوانا و ئیرادە و هێزی پێشمەرگە هەیە، ئەمەش بووەتە یەكێكی تر لەسەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە، كە پێشمەرگە و جەماوەر باوەڕیان بەیەكتر هەیەو تەواوكەری یەكترن.
میدیا: ورەی هێزی پێشمەرگە لە دوای ئەو سەركەوتنانەی لە ناوچەكە بەدەستهێنا چۆنە لە ئێستادا؟
مەریوانی كەریم ئاغا: بێگومان پێشمەرگە دیارە، بەو حەماسەت و ئیرادە بەهێزەوە سەنگەرەكانی پێشەوەی گرتووە، بەو ئیمكانییەتە كەمەی لەبەردەستی دایە، رۆژێك پێشمەرگەیەك نەبووە لە دەزگایەكی راگەیاندن گلەیی هەبووبێت، بەهەموو كەموكوڕییەكانی خۆیەوە ئەو رەوشەی قبوڵە و پارێزەری كوردستانە و سەنگەرەكانی تۆكمە كردووە و بەرگری دەكات، گلەیی و گازاندەشی نییە.
میدیا: چی وای لەپێشمەرگە كردووە لەم رەوشە خراپەی تێیدایە لەرووی دواكەوتنی مووچەكانیان، گلەیی نەبێت؟
مەریوانی كەریم ئاغا: دوژمنانمان ئەوەندە زوڵمیان لەئێمە كردووە، هێندە دەربەدەری و ماڵوێرانی دیوە، پێشمەرگە خۆی بەخاوەنی ئەو خەڵكە دەزانێت دەڵێت تاكەی چەوساوە و ژێر دەستەی دوژمن بین، ئەمانە هۆكارن بەرگری لەخاكی كوردستان بكەن، پێشمەرگایەتی ئارەزوومەندانەیە، بەحەزی خۆی هاتووە بووەتە پێشمەرگە، ئەگەر حەز نەبێت كەس هەیە مانگانە بە 500هەزار دینار بێت سەنگەرەكان بگرێت و شەونخونی بكات و تەحەمولی شەڕو گەرماو سەرماو برسیەتی بگرێت، پێشمەرگەمان هەیە لەدهۆك و سلێمانییەوە هاتوون، پێشمەرگە وا لێرەوە چووەتە كۆبانێ بۆ بەرگری لەخاكی كوردستان.
میدیا: واتا پێشمەرگایەتی پیشە نییە، ئارەزوویەكە مومارەسەی دەكرێت؟
مەریوانی كەریم ئاغا: ئارەزوویەك نییە، بەڵكو ئەركێكە جێبەجێی دەكات، بە ئەركی خۆی دەزانێت پارێزەری خاكی كوردستان بێت، خەڵك هەیە بەخۆبەخش هاتووە، هەرچەندە پێشمەرگەش خۆبەخشن، 500 هەزار بۆ پێشمەرگە واتا خۆبەخش.
میدیا: مووچەی پێشمەرگە كەم نییە، پێت وانییە دەبێت ئەو مووچەیە زیاد بكرێت؟
مەریوانی كەریم ئاغا: ئەگەر تەماشای رەوشی ئابووری كوردستان بكەیت دەبینی، پێشمەرگە لێرەش قوربانی بەخۆی داوە، هەرگیز باسی ئەوە ناكات كە مووچەكەی كەمە، رەنگە دوێنێ داوایكردبێت كە مووچەی كەمە، بەڵام ئەمڕۆ لەم رەوشەدا باسی مووچەی خۆی ناكات،
میدیا: لەبەرامبەردا حكومەتیش دەبێت رەچاوی ئەوە بكات دوای قەیرانی دارایی چاوێك بەمووچەی پێشمەرگە بخشێنێتەوە؟
مەریوانی كەریم ئاغا: بێگومان، حكومەتیش كەموكوڕی ئەو میللەتەیە، باوەڕ ناكەم ئەگەر حكومەت ئیمكانییەتی هەبێت مووچەی پێشمەرگە زیاد نەكات، بەڵام لەم قۆناغەدا پێشمەرگە داوای زیادكردنی مووچە ناكات، لەوانەیە حكومەت لەبەر چاویشی بێت و یەكێك بێت لەخەمەكانی حكومەت.
