رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

هەڤپەیڤین - عومەرئاوارە

  شوان محەممەد كەریم چالاك و چاودێری سیاسی، لەم هەڤپەیڤینەیدا لەگەڵ میدیا، را و سەرنجی خۆی لە سەر بارودۆخی ئێستای كەركووك و هاتنی پێشمەرگە بۆ ناوچەكە و داهاتووی كوردستان و عێراق دەخاتەڕوو، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە پێشمەرگە لە رابردوو، ئێستا و داهاتووشدا رەمزی كوردایەتی بووەو دەبێت لای هەمووان پیرۆز بێت.

میدیا: لە رابردوو فرەحزبی و نەبوونی یەكهەڵوێستی لە كەركووك دۆزی ئەم شارەی خستە نێو چارەنووسێكی نادیارەوە، لە ئێستادا رەوشەكە چۆن دەبینی؟
شوان محەممەد: بێگومان یەكهەڵوێستی لایەنە سیاسیەكانی كورد لە كەركووك زۆر گرینگە و لە رابردوو ئەو جیاوازییانەی هەبووە زەرەری زۆری لە پرسی كورد لە كەركووك داوە، هەرچەندە دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین كە چارەنووسی كەركووك زیاتر بە ئەجندای دەرەوە بەستراوەتەوە و خەڵكی كەركووك خۆی لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆیدا خاوەنی بڕیار نەبووە، ئەگەر حكومەتی هەرێم بیتوانیایە هەموو هێزەكانی پێشمەرگەی لە سوپایەكی نیشتمانی كۆبكردایەتەوە و یەك سەركردایەتی و یەك ئاراستەی هەبووایە، باشتر دەبوو، نەك وەك ئێستا كە زیاتر ڕەنگدانەوەی حزبی پێوە دیارە، لەگەڵ هەموو كەموكوڕییەكانیشدا هێزی پێشمەرگە پارێزەری خاكی كوردستانە و دەبێت هەموو توانایەك بخرێتە بەردەستی و شكۆ بۆ ئەو هێزە دابنرێت، پێشمەرگە لە رابردوو و ئێستا و داهاتووشدا هەر ڕەمزی كوردایەتییە و دەبێت ئەو ڕەمزە هی هەمووان بێت و لای هەمووان پیرۆز بێت.
میدیا: توركمان لە كەركووك زۆرجار لەگەڵ هەندێك لایەن پەیوەندی باشی هەبووە و لەگەڵ هەندێكیش پەیوەندی خراپی هەبووە، لەئێستا دا لەگەڵ كورد تا چەند هاوڕان؟
شوان محەممەد: پێموایە هەمووان هاوڕاین لەوەی كە لە رابردوو كورد وەك پێویست نەیتوانیوە لە كەركووك سەرنجی نەتەوەكانیتر بۆ لای خۆی رابكێشێت، بەتایبەت برا توركمانەكان كە چارەنووسێكی هاوبەشمان لە داهاتوو هەیە، ئەوان لە سەر خاكی كوردستان دەژین و مێژوویەكی دووریان لەگەڵ كورد هەیە، بۆیە دەبێت كورد چەند هەنگاوی لەو بوارەدا هەبێت. یەكەم: لە رێگەی دەستووری هەرێمەوە گەرنتی بداتە توركمان و لەسەر خاڵە هاوبەشەكان پێكەوە كار بكەین، دووەم: ئەوان گەلێكن لە گەلانی كوردستان و میوان نین و ئەوانیش هاوبەشن لە خاوەنداریەتی لە كوردستان، دووای 9/6 عێراق كەوتە قۆناغێكیترەوە، بە رای من بۆ توركمان ئەم قۆناغە زۆر ئاڵۆزە، ئەوان جیاوازییە مەزهەبییەكەیان زۆر زەق بۆتەوە، ئەوەش وادەكات سەركردایەتی توركمان ئەركێكی قورسیان لە ئەستۆیە، بۆیە من وای دەبینم دواجار توركمان (تەحسیل حاسڵ) دەبێت لەگەڵ كورد هاوبەشی بكەن، چونكە زۆرترین دانیشتووانی توركمان لەو ناوچانەن كە كوردستانە، ئەوەش راستە توركمان لەگەڵ كورد بن لە كوردستان دەبنە دووەم نەتەوە، كەواتە مافی زیاتریان دەبێت، مەلامحی ئەم قۆناغە تازەیە وا دەرەكەوێت لە داهاتوو برا توركمانەكان سیاسەتێكیتر پێڕەو بكەن كە هاوبەشییە لەگەڵ كورد، چونكە بە دابەشبوونی عێراق بۆ سێ‌ هەرێم، ئەوان لە ناو هەرێمی كوردستان دووەم نەتەوە دەبن.
