رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK بۆ میدیا: باشترین چارەسەر بۆ دەربازبوون لە تەنگژەكان راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستانە

هه‌ڤپه‌یڤین: میدیا

  غه‌فوور مه‌خمووری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK و ئه‌ندامى خولى دووه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان له‌هه‌ڤپه‌یڤنێكی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی میدیادا به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزو نۆزده‌هه‌م ساڵیادی دامه‌زراندنی YNDK تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ره‌وشی سیاسی كوردستان و ناوچه‌كه‌و، بۆ دەربازبوون لە تەنگژەكان راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان به‌ باشترین چارەسەر ده‌زانێت و، به‌ستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان له‌زووترین كات به ‌به‌شداری هێزەكانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستانیش به‌سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر پیلانی دوژمنان هه‌ژمار ده‌كات و، لەم قۆناخە هەستیارەدا ده‌خوازێت لەجیاتی حزبایەتی كوردایەتی بكەین.

میدیا: بارودۆخی نێوان هەولێر و بەغدا گرژی و ئاڵۆزی زۆری تێدایەو مالیكی ئابڵۆقەی دارایی خستۆتە سەر كوردستان و خەڵك تێیدا زەرەرمەند بووە، ئەم هێزە رەهایەی مالیكی لەكوێوە سەرچاوەی گرتووە، تا بەم شێوەیە مامەڵە بكات؟
غەفوور مەخمووری: ئەم كێشەو تەنگژانە نوێ‌ نین، لەبەرئەوەی حكومەتی عێراق واڕاهاتووە كە لەسەر كێشەو تەنگژە بژیت، بۆیە هەرخۆیشی تەنگژەكان دروستدەكات، هەموو كێشەكانیش دەگەڕێنەوە بۆئەوەی كەوا حكومەتی عێراق پابەندی دەستوورو یاسا نییه‌و لەسەر بنەمای سیستەم بەڕێوەناچێت، بەڵكو لەسەر بنەمای میزاجی شەخسی كەسێك بەڕێوەدەچێت ئەو كەسەش ئەجێندای خەڵكانی دیكە جێبەجێدەكات و خاوەنی بڕیاری خۆی نییە، بۆیە دەتوانین بڵێین ریمۆت كۆنترۆڵی حكومەتی عێراق لەدەرەوەی عێراقەو لەوێوە ئاراستەدەكرێ‌، ئەوەش بۆتە سەرچاوەی كێشەو تەنگژەكان، حكومەتی عێراق حكومەتێكی نیشتمانی نییەو حكومەتێكی تائیفیەو دژی پێكهاتەكانی عێراق كاردەكات، ئێستا ئەگەر دەسەڵاتی تەواوی هەبێ‌ دوو جار كورد دەچەوسێنێتەوە، جارێك لەڕووی نەتەوەیی كە كوردەو جارێك لەڕووی مەزهەبییەوە كە سوننەیە، لە ئێستادا عێراق ئەو دەسەڵاتەی نییە، به‌ڵام هەركاتێك عێراق دەسەڵاتی ببێتەوە، هەمان عێراقی جارانە، ئەزموونمان لەگەڵ هەموو حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق هەیە، ناتوانین بڵێین فڵان حكومەت باشتر بووە، بەڵام دەتوانین بڵێین فڵان حكومەت لەو حكومەتە خراپتر بووە، واته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باشیان نه‌بووە، ته‌نیا لەڕووی خراپییەوە دەتوانین بەراوردی بكەین. ئەگەر بەكورتی ئاوڕێك لە رابردوو بدەینەوە، دەبینین