میدیا - كارزانی مامەندپیران

   شارۆچكەی مەخموور دەكەوێتە رۆژئاوای هەولێرو 65 كیلۆمەتر لەپایتەختەوە دوورە، ناوچەیەكی ستراتیژییە بەهۆی ئەوەی هاوسنوورە لەگەڵ هەر یەك لەپارێزگاكانی كەركووك، موسڵ، تكریت،لەم دواییە بۆ ماوەی چەند رۆژێكی كەم كەوتە دەست چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و دواتر لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە رزگار كرا. میدیا بە باشی زانی لە نزیكەوە رووماڵێكی نوێی دۆخی ئەو سنوورە بكات و قایمقامی قەزای مەخموور (ئیبراهیم شێخەڵڵا) لەو بارەیەوە زانیاری زیاترمان پێدەدات.

 

لە دیدارێكدا لەگەڵ قایمقامی مەخموور (ئیبراهیم شێخەڵڵا)، كاتێك باسی هاتنی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بۆ سنوورەكەمان كرد، كە لە كوێ و چۆن هاتن و پێشمەرگە بۆچی كشایەوە؟ بەم جۆرە وەڵامی دایەوە: "هەرچەندە پێشمەرگە بەرگرییەكی باشی كرد، بەڵام ئەو كات هێزێكی كەمیان هەبوو، دواتر هێزی پشتیوانی گەیشت و هێرشێكی پێچەوانە كرایە سەر مۆڵگەكانی داعش، بۆ ئەوەی فشار لەسەر گوێڕ كەم بكرێتەوە، بەداخەوە فڕۆكەكانی هێزی ئاسمانی عێراقی هاتن بە هەڵە هێزی پێشمەرگەیان بۆردومان كرد، ئەوە كاریگەری لەسەر دۆخەكە هەبوو، دوای گرتنی شارەدێی گوێڕ لەلایەن داعش، حەمدانیەو بەعشیقەو تلكێف و شوێنەكانی تری دەشتی موسڵ كەوتە دەست داعش، ئەمەش فشارێكی گەورەی لەسەر هەولێر و خەبات دروست كرد، ئەمانەش بوونە هۆی ئەوەی بەشێك لەو هێزە پاشەكشە بكەن بۆ قۆڵەكانی تر، لەگەڵ كشانەوەی هێزی پشتیوانی، هێزەكانی ناوچەكە چەند رۆژێك بوو لەشەڕدا بوون و گوێڕیش لەدەستی داعش بوو، بۆیە بە تاكیك پاشەكشێیەك كرا، دوای دوو رۆژ ناحیەی گوێڕ ئازاد كرا و هێزی پێشمەرگەش لە مەخموور پێشڕەوی كرد و مەخمووری ئازاد كرد". گوتیشی: " ئێستا رەوشی مەخموور زۆر ئارامە و خەڵكێكی زۆریش گەڕاوەتەوە، بەڵام لە گوێڕ و قەراج خەڵك كەمتر گەڕاونەتەوە، بەتایبەت قەراج هێشتا ئاوەدان نەبووەتەوە، بەهۆی ئەوەی بە تەواوی لە مین و بۆمب پاك نەكراوەتەوەو فەرمانگەكان نەگەڕاونەتەوە، چاوەڕێی میحوەرین ئاگادارمان بكەنەوە كە ناوچەكە لە مین و بۆمب پاك بكرێتەوە، تا فەرمانگەكان و خەڵك بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان".

دەگوترێت داعش هات ئاوی لە مەخموور و كارەبای لە گوێڕ بڕی، بەڵام دوای ئەوەی داعش لە مەخموور و گوێڕ نەما، كاری حكومەت چی دەبێت؟ ئیبراهیم شێخەڵڵا لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت: "ئەوەی لەسەر ئێمە بوو، گەڕاندنەوەی فەرمانگەكان و خزمەتگوزاری بوو، توانیمان تا راددەیەكی باش سەركەوتوو بین، كە بووە هۆی ئەوەی خەڵكێكی زۆر بگەڕێتەوە مەخموور، سەبارەت بە گوێڕیش چارەسەركردنی كێشەی كارەبا هۆكارێكی سەرەكی دەبێت، بۆ گەڕاندنەوەی خەڵك و دام و دەزگاكان، چونكە بە بێ كارەبا نە پڕۆژەی ئاو ئیش دەكات، نە دام و دەزگاكانیش دەتوانن خزمەتی باش پێشكەش بكەن، سەردانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانم كردووە، بەڵێنیان پێداوین كە هاوكاری تەواومان بكەن بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، ئەویش بە بەستنەوەی كارەبای گوێڕ بە قەزای خەباتەوە، كە ئەمە چارەسەری تەواوی كێشەی كارەبای گوێڕ دەكات، بەڵام كێشەیەك هەبێت و كاریگەی لەسەر كارەكانمان هەبێت، ئەو قەیرانە داراییەی كوردستانە لەسەرەتای ئەمساڵەوە دروست بوو، ئەوە كاریگەری زۆری لەسەر ئەدای حكومەت و بەرەو پێشچوونی پڕۆژەكان و پڕۆژەی نوێ هەبووە، ئەگەر لەسەرەتای ساڵەوە كێشەی داراییمان نەبووایە، دەمانتوانی باشتر بەرگەی ئەو رەوشە بگرین، ئێستا لە رووی دارایی و هەڵسووڕاندنی كاروبارەكان كێشەی جددیمان هەیە".