میدیا: لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە كەركووك دوو پارێزگاری بۆ دانراوە، ئەدای كامیان بۆ شارەكە باشتر بووە و جیاوازییەكانیان لە چیدا دەبینی؟
شوان محەممەد: وەڵامی ئەم پرسیارە بە وشەیەك نادرێتەوە، بەتایبەتی لەناو كەركووك ئەم پرسیارە بە سیاسی كراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من رای خۆم هەیە و دەكرێت بە هەڵسەنگاندنێك وەڵامی پرسیارەكە بدەمەوە، یەكەم پارێزگار كە هاتە سەركار، قۆناغی ئەوكات زۆر جیاواز بوو، شارێكی وێرانە و تێكەڵ و بێ خزمەتگوزارمان هەبوو، هەموو هەیكەلی ئیداری لەسەر یەك نەما بوو، واتە قۆناغی بنیادنانەوە بوو، ئەو داهاتەش بۆ پارێزگاكە دەهات، لەئاستی ئەو هەموو پێداویستییەی خەڵك نەبوو، ئەو بەرێزەی كەمجار كرایە پارێزگار پیاوێكی پاك و یاسایی بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی یەكێك نەبوو لە بەرپرسە حزبییەكانی دوو حزبە دەسەڵاتدارەكە، كەمتر فەرمانەكانی جێبەجێ دەكرا، زۆرجاریش دەوترا هاتۆتە سەر سفرەی حازری و بەو عەقڵییەتە مامەڵەی لەگەڵ دەكرا، لەگەڵ ئەوەی كەموكوڕی هەبوو، بەڵام خزمەتێكی زۆری بە كەركووك كرد. ئێستاش وەك هاوڵاتیەك لەگەڵ خەڵكی شارەكە دەژێت، ئەوە بەلای منەوە جێگەی رێزە، دووەم پارێزگار كە ناوێكی دیارە پێچەوانەی پارێزگاری یەكەم خاوەن دەسەڵاتی حزبییە و ئەندامی مەكتەبی سیاسی (ی ن ك)ـە و كەسێكی نزیكە لە بەڕێز مام جەلال و تەنانەت لەگەڵ سەركردایەتی پارتیش، من خۆم لە كۆبوونەوەیەكی بەڕێزان كاك كۆسرەت و كاك نێچیرڤان كە لەگەڵ بەرپرسی حزبەكان لە كەركووك ئەنجامدرا، گوێم لە كاك نێچیرڤان بوو گوتی: د. نەجمەدین وەرەقەی سپیمان بۆت ئیمزا كردووە كە ببی بە پارێزگای كەركووك، كەواتە پارێزگای دووەم پشتیوانی زۆر زیاتری هەیە و داهاتی پترۆدۆلاریش لەسەردەمی ئەو كەوتە كار، كە ئەوەش هێزێكیتر بوو بۆ سەركەوتنی كارەكانی، خۆیشی كەسێكە ساڵانێكی زۆر لە دەرەوەی وڵات بووە و دەكرێت ئەوەش وەك تەجروبە یارمەتیدەری بێت، هەموو ئەوانە وایكردووە دكتۆر نەجمەدین خۆشەویستییەكی زۆری هەیە لە ناو خەڵكی كەركووك هەیە، بەڵام لە ئاست لایەنە سیاسییەكان لەخۆبایی بوونێكی هەیە، جا نازانم ئەوە دەور و بەرەكەی بۆیان دروست كردووە، یان هەر ویستی خۆیەتی، بەڵام هیوادارم سەركەوتووبێت، چونكە دواجار هەر هی هەمووانە.