كەوا لەسەرەتای دامەزراندنی عێراقدا كورد تێیدا بەشدار بووە، بەڵام بێدەسەڵات بووە، هه‌روه‌ها شۆڕشەكانی بارزان لەلایەن دەسەڵاتی مەلەكی ئەو كاتی عێراق سەركوت كراون، دوای ئەوە عەبدولكەریم قاسم لە 1958 هەتا 1961 پەیوەندی لەگەڵ كورد خۆش كرد، لەسەر ئەو بنەمایە بارزانی نەمر لە یەكێتی سۆڤیەت گەڕایەوە، بەڵام دواتر قاسم كە خۆی بەهێزكرد، دژی كورد وەستایەوەو شەڕی راگەیاند، لەساڵی 1963 كە بەعسییەكان كودەتایان كرد، وەكو پێویست سەركەوتوو نەبوون، كه‌چی كوردستانیان تاڵان كرد، لەئەنجامدا كەوتنە دیالۆگ لەگەڵ كورد لەساڵی 1964 سەركردایەتی كوردستانیان دووپارچە كرد، دیسان لەساڵی 1968 بەعس لەڕێی كودەتا هاتەسەر دەسەڵات و لەوپەڕی بێدەسەڵاتیدا پەنای بۆ سەركردایەتی كورد هێناو دیالۆگی لەگەڵ كورد كردو بەیاننامەی یانزدەی ئازاریان راگەیاند، لەساڵانی 1970 هەتا 1974 هێمنییەك باڵی بەسەر كوردستاندا كێشا، بەڵام دوای ئەوەی جارێكی دیكە بەعسییەكان خۆیان بەهێزكردەوە شەڕیان راگەیاندەوە، ئەوەبوو پاشان رێككەوتنامەی جەزائیر مۆركرا، شۆڕشی كوردستان تووشی نسكۆ بوو، ئەگەر دوور نەڕۆین لە هەشتاكاندا عێراق لەگەڵ ئێراندا لەشەڕدا بوون، خەریك بوو دەسەڵاتی بەعس بێتوانا دەبوو، دیسان پەنایان بۆ كورد هێناو لەساڵانی 1983 و 1984 بەعس لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دیالۆگی كرد، كه‌چی نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، دواتریش كە شەڕی عێراق و ئێران راوەستا، رژێمی بەعس بە دڕندانەترین شێوە كەوتە گیانی خەڵكی كوردستان، لەساڵی 2003 كە رژێم رووخا سەركردایەتی كورد چووە بەغدا، كە بەبڕوای من هەڵەیەكی ستراتیژی بوو دەبووایە سەركردایەتی سیاسی كورد لە 2003 لە كه‌ركووك دابنیشتبایە ئەو كاتیش لە كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی لایەنە سیاسییەكاندا من ئەوەم پێوتن، كە پێویستە هەموو لایەنە ساسییەكان لە كه‌ركووك دابنیشین و كه‌ركووك بكەینە سەنتەری بڕیاری سیاسی كوردستان، ئەوە نەكرا، دواتر لەساڵانی رابردوودا دەسەڵاتی (جەعفەری)و د.عەللاوی)مان تاقی كردەوە، ئه‌وانیش بۆ كورد هیچیان پێنەبوو، ئەوە (مالیكی)یش لەبەرچاومانە كە چی دەكات، بۆ بەرگرتن لەو هەڕەشانەی كە لەسەر ئێمە هەیەو بۆ چارەسەری تەواوی گرفتەكان پێویستە سەربەخۆیی خۆمان رابگەیەنین، لەبەرئەوەی تاكە چارەسەری پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی ناڤین تەنیا دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە بەدەر لەمە هەر چارەسەرێكی دیكە شتێكی كاتییە، بە بڕوای من ئێستاش گونجاوترین كاتە بۆئەوەی ئێمە سەربەخۆیی خۆمان رابگەیه‌نین، لە باشووری كوردستان خاوەن ئەزموونێكی زیاتر لە 20 ساڵەین و دەتوانین ئەو هەنگاوە لە باشوورەوە دەست پێبكەین، لەسەرەتادا لەوانەیە دژایەتی بكرێین و زەحمەتی ببینین، بێگومان وەدەستهێنانی ئەو مافەش بێ زەحمەتی نابێت.