بەپێی زانیارییەكان زۆربەی عەرەبی هاوردە لە ناوچەكە، كاتی هێرشەكانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش هاوكاری زۆریان كردوون و تەنانەت زانیاری وردیشیان بە داعش داوە، ئەوەش كاریگەری هەبووە لەسەر پێشڕەوییەكانی داعش، هەر لەو بارەیەوە قایمقامی مەخموور دەڵێت: "هەندێك لە عەرەبەكان پاڵپشتی و هاوكاری داعشیان كردووە، جا چ بەشێوەی راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ، بەڵام ژمارەیان كەمترە لەم عەرەبانەی كە لەدەستی داعش و شەڕ و پێكدادان رایانكرد بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، مەترسی داعشیش لەهەموو جیهان ماوە، بەڵام ئەوەی ئێمە لێی دڵنیاین ئامادەگی پێشمەرگەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، پێشمەرگە توانایەكی باشی هەیەو شارەزایی پەیدا كردووە لە بەرپەچدانەوەی هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش".

شوێنە تاڵان كراوەكان و زیانپێگەیشتووەكان بەهۆی جەنگ قەرەبوو دەكرێنەوە، كە ئەوە مافی هاوڵاتییانە، لەوبارەیەوە قایمقامی مەخموور گوتی: "ئێمە لە رێگەی لێژنەكانمانەوە خەمڵاندنی پێویست بۆ ئەو زیانە دەكەین و تۆماری دەكەین، بۆ ئەوەی هەر كاتێك لەلایەن حكومەتی هەرێم یاخود لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە بودجە تەرخانكرا بۆ قەرەبووكردنەوەی هاوڵاتیان مامەڵەكانیان ئامادە بێت، داواش لە هاوڵاتیان دەكەین ئەوەی زیانی بەركەوتووە سەردانمان بكەن". ئەوەشی خستەڕوو كە "بەشێك لە فەرمانگەكانیش تاڵان كران، لەوانە: فەرمانگەی بەرگری شارستانی كه‌ گشت ئامێرەكانی بردراوە، هەروەها وێستگەی دابەشكردنی سووتەمەنی، كە بڕێكی زۆر بەنزین بردراوە، لەهەندێك لە مۆلیدە ئەهلییەكانیش گازوایلێكی زۆر بردراوە لەلایەن داعش، لە تێبینەرایەتی تۆماركردنی خانووبەرە قاسەی پارەكە شكاوە و بڕی ملیۆنێك و سەدهەزار دینار بردراوە، لە گوێڕیش تانكەرێكی شارەوانی بردراوە، زۆربەی زۆری فەرمانگەكانیش دەرگا و پەنجەرەكانیان شكاوە، بەڵام چەكدارانی داعش لە بانكی رەشید لە مەخموور تەنها كۆمپیوتەری بەڕێوەبەریان بردبوو، نەیانتوانیبوو قاسەی پارەكە بشكێنن، كە 130 ملیۆن دیناری تێدابوو".

بەر لەهاتنی داعش گشت خانەوادە كوردەكانی دانیشتووی مەخموور ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و روویان لە هەولێر و شارەكانی دیكەی باشووری كوردستان كرد، ئاوارەكانی كەمپی مەخمووریش بەهەمان شێوە ئاوارە بوون، لەبارەی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئاواره‌كانیش قایمقامی مەخموور دەڵێت: "وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی بە بڕی یەك ملیۆن دینار هاوكاری هەر خێزانێكی ئاوارە دەكات، كە لەناو عێراقدا ئاوارە بووبێت، پەیوەندی بە مەخموور، یان شوێنێكی ترەوە نییە، گرنگ ئاوارەبوونە لەناو عێراقدا، بۆیە ئەو بڕە پارەیە ئاوارەكانی مەخمووریش دەگرێتەوە".