میدیا: ئێستا پێشمەرگە لە كەركووكە، ئەگەر دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە و پێشمەرگە بگەڕێتەوە، بارودۆخی شارەكە چی بەسەر دێت؟
شوان محەممەد: بە رای من هەتا ئەم درۆ گەورەیەی كە ناوی عێراقە نەكرێتە سێ‌ بەشەوە وەزعەكە ئاسایی نابێتەوە، پێشمەرگە بۆ كوێ دەگەڕێتەوە، لە دوای 9/6 شتێك نەماوە بە ناوی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم، ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات ژانی لەدایكبوونی دوو هەرێمەكەی ترە كە لەگەل هەرێمی كوردستان دەبنە سێ‌ هەرێم، ئەویش ئەگەر كورد خاتریان بگرێت و لەگەڵیان بمێنێتەوە، كەواتە قسەی داهاتووی كورد گەڕانەوەی پێشمەرگە نییە، بەڵكو ئەوەیە كە لەم كاتەدا هێزی پێشمەرگە لەم سنوورەی ئێستای دەمێنێتەوە، یان دەچێتە سنووری جوگرافیای خاكی كوردستان كە حەمرینە، ئەوە قسەی داهاتوی كورد دەبێت، نەك گەڕانەوەی پێشمەرگە
میدیا: مامەڵەی كورد لەگەڵ داعش لە سەرەتادا هێمنانە بوو، ئەوە چ خوێندنەوەیەكب بۆ دەكرێ؟
شوان محەممەد: داعش ترۆپكی داخوازیی عرەبی سوننەیە، سوننەی عێراق رێگەی یاساییان لێگیرا، بۆیە رێكخراوێكی تیرۆرستی وەك داعش سواری داوا و خواستی عەرەبی سوننە بووە، بە رای من شەڕی داعش لە دوای ئەوەی عێراق بووە سێ‌ هەرێمەوە، ئەو شەڕە دەبێتە شەڕی عەرەبی سوننە خۆیان، پاشان كورد نابێت كاری بەوە بێت كە عەرەبی سوننە چۆن ئیدارەی خۆیان دەكەن، ئایا داعش بەڕێوەیان دەبات، یان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی و بەعس، یان هەر شێوازێكی دی كە خۆیان حەزی لێبكەن، ئازادن، داعش كەم كوردیان لە رۆژئاوای كوردستان نەكوشتووە، پەلاماری باشووری كوردستانیشیان دا و كارەساتی شنگالیان دروستكرد، ئەوان بۆ سەر بەرژەوندی كورد مەترسین، كوردیش لە سەرەتادا شەڕی ئەوانی نەكرد، تەنها بەرگری لە خاكی كوردستان دەكرد، بەرگریكردنیش واتای شەڕ نییە و مافی رەوایە، بەڵام پەلامارەكانی داعش وایكرد كورد لە سنووری بەرگری نەمێنن و شەڕەكە فراوانتر بكەن.
میدیا: وەك دوا پرسیار كورد لەم دۆخەدا چ بكات باشە و تا چەند پێویستە خۆی بە عێراقەوە ببەستێتەوە؟
شوان محەممەد: عێراق وڵاتێكی دەستكردە، پێكەوە بەستراوەیی كورد لەگەڵ عێراق درۆیەكی گەورەیە، كاتی خۆی بەریتانییەكان ئەو چارەنووسە رەشەیان بۆ كورد دروست كرد. بۆیە بە هیچ شێوەیەك نابێت كورد كاتی خۆی بە رێكخستنەوەی عێراقەوە بەفیڕۆ بدات، تا 9/6 كورد بێ‌ بەرامبەر هەر هۆكاری خێر بووە بۆ عێراق و حكومەتی ناوەندیش هیچ حیسابێكی بۆ نەكردووە و تەنانەت ئابڵۆقەشی خستەسەر، كورد پێویستە پەندی وەرگرتبێ و چیتر ئەو هێزە نەبێت كە هەر خزمەتی یەكڕیزی عێراق بكات.

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