میدیا: پرسی سەربەخۆیی كوردستان تائێستا هەر قسەو باسەو هەنگاوی كرداری بۆ نەنراوە، ئایا هەلومەرجەكە لەبار نییه‌، یان هۆكاری دیكه‌ی هه‌یه‌؟
غەفوور مەخمووری: پرسی سەربەخۆیی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەت، پرسی سەرەكی و ستراتیژیی كوردە، بۆیە پێویستە سەركردەكانی كورد بەبایەخەوە لەسەر ئەم پرسە بوەستن و كاری بۆ بكەن، باوەڕناكەم كوردێك هەبێت باوەڕی بە سەربەخۆیی كوردستان نەبێت، سەربەخۆیی كوردستان هیواو ئاواتی هەموو كوردێكە، بۆیە دەبێ‌ خۆمان كار بۆ ئەم مەبەستە بكەین و زەمینەسازی بۆ هێنانەدی ئەم ئاواتەی كورد بكەین، ئێمەی كورد لەماوەی رابردوودا دوو هەلی زێڕینمان لەدەستدا، یەكیان لەساڵی 1991 و ئەوەی دیكەشیان لە 2003 بوو، ئەم دوو هەلە زۆر لەباربوون بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، بەڵام بەداخەوە باش نەخوێندنەوەمان بۆ رەوشەكە وایكرد كە سوود لەم دوو هەلە وەرنەگرین، بەباوەڕی ئێمە ئێستا گونجاوترین كاتە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان، بەتایبەت دوای ئەو هەموو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كەوا لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنەپێشەوەو روودەدەن، ئێمەی كورد پێویستە بەزووترین كات ناوەندی سیاسی كوردستان رێكبخەینەوەو دوور لەبەرژەوەندییە حزبییەكان كاربكەین و سوود لەو بارودۆخە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە وەربگرین و بەكارنامەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی بەرەو ئازادی كوردو سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێین، من پێچەوانەی ئەو بەڕێزانە بیردەكەمەوە كە دەڵێن كاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی نییە، ئێستا كاتێكی زۆر گونجاوە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان، بەتایبەت دوای ئەو هەڕەشانەی كەوا حكومەتی عێراق لە خەڵكی كوردستانی دەكات، ئێمە دەتوانین سوود لەو هەلە وەربگرین و بە هەموو لایەكی رابگەیەنین كەوا تائێستایش لە عێراق هەڕەشەمان لەسەرە، هەموو لایەك ئەو راستییە دەزانن كە عێراق وڵاتێكی داتاشراوەو خاك و گەلی باشووری كوردستان بەزۆرو بێخواستی كورد بەعێراقەوە لكێنراون، واتە باشووری كوردستان بە خاك و خەڵكەوە بەشێك نییە لە عێراق، لەماوەی رابردووش جگە لە جینۆسایدو ماڵوێرانی و دەربەدەری و زوڵم هیچیدیكەمان لە عێراق نەبینی، وەك خۆشتان دەبینن ئەوەتا تائێستاش بەشێوازی جۆراوجۆر زوڵم لە گەلی كوردستان دەكرێ‌، بۆیە بەڕای من باشترین چارەسەر بۆ كێشەكان و دەربازبوون لە تەنگژەكان راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستانە، ئەوەش مافێكی رەوای گەلی كوردستانە كەوا لەسەرخاكی خۆی ئازاد بێت و دەوڵەتی خۆی رابگەیه‌نێت، بۆ ئەوەی چیدیكە نەچەوسێنرێتەوە، زۆر زەحمەتە كورد لەمەودوا بەم شێوازە لەچوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە، بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەوەمان لێدەخوازێ‌ كە بەو ئاراستەیەدا كاربكەین و خۆمان لەو چوارچێوە داتاشراوەی عێراق دەربهێنین، با هەموو لایەكیشمان دوور لەبەرژەوەندی حزبی بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی كاربكەین و بەرەو سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێین.
میدیا: دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە پێنج مانگە كابینەی هەشتەمی حكومەتی كوردستان پێكنەهێنراوە، هۆكارو دەرەنجامەكانی رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌كان چین و چارەسەر چییە؟
غەفوور مەخمووری: زۆر بەداخەوە كەوا پرسی پێكهێنانی حكومەت وای لێهاتووە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كەوا هەر لایەنەو پێداگیری لەسەر داواو خواستەكانی خۆی دەكات، بۆ چارەسەری ئەم پرسە پێویستە لایەنەكان لەجیاتی بەرژەوەندی حزبی رەچاوی خواست و بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بكەن، لەهەوڵی ئەوەدابن كەوا حكومەتێكی یەكێتی نیشتمانی بنكەفراوان پێكبهێنن و، كاربكەن بۆئەوەی تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكان تێیدا بەشداربن، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ یەكدەنگی و یەكڕیزی نیشتمانی و وەڵامێك بۆ هەموو ئەوانەی كەوا دژایەتی كوردستان دەكەن.
