هەڤپەیڤین - میدیا

عه‌لی كه‌ریم سەرۆكی ئەنیستتیوتی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ، لەم دیمانەیەدا تیشك دەخاتە سەر رەوشی مرۆیی لەكوردستان و ئەو رووداوانەی ئەم دواییە، لەهەمانكاتدا باس لەوە دەكات كە كورد خۆی رێگەی خۆش كرد و سەرۆكی بۆ عێراق دانا و پرۆسەی سیاسی دارزاوی عێراقی بەنیوەچڵی بیناكردەوە.

میدیا: وەك سەرۆكی ئەستتیوتی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ، رەوشی مافی مرۆڤ لە كوردستان لە پێشەوەچوون و دەستەبەركردنی مافەكان چۆن دەبینی؟
عەلی كەریم: دۆخی كوردستان لەدۆخێكی ناسروشتی دایە بەوەی لە سنورێكی بەرفراوانی كوردستان جەنگە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و باهۆزی دژە مرۆڤانە و تیرۆریزمی داعش، وە لەلایەكی ترەوە یەك ملیۆن و نیو ئاوارە لە كوردستانە، و هەروەك كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر گەورە و قوڵن و هەموو كێشەكانیش بەدوای خۆیاندا چەندین قەیرانی دارایی و سیاسی و كۆمەڵایەتییان بۆ كۆمەڵگەی كوردستان دروست كردووە . لەم رەوشەدا بەدڵنیاییەوە هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی مافەكانی مرۆڤیش دەبێ رەچاو تایبەتمەندی ئه‌و قۆناغە بكات كە ئەگەری پێشێلكاری زۆر زیاترە. بەگشتی رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان لەروویەكەوە پۆزەتیڤە و هەوڵی جۆراوجۆر هەیە بۆ رێزگرتنی مافەكان لەگەڵ هەموو قەیرانەكان لەبەرامبەریشدا پێشێلكاری بەفراوان بەرامبەر مافەكان بەردەوامە. بەتایبەت بەرامبەر مافەكانی ژنان، رۆژنامەنووسان، منداڵان، ئاوارە و پەنابەران، كرێكاران.
میدیا: چیتان كردووە بۆ گەڕانەوەی ئەوانەی مافیان خوراوە ؟
عەلی كەریم: ئێمە بەستراتیژیەتێكی چەند سەرە كارمان كردووە و كاردەكەین، گەشەپێدانی رۆشنبیری مافەكانی مرۆڤ، تا هەم تاكی كوردستان بزانێت مافەكانی چین و هەم برواشی پێیان هەبێت و هەم لە رەفتار و جوڵە و هەڵوێستەكانیدا رەنگ بداتەوە، هێنانەكایەی بونیادێكی یاسایی بەپێی ستانداردە جیهانییەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ پێگەیاندنی كادیری زانستی لەو بوارە، گوێزانەوەی ئەزمونە سەركەوتووەكانی جیهان لەبواری مافەكانی مرۆڤ لەهەموو ئاست و كایەكاندا، چارەسەری كێشەكان بەدایەلۆگ و هێمانە، بۆ بەدیهێنانی ئەم میكانیزمانەش كارمان بە میكانیزمی جۆراوجۆر كردووە هەر لە كاراكردنی دامەزراوە نیشتمانییەكان و كەرتی یەكەم و دووەم و سێهەم بۆ پاراستن و گەشەپێدانی مافەكانی مرۆڤ، هەروەها هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەمافەكانی مرۆڤ ...میدیا ...دامەزراوە مەدەنییەكان ...دامەزراوەدەوڵەتییەكان ...هتد . وە بەبەردەوامی وەك تیمێكی خۆبەخش لەو بوارەدا خزمەت دەكەین .