میدیا: بۆچی سەرەتا لەم دەڤەرە لەگەڵ هێرش هێنانی داعش تووشی شكست بوون؟
مەریوانی كەریم ئاغا: شكستەكە دەتوانم بڵێم كاتی بوو، خۆ ئامادەكردن نەبوو بۆ شەڕ، لەبەرنامەی ئێمەدا نەبوو لەگەڵ داعش شەڕ بكەین، ئێمە لەو باوەڕە نەبووین دوژمنێكی تیرۆریستی خۆكوژ بێتە سنووری كوردستان و مەودای 1050 كیلۆمەتر شەڕت لەگەڵدا بكات، كە هات راستە داعش چەند شوێنێكی گرت، بەڵام پێشمەرگە كە خۆی رێكخستەوە، پەلاماری داعشی داو تێكی شكاند، ئێستا تەنها شنگال و چەند گوندێك ماوە رزگار بكرێت.
میدیا: پێت وایە پێشمەرگە ئەو ناوچانە تەسلیم بەسوپای عێراق بكاتەوە، ئەگەر لەلایەن حكومەتی عێراقی بەفەرمی داوابكرێ؟
مەریوانی كەریم ئاغا: ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ نییەت پاكی عێراق، ئایا عێراق دەیەوێت دان بەمافەكانی كورد بنێت، ئەو پرسیارە بە بەڵێ یان نەخێر وەڵام نادرێتەوە، ئەو پرسیارە دەبێت لەدەسەڵاتدارانی بەغداد بكرێت تاچەندە نیاز پاكن لەگەڵ كورد، بەڵام كاتێك ئەوان بودجە و مووچەی كوردستان ببڕن، ئایا كورد جارێكی تر بڕوایان پێ دەكاتەوە؟ بڕوا ناكەم.
میدیا: رۆڵی فڕۆكەی هاوپەیمانان لەتێكشكاندنی داعش لەم دەڤەرە چی بووە؟
مەریوانی كەریم ئاغا: ئەوان رۆڵی ئیجابیان هەبووە، لە تێكشكاندنی داعش لەپاڵ هێزی پێشمەرگە، بەڵام ئەوەندە بەس نییە و چاوەڕێی شتی زیاتر دەكەین، پێویستە چەكی زیاترمان پێبدەن، گەر هیچ نەبێت هاوشێوەی ئەو چەكانەی سوپای عێراق و سوریا بێت كە كەوتووەتە دەست داعش،چەكەكانی ئێمە كۆنن و ئێستا لەمۆزەخانەكان كەوتوون، تاك تاكە چەكی نوێمان لەبەردەستە كە لەداعشمان گرتووە، هەرچەندە ئەوانیش چەكی دوێنێن و چەكی ئەمڕۆ نین.
میدیا: ئەی ئەو چەكانەی هاتوون نەگەیشتووەتە دەست هێزی پێشمەرگە؟
مەریوانی كەریم ئاغا: ئەو چەكانەی بۆ كوردستان هاتوون كەمن دەیدەیتە چەند كەسێك، هەندێك بۆ كۆبانێ رەوانە كراوە و بەشێكیش بۆ شوێنە هەستیارە پێویستەكان رەوانە كراون، خۆی ئازووقە هاتووە نەك چەك، هەندێك چەك هاتووە هی شەڕی جیهانی دووەمە و نازانی ئازووقەكەی چییە.
میدیا: رۆڵی فرۆكە عێراقییەكان چییه‌؟ كەچەند جارێك پێشمەرگەیان بۆردومان كردووە، گوایە بەهەڵە بووە؟
مەریوانی كەریم ئاغا: خۆی دوو لێكدانەوە هەیە، یەكەم نەزانن لەبۆردومان كردن و ئامانج گرتن، عێراق ئەو كەسە زیرەك و لێهاتوو ئەكادیمییەی نییە، لێكدانەوەی دوومیش، لەوانەیە نییەتێكیان هەبێت كاتێك پێشمەرگە بۆردومان دەكەن.
میدیا: پێت باشە ناوچە رزگار كراوەكان لەپاڵ سەنگەر خەندەقی بۆ هەڵكەنرێت؟
مەریوانی كەریم ئاغا: لەهەر شوێنێك سەنگەرت هەبێت، پێم باشە هەر شوێنێك رزگار دەكرێت خەندەقی بۆ لێبدرێت لەسەرتاسەری كوردستان، لەبەرئەوەی خەندەق دەبێتە رێگر لەهاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبێلی مینرێژكراو، كە دوژمنان دەینێرن بۆ شوێنە قەرەباڵغەكان، ئەوانە چاویان بەئاوەدانی و ئارامی كوردستان هەڵنایەت، بۆیە لەهەر شوێنێك بكرێت پەشێوی دەنێنەوە و كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.
میدیا: چ هێزێكی دیكە لەسنوورەكە بوونی هەیە؟
مەریوانی كەریم ئاغا: لێرە جگە لەفەرماندەكەی ئێمە لیوای هاوبەش هەیە، كە سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەیە، لەهەمانكاتدا هێزێكی بارزان لێرەن، كە بەشێكیان لەسوپای بارزانن و بەشەكەی تریش خۆبەخشن، كە رۆڵی ئیجابیان هەیە، لەهەمانكاتدا تۆپخانە لەمیحوەر هەیە، لەگەڵ سەربازە كوردەكانی سوپای عێراقی لێرە ماون، لەكاتی پێویست هەموو ئامادەین و تەواو كەری یەكترین بۆ پاراستنی دەڤەرەكە لەدوژمن، لەكاتی هێرشكردن هەموومان هاوكاری یەكتر دەبین.
میدیا: بەگشتی چەند گوندی كوردی ماوە ئازاد بكرێت؟
مەریوانی كەریم ئاغا: پێنج شەش گوندی كوردی ماوە ئازاد بكرێت.
میدیا: داعش لەچەكی قورسی ئامێری سەربازی لەهێزی پێشمەرگە پێشەكەوتووترە؟
مەریوانی كەریم ئاغا: بەڵێ ئەو چەكەی لەعێراق و سوریا لەسوپا جێماوە لەبەر دەستی ئەواندایە، جگە لەوە نازانم لەوڵاتانی چەكیان بۆ دێت یان نا، بەڵام هەندێك چەكی پێشكەوتوویان پێیە ئێمە نەمانبینیوە، چەكەكان هی سوپای عێراق و سوریا نەبووە، هێزێك هەیە لەپشتیان ئەو چەكانەی لێ وەردەگرن و كێ هاوكارییان دەكات، جۆرە دووربینێكی شەویان پێیە زۆر پێشكەوتووە، ئەو دووربینە پێشتر سوپای عێراقی نەیبووە.
میدیا: داعش بەرنامەی ئێستایان لەسنووری مەخموور چییە؟
مەریوانی كەریم ئاغا: بێگومان مەعنەویاتیان دابەزیوە، هەر چەندە داعش ئۆتۆمبێلە گوللە نەبڕەكانی ماوە، بەڵام مەعنەویاتی پێشمەرگە گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە، سەرەتا پێشمەرگە خۆی ئامادە نەكردبوو بۆ شەڕ و شكستی خوارد، بەڵام كە شارەزای شەڕی داعش بوو، هاوكێشەی شەڕ گۆڕدرا، داعش ئێستا لەترسی فڕۆكەی هاوپەیمانان ئوتومبێل و چەكە قورسەكانیان شاردووەتەوە.
میدیا: داعش لەسنووری مەخموور بەرە و كەم بوونەوە یان زیادبوون چووە؟
مەریوانی كەریم ئاغا: داعش روو لەشكستە، ئێستا تووشی دڵەراوكێ بووینە، لەبەرئەوەی میللەت لەگەڵیان نەماوە، بەپێی زانیارییەكان ئێستا زۆربەیان ماڵەكانیان دەگوازنەوە شوێنەكانی دیكە، چاوەڕێی ئەوە دەكەن لێبوردنێكی گشتیان بۆ دەربچێت و بگەڕێنەوە.
میدیا: چی بكرێت تا خۆبەخشەكان رێك بخرێن لەشێوەی هێزی فەرمی؟
مەریوانی كەریم ئاغا: پێویستە خۆبەخشەكان رێك بخرێن بەپێی پلان، ئینجا رەوانەی سەنگەرەكان بكرێن، خۆبەخش دەكرێت لەدواوە بێت نەك لەسەنگەرەكانی پێشەوە.
میدیا: هاتنی داعش بۆ سنوورەكانی كوردستان، تاچەند كاریگەری لەجیهانی دەرەوەدا كرد بۆ ئەوەی هاوكاری پێشمەرگە بكەن ؟
مەریوانی كەریم ئاغا: بێگومان هاتنی داعش و رووبەڕوو بوونەوەی پێشمەرگە لەگەڵ داعش، لەجیهانی دەرەوەدا بۆ كورد سەدایەكی باشی هەبوو، لەبەرئەوەی ئێستا ئێمە شەڕی دژ بەتیرۆر دەكەین، تیرۆر دژی گشت ئاین و ئاینزاو بەها مرۆییەكانە، ئێستا پێشمەرگە پاڵەوانە و لەسەنگەرەكانی پێشەوەیە دژ بەتیرۆر و شەڕ لە دژی تیرۆر دەكات.