میدیا: تائێســـــــــــــتا گەڕانەوەی ناوچەدابڕێندراوەكان و جێبەجێكردنی ماددەی 140 مەحاڵ بووه‌، كورد له‌ ئێستا و داهاتوودا بۆ گەڕاندنەوەی ناوچەدابڕێندراوەكانی ده‌بێت چی بكات؟
غەفوور مەخمووری: ئەم هەوڵانەی ئێستای مالیكی هەمووی بۆ دەستبەسەرداگرتنی كه‌ركووك و مەخموورو دەڤەرە داگیركراوەكانی دیكەی كوردستان و لاوازكردنی پێگەی كوردستانە، مالیكی و ئەوانه‌ی لەدوای مالیكیش دێن هەروا دەبن، با واقیعبینانە رەفتار بكەین و فێل لە خۆمان نەكەین، پێویستە ئێمە لەسەر مەسەلە نیشتمانییەكان یەكدەنگ و یەك هەڵویست و هاوكارو پشتگیری یەكتربین، بەتایبەت بۆ ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان كە لە دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی كوردستانن، بێگومان ئەو ناوچانە خاكی كوردستانن، بەڵام ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی كوردستاندا نین، ئەو ناوچانە بەهیچ شێوەیەك بە ماددە و ماددەكاری و بە مەسەلەی یاسایی ناگەڕێنەوە سەر كوردستان، لەبەرئەوەی هیچ دەسەڵاتێكی عێراقی ئامادەنییە دەستبەرداری ئەو ناوچانە بێت، بەبڕوای من تەنیا بەهێز دەتوانین ئەو ناوچانە بگێڕینەوە سەر كوردستان، كاتی خۆی لە پەرلەمانی كوردستان لە 23 / 7 / 2008 وتم: ئێمە لەسەر كه‌ركووك و ناوچەكانی دیكە لەگەڵ حكومەتی عێراق شەڕێكمان لەپێشە، وتم: ئێستا ئەو شەڕە بكەین، باشترە لەوەی سبەی بیكەین، من باوەڕی تەواوم بە دیالۆگەو هیچ كات بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ شەڕ نیم، بەڵام كە ناچار بوویت، دەبێت شەڕ بكەیت.
میدیا: پرۆسەی ئاشتی لەنێوان توركیاو باكووری كوردستان بەڕەوشێكی خراپدا تێپەڕ دەبێت و توركیا هەموو بەڵێنەكانی پێشێل دەكات، رەوتی توندڕەوی نێو توركیاو ئاك پارتی له‌و بواره‌دا چ رۆڵێكیان هه‌یه‌؟
غەفوور مەخمووری: باڵابوون و پێشڤەچوونی خەبات و بەرخودانی وڵاتپارێزانەی نەتەوەكەمان لە باكووری وڵات توانیویەتی نەتەوەكەمان لە ئینكاری هەبوونی كورد وەك نەتەوەیەك رزگار بكات و بیگەیەنێتە ئەو ئاستەی كە حكومەت و ناوەندە بڕیاربەدەستەكانی توركیا ناچار بكات، بگەنە ئەو باوەڕەی كە بەڵێ‌ ئیتر ناتوانن ئینكاری بوونی كورد بكەن، هەروەها وایان لێبكات كە بیر لە چارەسەری پرسی كورد بكەنەوەو لەم رووەوە لێدوان بدەن، بێگومان ئەم گۆڕانكارییانەی كە لە توركیا روویانداوە لەژێر كاریگەری پێشڤەچوونی خەباتی نەتەوەكەمان لەو بەشەی وڵات هاتوونەتەدی، پێشڤەچوونی خەباتی نەتەوەكەمان لە باكووری كوردستان لەسەر هەموو ئاستێكدایە، لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی و كه‌لتووری و جەماوەری و شێوازی دیكەی شارستانییانەی خەبات، ئەمانە هەموو لە باكووردا رژێمی داگیركەری توركیایان بەرامبەر كۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی شەرمەزار كردووەو ناچاریان كردووە كەوا بیر لە گۆڕینی سیاسەتی فاشییانەی خۆی بەرامبەر بە كورد بكاتەوە، بەبڕوای من پرۆسەی ئاشتی له‌ توركیا بۆ دواوە ناگەڕێتەوە، بەڵام كاتی دەوێت، هەر كەس و لایەنێكیش دژی ئەو پرۆسەیە بوەستنەوە، جگە لە زیان هیچیدیكە نادروونەوە.