میدیا: بەشداری كردنی گەنجان و ئافرەتان لە دەزگا دەستوورییەكانی وەك پەرلەمان و حكومەتی كوردستان لە چ ئاستێكدایە لێی رازین، ئایا مافی ئەو چینانە لەم بارەیەوە پێشێلكراوە یان نا؟
عەلی كەریم: بەبڕوای ئێمە بەشداری گەنجان و ئافرەتان لەحكومەت چ وەك قەبارە و ژمارە چ وەك ماددەو پرۆژە، پەراوێزخراو و لاوازن . بەڵام لەپەرلەمان ئاستێكی زۆر باشە وەك قەبارە بەڵام وەك بابەت و پرۆژەكانی گەنجان و ئافرەتان شتێكی لاوەكی و لاوازە بەتایبەت لەم خولەدا وەك چۆن پەرلەمان لەهەموو بوارەكان رۆڵی دیار نییە، لەپرسەكانی گەنجان و ژنانیشدا رۆڵی نییە و تائێستا هیچ پرۆژەیەكی جدیشی بۆ ئەو دوو توێژە پێنەبووە .
میدیا: هۆكاری رواڵەتی بوونی بەشداری ئافرەتان لە ناوەندەكانی بڕیاردا زیاتر بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
عەلی كەریم: هۆكارەكان جۆراوجۆرە بەڵام سەرەكیترینیان كلتووری ناتەندروست و پشتیوانی نەكردنی ئافرەت لەكۆمەڵگە هەرچەند لێهاتووش بێت، هەروەها نەبوونی باوەڕی راستەقینە و ستراتیژیەتی كارا و روون لەلای پارتە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا و زانكۆكان بۆ پێگەیاندنی ئافرەتانی سەركردە و پشتیوانی كردنیان و بەهێزكردنیان.
میدیا: تا چەند توندوتیژی ناو خێزان لەسەر توندوتیژی لە كۆمەڵگە كاردانەوەی هەبووەو لەئاكام پێشێلكردنی مافی تاكەكانی لێكەوتۆتەوە ؟
عەلی كەریم: هەمیشە توندوتیژی خێزان، كۆمەڵگە دەخاتە قەیرانێكەوە كە لەئاست گەشە و بیركردنەوە و خۆبیناكردنەوە دایدەبەزێنێتە ئاست بەرگری و گرفتاربوون بەكاردانەوە و چارەكردنی كێشەكانەوە، لێرەشەوە توندوتیژییە خێزانییەكان هەمیشە سەرچاوەی پێشێلكاری بەردەوام و بەرفراوانن بەئاشكرا و بەشاراوەیی .
میدیا: ئەو یاسایانەی لەپەرلەمان دەرچوون، تاچەند كاریگەرییان لە كەمكردنەوەی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە كوردستان هەبووە؟
عەلی كەریم: یاساكان كاریگەرییان هەبووە، بەڵام لەئاستێكی زۆر كەم، چونكە لەگەڵ یاساكە كۆمەڵگەكە نەجوڵاوە بۆ پیادەكردنی رۆحی یاساكە و بەدیهێنانی ئامانجەكانی یاساكان.
میدیا چ میكانیزمێك چەمكی یەكسانی ئافرەتان و پیاوان دەچەسپێنێ، لەو بوارەدا دەبێت چ بكرێت؟
عەلی كەریم: چەند میكیانیزمێك لەوانە: پەروەردە،یاسا، بەشداری لەپرۆسەی بریاردەركردن و حوكمڕانی، هۆشیاری كۆمەڵگا، بیناكردنی حوكمرانی مۆدێرن و دەوڵەتی هاوڵاتیبون، گۆڕینی فەلەسەفەی حیزبایەتی، كارابوونی میدیا و زانكۆ و كۆمەڵگای مەدەنی و ناوەندە فكری و زانستییەكان ....هەموو ئەمانە بەیەكەوە و لەسەر بنەمای مرۆڤسالاری و یەكسانی دەبێت.
میدیا رۆڵی رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافەكانی مرۆڤ چۆن دەبینن بەرێكخراوەكەی خۆتانەوە؟
عەلی كەریم: رێكخراوەكانیش وەك پەرلەمان و حكومەت وحیزبەكانن، بەشێك لەرێكخراوەكان كاران و كاردەكەن بەڵام كاریگەریان لاوازە و بابەتەكە لەتوانای كۆمەڵگای مەدەنی زیاترە و پێویستی بەهاوكاری و گەلەكۆمەكی هەموولایەنەكانی كۆمەڵگا هەیە .