میدیا: ئەو شەڕە توانی ناوبانگێكی دیكە ببەخشێتە پێشمەرگە لەهێزێكی ناوخۆیی بۆ هێزێكی جیهانی؟
مەریوانی كەریم ئاغا: ئێمە شەڕ لەجیاتی هەموو دونیا دەكەین و نوێنەرانی وڵاتانین، ئەركی ئەوانیشە پێشمەرگە بەنوێنەر و پارێزەری مرۆڤایەتی و كوردستان و ناوچەكە بزانێت، وەك پاڵەوان سەیری بكەن، لەبەرئەوەی ئەو ئەزموونەی لە كوردستان هەیە، لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوین تاقانەیە، هاتنی ئەمریكا بۆ عێراق، بەرهەمەكەی ئەو دیموكراتییەتەیە لەم سێ پارێزگایە هەیە، بۆیە دەوروپشت چاویان بەمە هەڵنایە و داعش و هاوپەیمانەكانی دەیانەوێت كۆسپی بۆ دروست بكەن.
میدیا: چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ بڕیارێكی ژیرانەی سەركردایەتی و پاڵپشتی كوردە بۆ یەكتری لەهەموو بەشەكانی كوردستان؟
مەریوانی كەریم ئاغا: چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ لەلایەنە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكەوەیە، ئەركێكی مێژووییە، بەڵام ئەگەر كۆبانێش نەبێت و لەهەر شوێنێك مەترسی هەڕەشەی تیرۆری لەسەر مرۆڤ و مرۆڤایەتی بێت پێشمەرگە دەچێت، پێشمەرگە پارێزەری مرۆڤایەتی و مافی مرۆڤ و دیموكراتییە، وەك چۆن ئەركی وڵاتانی دەرەوەیە بێن و لەگەڵ ئێمە شەڕی دژ بەداعش بكەن، كە ئێمە گلەییان لێ دەكەین، لەهەمانكاتدا ئەوان هاوكارییە سەربازییەكەشمان ناكەن و عێراقیش سەرەڕای هاوكاری نەكردنی، قەیرانی خستووەتە سەرمان و لەپاڵ داعش شەڕی دەروونی و شەڕی ئابووریمان لەگەڵ دەكات، لەكاتێكدا ئێمە رووبەڕووی داعش و عێراق دەبینەوە.
میدیا: سنوورە دەستكردەكانی كوردستانی پێ لەتكراوە بەم هەنگاوە نەتەوەییانە لەناو مێشكی تاكی كورد سڕاوەتەوە؟
مەریوانی كەریم ئاغا: ئەو سنوورانە دوژمنان دروستیان كردووە، لەوەتەی هەم هەستم بەو سنوورانە نەكردووە، بەڵام واقیعێك هەیەو كوردستان دابەشی سەر چوار وڵات كراوە، بەڵام ئێمە وەكو كورد و وەكو پێشمەرگە ئەو واقیعەمان رەتكردووەتەوە و بە ئەركی خۆمان هەڵساوین و هەر شوێنێكی كوردستان پێویستی بە هێزی پێشمەرگە بووبێت چووینە، هەر لەكۆماری مهابادەوە بگرە تا كۆبانێ.
میدیا: قەیرانی دارایی كوردستان كاریگەری لەسەر ئێوەش هەیە،كێشەی بۆتان دروست نەكردووە؟
مەریوانی كەریم ئاغا: بێگومان كێشەی زۆری بۆ دروست كردووین، ئەو قەیرانەی عێراق لەسەری داناوین چی جیاوازییەكی نییە لەگەڵ ئەو شەڕەی داعش دژ بە ئێمە دەیكات، داعش شەڕی جەستەیی دەكات و عێراقیش شەڕی دەروونی، ئێمە شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی دەكەین، كە چەكی دوو دەوڵەتی لەژێر دەستدایە و ئابوورییەكی بەهێزی هەیە، ئێمەش كە شەڕی ئەوان دەكەین پێویستمان بە داراییەكی زۆر هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوە بەئیمكانییەتێكی كەمەوە دژی داعش وەستاوین و بەرگری دەكەین.
میدیا: لەلایەن كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانەوە چۆن هاوكاری كراون؟
مەریوانی كەریم ئاغا: سوپاسی خەڵكی خۆمان دەكەین، ئەوەی بەقسەیەك پێی كرابێ كردوویەتی و ئەوەی بەماددی توانیویەتی هاوكاری كردووین، ئەوەی توانای چەك هەڵگرتنی هەبووە هاتووە و بووەتە خۆبەخش، میللەت پاڵپشتمان بووە بۆیە توانیومانە سەركەوتوو بین و لەسەنگەرەكان خۆڕاگر بین بەرامبەر بەدوژمن.

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