ئێمە وەكو YNDK بەچاوی رێزەوە لە كاروخەباتی نەتەوەكەمان لە باكووری كوردستان دەڕوانین و خۆشحاڵین بەو پێشڤەچوونانە، لەهەمان كاتدا هاوكاری و پشتگیری خۆمان بۆ خەباتی نەتەوەكەمان لەو بەشەی وڵات رادەگەیەنین و كارو خەباتیان بەرز دەنرخێنین.
میدیا: رەوشی رۆژئاوای كوردستان و سوریا زۆر ئاڵۆز بووە، رات لەسەر پێكهێنانی كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان چییه‌و رۆڵی لایەنەكان لە رزگاركردنی ئەم بەشەی وڵات چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
غەفوور مەخمووری: ئێمە بە گرنگی دەزانین تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان یەكڕیزو یەكدەنگ بن و بەیەكەوە كاربكەن و خۆیان لە ململانێی حزبایەتی بەدوور بگرن، هەروەها بانگ لە هەموو لایەك دەكەین، لەم قۆناخە هەستیارەدا لەجیاتی حزبایەتی كوردایەتی بكەن و بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی لەبەرچاو بگرن و خۆیان دوور بگرن لەهەر گرژی و ناكۆكییەك، لەم رووەوە ئێمە وەكو YNDK وەك هەمیشە هاوكاری و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ خەباتی نەتەوەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان رادەگەیەنین و، داوا لەهەموو كوردستانییان لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان دەكەین هاوكارو پشتیوانی نەتەوەكەمان بن لە رۆژئاوای وڵاتدا.
میدیا: حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەیانەوێ‌ لەیەكتر نزیكببنەوە، بەڵام لەڕووی كرداری ئەم پرسە بەخاوی بەڕێوەدەچێت، ئه‌وه‌ چ خوێندنه‌وه‌یه‌كی بۆ ده‌كرێت؟
غــــــــــــەفوور مەخمووری: هــــــــەوڵەكانی لێكنزیكبوونەوەی هێزو لایەنە سیاسییە وڵاتپارێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرز دەنرخێنین و بە چاوی رێزەوە لێیان دەڕوانین و، بانگ لە سەركردایەتی تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵات دەكەین كەوا زیاتر لەیەكدی نزیكببنەوەو ریزەكانی خۆیان یەكبخەن، پێویستە لەم پێناوەدا هەنگاوی بەلەزو خورت بهاوێژن و كارنامەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ قۆناخی ئێستای خەبات دابڕێژن و، كاربكەن بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی سیاسی لە نێوان خۆیاندا، بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ ئەو ئەگەرو پێشهاتانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا روودەدەن و دێنەپێشەوە.