میدیا: تاچەند حكومەت توانیویەتی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ كەم بكاتەوە یان خۆی هۆكار بووە بۆ پێشێلكردن لەگەڵ كامیانی؟
عەلی كەریم: حكومەت هەر بەسروشتی خۆی وەك دەسەڵاتی سیاسی خۆی سەرچاوەیەكە لەپێشێلكاری، هەر وەك بەرپرسە لەهەموو پێشێلكاریەكان ...رۆڵی حكومەت بەرگرتن لەپێشێلكاری و یان سنورداركردن و سزادانی ئەنجامدەران وەك پێویست نییە .
میدیا: دەگوترێ كۆڕ و سمینار و كۆنگرەكانیش نەیانتوانیوە بەشێك لە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ كەمبكەنەوە، چ خوێندنەوەیەكت بۆ ئەو رایە هەیە؟
عەلی كەریم: راستە بەڵام كۆڕ و كۆنگرەكان زۆرتر بۆ مەبەستی دایەلۆگ و ئامادەكاری زانستی و رۆشنبیرین نەك ناوەندی بڕیار بن ...لەوبوارەدا .
میدیا: ئۆپۆسیۆن لە ئێستادا بوونی هەیە لە كوردستان؟ بە ئاراستەیەكی تەندروستدا دەڕۆن یان بوونی نییە ؟؟
عەلی كەریم: ئۆپۆزسیۆن بوونی نییە و ئەمەش بەسروشتی نێگەتیڤە بۆمافەكانی مرۆڤ لەكوردستان .
میدیا: ئەو سیاسیەتەی ئەمڕۆ حكومەتی عێراقی پەیڕەوی دەكات، زەرەر بەكورد دەگەیەنێ و پێشێلكردنی مافی مرۆڤی تێدایە چ بكرێ تا ئەم پێشێلكردنانە نەمێنی؟
عەلی كەریم: دایەلۆگ و دانوستان بۆ چارەسەری كێشەكان، گەر نەبوو پەنابردنە بەر شێوازی سیاسیانەی تر بەسەرپەرشتی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، گەر نەبوو جیابوونەوە بەپلان و پلە بەپلە دوای ئامادەكردنی بنیادی سەربازی و دبلۆماسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە كوردستان و دەرەوە .
میدیا: بیری عێراقچییەتی لەناو رۆح و مێشكی گەنجان بە بەرنامە دەچەسپێندرێ، ئەوە تا چەند كاریگەری لەسەر دوورخستنەوەی گەنجان دەبێت لە ئینتما بۆ كوردستان؟
عەلی كەریم: بڕوام بەوە نییە، لەسەدا یەكی گەنجانی كوردستان ئینتمایان بۆ عێراق هەبێ .. هەرچەند توڕەش بن لەهەندێ مامەلە لە كوردستان و حیزبایەتی تەسك، بەڵام ئینتمای نەتەوەیی و نیشتمانیان زۆر بەهێز و ئومێد بەخشە و و ئەم ئینتمایەش لەهەڵویست و پەرۆشی و جۆشیان بۆ رووداو و پرس و بابەتەكانی گەلی كوردستان لەهەر پارچەیەك بێت بەئاشكرا دەبینرێ.
میدیا: كورد لە باشووری كوردستان باشی كرد بەشداری حكومەتی عەبادی كرد یان هەڵەی كرد، كاریگەری باشی و خراپی ئەم بەشداریكردنە كەی بەدیار دەكەوێ؟
عەلی كەریم: كورد خۆی رێگەی خۆش كرد و سەرۆكی بۆ عێراق دانا و پرۆسەی سیاسی دارزاوی عێراقی بەنیوەچڵی بیناكردەوە، بەمەش لەكۆتایی كە دەرفەتی مناوەری كورد زۆر كەم بۆوە واباش بوو كورد بەشداری بكات ...بەڵام هیوادارم ئەو بەشداریە بكاتە میكانیزمێ بۆ بەكارهێنانی دەوڵەتی عێراق بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی ئەگەر بۆیەك جاریش بێت هەروەك هەموو ئەوانەی تر وادەكەن .