میدیا: كۆنگرەی نەتەوەیی بەهۆكاری ناوخۆو دەستی وڵاتانی ئەقلیمی كۆبوونەوەكانی وەستێندران، چارەنووسی ئەم كۆنگرەیە بەچی دەگات و گرنگی بۆ كورد چییە؟
غەفوور مەخمووری: بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەری بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان، هه‌موو كوردان ئەركێكی نەتەوەیی و بەپەلەی ئەم قۆناخەی خەباتی گەلەكەمانەو تا رۆژێك زووتر ببەسترێت باشترە، لەبەرئەوەی رۆژهەڵاتی ناڤین لەبەردەم كۆمەڵێ‌ گۆڕانكاری مەزندایە، پێویستە ئێمەیش وەك نەتەوەیەكی ماف زەوتكراو بەرنامەو كارنامەی نەتەوەیی خۆمان لەسەر ئاستی نەتەوەیی هەبێت بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشهاتەكاندا، بۆ ئەمەیش پێویستە بەزووترین كات كۆنگرەی نەتەوەیی ببەستین، بۆئەوەی نەكەوینە دوای خەڵكی دیكەوە، ئیستا كورد كارتێكی بەهێزە لە گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناڤیندا، بەڵام جێگەی داخە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا بەرنامەیەكی نەتەوەیی یەكگرتوومان نییه،‌ بە بڕوای ئێمە پێویستە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بەزووترین كات ببەسترێت و هێزەكانی هەر چوار پارچەی كوردستانیش رۆڵی تەواوی تێدا ببینن و ئەم كۆنگرەیە بكەنە سەنتەری بڕیاری نەتەوەیی و لەوێوە بڕیارە نەتەوەییە چارەنووسسازەكان بدرێن، بەوەش بڕیارەكان شەرعییەتی نەتەوەییان دەبێت، ئێمەیش دەتوانین بە هێزەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهات و گۆڕانكارییەكاندا بكەین.
میدیا: بەبۆنەی جەژنی نەورۆزو ساڵی نوێی كوردی و نۆزدەهەم ساڵیادی دامەزراندنی YNDK پەیامتان بۆ جەماوەر و ئەندامانتان چییە؟
غەفوور مەخمووری: بە بۆنەی جەژنی نەورۆز‌و سەری ساڵی كوردی‌و نۆزدەهەم ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی گەلی كوردستان‌و بنەماڵەی شەهیدانی رێی سەرخۆبوون‌و ئازادی كوردستان‌و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدی سەركردەمان (شەهید سەربەست مەحموود)‌و بنەماڵەی شەهیدانی راپەڕین‌و بێسەروشوێنەكان‌و ئەنفالكراوەكان دەكەین‌ و، سەری رێزو نەوازش بۆ تەواوی شەهیدانی كوردستان دادەنەوێنین‌و، سڵاو دەنێرین بۆ جەماوەری خۆڕاگری ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان كه‌ركووك‌و مەخموور‌و شنگال‌و شێخان‌و خانەقین‌و تەواوی ناوچەكانی دیكەو، سڵاو دەنێرین بۆ زیندانیانی سیاسی پارچەكانی دیكەی كوردستان كە لە زیندانی داگیركەرانی كوردستاندان‌و خۆڕاگرانە درێژە بە خەبات دەدەن، سڵاو دەنێرین بۆ رۆڵەكانی نەتەوەكەمان لە باكوور‌و باشوور‌و رۆژهەڵات‌و رۆژئاوای كوردستان‌و رەڤەندی كورد لە دەرەوەی وڵات‌و داوای یەكڕیزی‌و یەكدەنگییان لێدەكەین بۆ بەرەڤانیكردن لە دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
بەم بۆنەیەوە كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی راپەڕینی بەهاری 1991ی گەلی كوردستان، داوا لە گەلی كوردستان دەكەین، وەك چۆن راپەڕینمان بە یەكڕیزی كرد، با ئاواش بەیەكڕیزی پارێزگاری لە دەسكەوتەكانی راپەڕین بكەین‌و هەوڵی بەرەو پێشەوەبردنیان بدەین‌و بیانكەین بە بناخەیەكی پتەو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، هەر بەم بۆنەیەوە سڵاوو پیرۆزبایی تایبەتی خۆمان ئاراستەی تەواوی ئەندام ‌و دۆست ‌و لایەنگرانی YNDKو هاوبیرانی نەتەوەیی دەكەین‌و هیوای سەركەوتن‌و پێشكەوتنیان بۆ دەخوازین لەپێناو هێنانەدی كوردستانێكی سەربەخۆو ئازادو یەكگرتوو دیموكرات، كە ئەوەش هیواو ئامانجی هەرهەموو لایەكمانە‌و كارو خەباتی ئێمەیش بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجەیە.

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