میدیا: خوێندنەوەت بۆ سیاسەتوانانی كورد لەهەموو پارچەكانی كوردستان چۆنە ئایا دپلۆماسیەتی كورد تاچەند كاریگەرە لەسەر ئاستی دەرەكی و نێودەوڵەتی بۆ بەرەو پێشەوە بردنی دۆزی كورد؟
عەلی كەریم: كورد گەورەیە وەك پرس و وەك گەل و ژمارە و جوگرافیا و جیۆپۆلەتیك و سامان و مێژوو، كورد ((سیاسەتمەدار))ی كەمە یان دەگمەنە بەڵام ((سیاسەتكار))ی زۆرە، كورد لەقوڵایی مێژووەوە تا ئێستا كێشەی سەركردایەتی نەتەوەیی و مەرجەعی هەیە و ((سەركردە))ی گۆرانهێنی ((دەگمەنە )) ! لە رووی دبلۆماسیەتەوە كورد هێشتا زۆر لاوازە و حیزبایەتی زۆرجار بنەماڵەیی زۆرجار نادەزگایی بە هەنگاوە دبلۆماسیەكانەوە دیارن .
میدیا:پۆست و پارە و ئەدای خراپی بەرپرسانی كورد لە بەغدا هیچ دەستكەوتێكی نەتەوەیی نەبووە، لە گەڕانەوەی بستە خاكێك ئێستاش ئەم هەڵەیە دووبارە دەكرێتەوە لە حكومەتی حەیدەر عەبادی چ خوێندنەوەیەكت هەیە؟
عەلی كەریم: هیوادارم ئەو هەڵە ئایندە كوژە دوبارە نەكرێتەوە بەڵكو بەشداربونەوەی ئەمجارە نەتەوەیی و سیاسی بێت و نوێنەرانی گەلی كوردستان لەبەغدا بەهەموو تایتڵەكانیانەوە هەست بكەن بەرپرسن لەبەردەم گەلی كوردستان و خوا و مێژوو .
میدیا: ئاسایشی كورد پارێزراو نییە لەكاتی ئێستا، سەركردایەتی كورد چی بكات بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییمان؟
عەلی كەریم: كاركردن بەپێی ستراتیژیەتێكی كارامە و زانستی تۆكمە كە توخمەكانی پێكهاتبن لە: پاراستنی یەكریزی گەل، گوێگرتن لەدەنگە رۆشنبیر و جۆریەكانی كۆمەڵگە، كرانەوە بەڕووی سەرجەم تواناكان و كەسە لێهاتوەكانی كۆمەڵگە و سوود لێ بینیان بۆخزمەتی كۆمەڵگە لە حوكمرانێتی دوور لە حیزبایەتی، بەشداری پێكردنی هەموو حیزبەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی و زانكۆكان و رۆشنبیران لەبیركردنەوە و لەئیدارەی كوردستان بەشێوەی گونجاو، پەرەدان بەدبلۆماسییەت لەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆر، فۆكەس كردنە سەر ئەمریكا و ناوەندەكانی بڕیار لەرێگەی جۆراوجۆرەوە، كاركردن لەسەر بنیادنانی بنیادێكی بەهێزی ئابووری كۆمەڵایەتی سەربازی و ئەمنی، كاركردن لەسەر شەفافیەت و لێپرسینەوە و دادپەروەری و دیموكراسییەتی راستەقینە وەك بنەمای پەیوەندیەكی دروست لەنیوان دەسەڵات و خەڵك.
میدیا: لەسەردەمی جیهانگیری، دەڵێن ناسیۆنالیزم پاشەكشەی كردووە و شتێك نەماوە بەناوی دەوڵەتی نەتەوەیی، بەڵكو ئابووری جیهانی جێگەی هەمووی گرتۆتەوە، كوردستانیش دەوڵەمەندە بە نەوت و كانزاكانی دیكە، تا چەند سوودیان لێوەرگیراوە بۆ دەستەبەركردنی مافەكانمان؟
عەلی كەریم: من بڕوام وایە لەگەڵ هەموو گۆڕان و پێشكەوتنەكان هێشتا دەوڵەت فاكتەری سەرەكییە لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و بەرێوەبردنی كۆمەڵگەدا، دواتر تائێستاش سامانی دەوڵەمەندی كوردستان نەبۆتە مایەی خۆشگوزەرانی و بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان چ وەك تاك چ وەك كۆ، لەوبارەیەوە دەسەڵاتی سیاسی كەمتەرخەمی هەیە، بەكورتی دەكرێ ئەو نەوتەی كوردستان بەپێی ستراتیژییەتێكی كاریگەر بكرێتە كارتێكی دبلۆماسی و كەمەندكێشكردنی بەرژەوەندی ناوەندەكانی بڕیاری جیهان و بنەمایەك بۆ دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ .
میدیا: رەوەندی كورد و بوونی ژمارەیەكی زۆر لە سیاسی و رۆشنبیرو وڵاتپارێز لە دەرەوەی كوردستان، تا ئێستا چی كردووەو دەستكەوتی چیان بووە، توانیویەتی پاڵپشتی وڵاتان پەیدا بكات؟
عەلی كەریم: بەگشتی هەرچەند لەوڵاتێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆرێ، بەڵام بەشی زۆری كوردانی تاراوگە، كارا و دڵسۆزن و لەخۆبوردوانە بۆ پرسە نەتەوەییەكان كاردەكەن بەڵام كاریگەرییان لاوازە و ئەمەش هۆكاری زۆری هەیە .
میدیا: ساڵی 2014 هەموو پێشبینیان دەكرد كورد ببێتە دەوڵەت، كەچی بووە نەهامەتی بۆ كورد بەهۆی هێرشەكانی داعش و كۆمەلكوژی دەرهەق بەكورد، بۆ ئەم هاوكێشەیە وای بەسەر هات؟
عەلی كەریم: هۆكارەكان بەشێكی گەمەیەكی هەرێمیە و بەشێكیشی بێ پلانی كوردە و بەشێكیشی نائامادەیی سیاسی و سەربازی و كۆمەڵایەتی و ئابووری كوردستانه‌، لە رووی خودی و بابەتییەوە بۆ راگەیاندنی دەوڵەت، بەرای من كورد جەخت بخاتە سەر پرۆسەی دروستكردنی دەوڵەت نەك راگەیاندنی دەوڵەت، وە بڕیاری راگەیاندنی دەوڵەت، كەشفكەر بێت لەكۆتایی پرۆسەكە نەك بیناكەر بێت لەسەرتاوە .
میدیا: تا چەند لەكاری حزبی نزیكی و باوەڕی تەواوت بەكام حزب هەیە، لە كام حزب نزیكی و حزبایەتی دەكەیت یان باوەڕت بەسیاسەتی كام حزب هەیە؟
عەلی كەریم: من كوردستانییەكی سەربەخۆ و بێلایەنم و بەیەك دووری لە هەموو پارتە سیاسییە كوردستانییەكان وەستاوم و بەڕێزەوە بۆ بوون و ئامادەیی هەر یەكەیان دەڕوانم .
میدیا: داعش بۆ بەكورد وەنرا و كۆمەڵكوژی دەرهەق بەكورد دەكرێ دوێنی شنگال و ئەمڕۆ كۆبانی كێ‌ لەپشت ئەم پیلانەی دژ بەكوردە؟
عەلی كەریم: گەمەیەكی هەرێمیە بۆ وەستاندنی بەرەوپێشچونەكانی بەهاری كوردستان لە باشوور و باكوور و رۆژئاوا ...كە دڵنیام هەرچەند كەمێكیش سەركەوتنەكانی كورد دوابخات بەڵام ناتوانێ بیوەستێنێ، چونكە هەم كورد لە هەركات یەكگرتوو تر و بەهێزترە، بەبەراورد بەرابردووی، هەم جیهانگەرایی دنیای بەسەر كورد دا كردۆتەوە، هەم سەردەمی كۆمەڵكوژی و زەوتكردنی مافی گەلان بەسەرچووە، هەم دوژمنەكانی كورد بەتایبەت لە باشوور و باكوور و رۆژئاوا لەهەركات لاوازتر و پر كێشەترن، هەم جیهانی ئازاد پشتیوانی كوردە لەشەر دژ بەتیرۆرزم و خەبات بۆ ئاشتی و بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەكانی .