رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

            د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی نەزاهە لەكوردستان:

 

 

 

      هەڤپەیڤین: نەجات ئەحمەد

سەرۆكی دەستەی نەزاهە لە كوردستان (د. ئەحمەد ئەنوەر)، لەم هەڤپەیڤینەیدا لەگەڵ میدیا تیشكدەخاتە سەر رۆڵ و ئەدای دەستەكەیان و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئەوەی فۆڕمی دەستپاكی پڕنەكاتەوە، یان زانیاری هەڵە بدات بە دەستەكەیان، سزا دەدرێ، ئەوەش دەخاتەڕوو كە "بەهۆی دەرنەچوونی مەرسوومی سەرۆكایەتی هەرێم" بۆ دامەزارندنی بەڕێوەبەره‌گشتیيەكەیان تا ئێستا نەیانتوانیوە دەست بە كارەكانیان بكەن.

 

میدیا: بالەوە دەست پێبكەین، وەك دەستەی دەستپاكی تا ئێستا چیتان كردووه‌ و كارەكانتان بە كوێ گەیشووە؟

د. ئەحمەد ئەنوەر: ئەو دەستەیە بوونی نەبوو، تەنیا یاسایەكی هەبوو كە لە ساڵی 2011 دەرچووبوو، بۆ ئەو كارە ئێمە تەكلیف كراین و لە 17 مانگی پێنجی ئەمساڵ (2013) سوێندی یاساییمان خواردو دەستبەكار بووین، بەڵام هیچ شوێنێك و ستافێكمان نەبوو، ناچار لەسەرەتاوە دەستمان كرد بە پەیداكردنی ستاف و شوێن و قسەكردن لەگەڵ دارایی تا بتوانین دەست بە هەنگاوەكانمان بكەین، لەبەر ئەوەی كاتێ ئەو دەستەیە دروستكرا، بودجەی 2013ی بۆ تەرخان نەكرابوو، بۆیە لە رێگەی نووسراوەوه‌ دەستمان بە وەرگرتنی سولفە كرد، دواتر دەستمان بە پەیداكردنی ئۆفیسێك كرد، كە ئەویش كاتێكی زۆری خایاند. دروستكردنی هەیكەلی دەستەكە ئەنجومەنێك پێكدێت، ئەوانیش هەر یەك لە سەرۆك و جێگر و سێ بەڕێوه‌بەری گشتی و سێ راوێژكارن، وەك هەنگاوی یەكەم دانانی بەڕێوەبەرە گشتییەكان زەروور بوو، دوای راوێژكردن لەگەڵ خەڵكێكی زۆر و undp كە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق هاوكاری ئەو جۆرە پڕۆژانە دەكەن، رێككەوتین لە رێگەی سیڤییەوە ئەو بەڕێوەبەرانە دابنێین، لە رێگەی رۆژنامەكانەوە ئەو پۆستەمان راگەیاند، ئەوە بوو 30 كەس سیڤیان پێشكەش كردو لە رێگەی لێژنەیەكەوە سێ كەسمان دیاريكرد و نووسرامان بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرد، تا مەرسوومیان بۆ دەربچێت، لەبەر ئەوە بەپێی یاسا دامەزراندنی پلە تایبەتەكان پێویستی بە مەرسوومی سەرۆكایەتی هەرێم هەیە.

میدیا: واتە تا فەرمانی دامەزراندنی ئەو سێ بەڕێوەبەرەتان دەرنەچێت، دەستبەكار نابن؟

د. ئەحمەد ئەنوەر: راستە، ئێمە چاوەڕێی دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكایەتی هەرێم دەكەین بۆ ئەو بەڕێزانە تا دەست بەكار بن، بەڵام ئێمە لەسەر ئەوە نەوەستاوین و هەوڵمانداوە پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە دروست بكەین و دەستەی نەزاهە بە دەرەوە بناسێنین و لە كۆبوونەوەی وڵاتی لوبنان و توركیا و عەمان بەشداربووین.

میدیا: باسی بودجەت كرد، كە دەستەكەتان لە ساڵی 2013 بودجەی بۆ دیاری نەكراوە، ئەی بەدیلی ئەوە چیتان هەیە؟

د. ئەحمەد ئەنوەر: ئێمە بودجەیەكی كاتیمان وەرگرتووە، تا ستافی ئیدارەو ژمێریاريان رێكخست كێشەمان هەبوو، ئێستاش كێشەمان هەیە، لەبەر ئەوەی سەربەخۆیی دەستەكە سەربەخۆیی دارایی و ئیداری دەگرێتەوە كە تا ئێستا ئەو سەربەخۆییەمان نەبووە، ئەوەش پەیوەندی بە خودی سیستەمەكەوە هەیە، نەك وەزارەتی دارایی، هەرچەندە كەم تا زۆر هاوكارییان كردووین، بەڵام بێ كێشەش نەبووین.

میدیا: دەسەڵاتی دەستەكەتان تا كوێ دەبێت؟

د. ئەحمەد ئەنوەر: ئەگەر باسی سەلاحیات بكەین، ئەوا بەپێی یاسا سەلاحیاتی زۆرمان هەیەو ئامانجی سەرەكی دەستەكەشمان دژایەتیكردنی گەندەڵییە، ئەو یاسایە بۆ ئەوەیە كە ئالییەت و میكانیزمێك دیاری بكەین تا سەروەری یاسا جێبەجێ بكرێت و دژایەتی دیاردەی فەساد بكرێ و شەفافییەت لە هەموو دەزگاكان هەبێت، پێویستە دژ بە گەندەڵی كار بكەین و بتوانین رۆتین كەم بكەینەوە، پێویستە كار بكەین بۆ چەسپاندنی یاساكان و لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی گەندەڵی و رەوانەكردنی بۆ دادگای تایبەتمەندو وەرگرتنی سكاڵای هاوڵاتیان تایبەت بە فەساد لە كارەكانی سەرەكیمان دەبێت و هەموو كەسێك لەسەر بوونی هەر گەندەڵییەك دەتوانێت زانیاریمان پێبدات.

میدیا: كامە سەرۆكایەتی دەتوانێ چاودێری دەستەی دەستپاكی بكات؟

د. ئەحمەد ئەنوەر: ئێمە وەك دەستە سەربەخۆین، بەڵام لە ژێر چاوێری پەرلەمانین و بە راپۆرتێك كارو چالاكیيەكان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرز دەكەینەوە، سەرۆكی دەستە بە پلەی وەزیرەو پەرلەمان دەتوانێ لە كارەكانی بكۆڵێتەوە.

 میدیا: ئێوە بۆ كەیسەكان پشت بە چی و كێ دەبەستن؟

د. ئەحمەد ئەنوەر: بەپێی یاساكە هەموو هاوڵاتییەك دەتوانێت هەم زانیاری، هەمیش سكاڵا لەسەر بوونی هەر گەندەڵییەك تۆمار بكات، سەرجەم رۆژنامەنووسان و فەرمانبەران و هەر كەسێك كاتێ زانیاری لەسەر كەیسێكی گەندەڵی هەیە، دەتوانێ بە دەستەی نەزاهەی بدات، ئێمەش لای خۆمان هەموو ناسنامەیەكی كەسەكە دەپارێزین، بەپێی یاساكە ئێمە ناتوانین لەخۆمانەوە سكاڵا تۆماربكەین و تیمی پشكنین بۆ فەرمانگەكان بنێرين، بەڵام ئەگەر سكاڵایەك هەبێت، ئەوكات ئێمە بەڕێوه‌بەرایەتی تایبەتمەندی دەستەكەمان دەجووڵێنین و بەدواداچوونی بۆ دەكەین، لە ئێستادا جگە لە دابینكردنی چەند ژمارە تەلەفۆنێك بۆ تۆماركردنی سكاڵاكان، وێب سایتەكەشمان خەریكە دەكەوێتەكار و لە رێگەی چەند ئیمەیلێكەوە دەتوانین هەموو سكاڵایەك وەربگرین.

میدیا: ستافی دادوەری و لێكۆڵینەوەتان چۆن كاردەكەن؟

د. ئەحمەد ئەنوەر: لە ئێستادا بە نووسراوی فەرمی داوای كۆمەڵێك (لێكۆڵەری دادی)یمان كردووە، بەپێی یاساكە دامەزراندنی لێكۆڵەری دادی لەلای دەستەكە نییەو لە دەسەڵاتی بەغدایە، بۆیە ئێمە چاوه‌ڕێی ناردنی لێكۆڵەری دادی دەكەین، تا بەدواداچوونەكانمان دەست پێبكەین.

میدیا: لەماوەی رابردوو لەلایەن دەستەی چاودێری داراییەوە مەلەفێكی چەند هەزار لاپەڕەیی لەسەر بوونی گەندەڵیەكان بە پەرلەمان درا، ئێوە تا چەند كاری لەسەر دەكەن؟

د. ئەحمەد ئەنوەر: كەیسی گەندەڵی دەبێت سكاڵای هەبێت بۆ دەستەی نەزاهە، لەبەر ئەوەی بەپێی یاساكە دەستەكەمان ناتوانێت لەخۆیەوە بچێت كار لەسەر كەیسێك بكات و بەدواداچوونی بۆ بكات، بەڵام لە رێگەی لێژنەی نەزاهەی پەرلەمانەوە دەتوانین داوای ئەو مەلەفە بكەین و كاریشی لەسەر بكەین، بەڵام ئەگەر باسی كەیسەكانی ساڵانی رابردوو بكەین، لە ساڵی 1991 تا ئێستا چەندین كەیس هەیە، چەندین رووداوی ناخۆش بە سەر هەرێمی كوردستاندا هاتووە، گەڕانەوە بۆ هەموو كەیسەكان واتا ساڵی 1991 تا ئێستا ئەوا پێویستیمان بە ئیشكردنێكی زۆر و خەڵكێكی زۆر هەیە، كە ئەوە كارێكی زەحمەتە، گەڕانەوە بۆ رۆژانی 1991 و شەڕی ناوخۆ دونیایەك كەیسی هەیە كە رەنگە نەگەینە هیچ ئەنجامێك لەبەر ئەوەی كێشەی زۆرە، بەڵام وەك دەستەی نەزاهە ئێمە لەو رۆژەوە كە بە هەموو ستافەكانمانەوە دەست بەكار دەبین، هەوڵدەدەین بە جددی كار لەسەر كەیسەكان بكەین، ئەگەر سكاڵایەك بێتەلامان و بەڵگەی لەگەڵ بێت، تەنانەت هی پێنج ساڵ پێش ئێستاش بێت، بەدواداچوونی بۆ دەكەین.

میدیا: ئەگەر كەیسێك سكاڵای لەسەر نەبێت، بەڵام دەستەكەتان زانیاری لەسەری هەبێت، لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەن؟

د. ئەحمەد ئەنوەر: دەستەی نەزاهە نابێت بڵێت من ئەوەم بینی، بەڵام كەسەكانی نێو دەستەكە دەتوانن وەك هەر كەسێكی دیكە سكاڵا تۆماربكەن.

میدیا: لەبەردەم كاری دەستەكەتان پێشبینی چ بەربەست و رێگرییەك دەكەی؟

د. ئەحمەد ئەنوەر: دژایەتی كردنی گەندەڵی پێویستی بە بڕیارێكی توند هەیە، كێشەی كوردستان ئەوەیە كە چۆن بكرێتە هەرێمێكی موئەسەساتی و دامودەزگاكانی كارابكرێت، پەرلەمان بە توندی چاودێری حكومەت بكات و وەزارەتەكان بێ یاسایی نەكەن و بەپێی یاساكانیان كار بكەن و دەسەڵاتی قەزاكان كاراتر بكرێت، ئەوكات دەستەی نەزاهە نەك هەر ئیشی كەم دەبێت، رەنگە پێویستمان بەو دەستەیەش نەبێت، چونكە چەسپاندنی سەروەری یاسا خاڵێكی سەرەكییە، واتە كاتێ سەروەری یاسا هەبوو، ئەوكات هەموو هاوڵاتیان مافیان وەك یەك دەبێت، ئێمەش پێویستمان بە هەڵمەتێكی بەرفراوان هەیە بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و بە موئەسەساتكردن و نەهێشتنی رۆتینییە ئیدارییەكان. بەنیازین لە ساڵی ئایندە لە رێگەی كۆنفرانسێكەوە پڕۆژیەك بۆ هۆشیاركردنەوە و نەهێشتنی گەندەڵى پێشكەش بكەین بۆ دروستكردنی ستراتیژێكی نیشتمانی تا هەموو بەیەكەوە بتوانین گەندەڵی نەهێڵین، بەگشتی ئەگەر هەمووان هاوكاری دەستەی نەزاهە نەبن، ئەو كات ئێمەش لەوانەیە نەتوانین بەشێوەكی بەرچاو كاری خۆمان بكەین.

میدیا: كاتێ سكاڵا لەسەر بەرپرسێك، یان خاوەن پۆستێكی سیادی هەبێت، كە گەندەڵی كردووە، ئێوە دەتوانن چی بكەن؟

د. ئەحمەد ئەنوەر: وەك ئەوەی لە یاسای نەزاهەی عێراقی هاتووە ئێمەش داوامان كردووە لە یاسای دەستپاكی كوردستانیش زیاد بكرێت، كاتێ سكاڵایەك لە هەر كەس و دەزگایەك دەكرێت، ئێمە لێكۆڵەری دادیمان هەیەو دەچێت لێكۆڵینەوەی سەرەكی دەكات لە كەیسەكەو دواتر بە نووسراو دەیداتە قازی لێكۆڵینەوەی نەزاهە كە لە قۆناغی داهاتوو دیاری دەكەین، ئەوكات دادگا بڕیار دەدات كە لێكۆڵینەوە لەسەر كەیسەكە بكرێت و دەستەی نەزاهەش لە رێگەی پارێزەرەكان لەدادگا بەدواداچوونی بۆ دەكات، تا دەگاتە ئەنجام، مەسەلەی دووەم ئاشكراكردنی سەروەت و سامانە كە لە ماددەی 5 لە بڕگەی 7 لە یاساكەدا هاتووە، كە لە رێگەی رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاومان كردووەتەوە، كە پێی دەڵێن رێنمایی دەستەكەوتی ناڕەوا بەپێی ئەو ماددەیە ئێمە ئەو فۆڕمە دابەش دەكەین بەسەر ئەو كەسانەی كە لە یاساكە دیاری كراون، لەسەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی و سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیره‌كان و بەڕێوەبەره‌ گشتییەكان و سەرۆكی دەستی نەزاهە و هەموو ستافەكەی تا لێكۆڵەرە دادییەكان و قازییەكان و ئەندامانی دادوەری گشتی و ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگار و ئەنجومەنەكەی و شارەوانیيەكان و بەڕێوه‌بەری ناحیەكان و قایمقامەكان و هەموو پلەتایبەتیەكانیش دەگرێتەوە، لەگەڵ هەر كەسێك كە دەستەی نەزاهە پێی باش بێت، دەبێت ئەو فۆڕمە پڕبكاتەوە.

میدیا: لە كوردستان زۆر كەس لە پڕێك دەوڵەمەند بوون و بوونەتە خاوەن سەرمایەكی زۆر، ئێوە چۆن دەتوانن لێكۆڵینەوە لەسەر ئەوانە بكەن؟

د. ئەحمەد ئەنوەر: یاساكە زیاتر بەسەر دەزگا حكومییەكان جێبەجێ دەكرێت، كەرتی تایبەت تەنیا لەو بەشەی كە لەگەڵ حكومەت گرێبەستی كردووە، دەكرێ سكاڵا و لێكۆڵینەوەشی هەبێ، بەڵام بەگشتی ئێمە ناتوانین لەگەڵ كەرتی تایبەت لێكۆڵینەوە بكەین، بەڵام داوامان كردووە كە لە یاساكە جێگەی ئەوەش بكرێتەوە، بۆیە پێویستمان بە هەمواركردنی یاسای دەستپاكی هەیە، تا كۆمەڵێك بڕگەو ماددەی بۆ زیاد بكرێت.

میدیا: ئەگەر ئەو كەسانە فۆرمەكەی ئێوەیان پڕ نەكردەوە، یان زانیاری هەڵەیان نووسی، ئێوە چی دەكەن؟

د. ئەحمەد ئەنوەر: یاساكە لە ماددەی 15 دەڵێت: ئەگەر هەر كەسێك بە ئەنقەست بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ لە كاتی وەرگرتنی ئەو فۆڕمە پڕنەكاتەوە، ئەوا سزا دەدرێت بە بڕی یەك ملیۆن كەمتر نەبێت و لە سێ ملیۆن زیاتر نەبێت، یان هەر كەسێك زانیاری هەڵە لە فۆڕمەكەی هەبێت، هەر چەندە لەو ماددەیە دەڵێت رێگە لە هیچ سزایەكی دیكە ناگرێت ئەگەر دادگا پێی باش بوو، بیدات.

میدیا: پێتوانییە 1 تا 3 ملیۆن دینار سزایەكی زۆر كەمە، بۆ نموونە گەندەڵكارێك كە بە ملیۆنه‌ها دۆلاری دزیبێت، هەر فۆڕم پڕناكاتەوە و ئەو سزا كەمەش بە ئاسانی دەدات؟

د. ئەحمەد ئەنوەر: بەداخەوە لەبەر ئەوەی تا ئێستا سیستەمی موئەسەساتیمان نییە و لەڕێگەی بانكەوە كار ناكەین، بۆیە رەنگە شاردنەوەی سامانەكان زۆر ئاسانە، لە ئەوروپا كاتێ فەرمانبەرێك بچێت ئۆتۆمبێلێكی گرانبەها بكڕێت، ئەوكات یەكسەر لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێ، لەبەر ئەوەی ئەوان دەزانن مووچەو داهاتی چەندە و دەبێت بزانن چۆنی كڕیوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لێرە ئەوە نییە، بۆیە شاردنەوەی سامان ئاسانە و دەتوانن سامانەكەی بەناوی خەڵكی دیكە تۆمار بكات، بەڵام كاتێك كەیسێكی لەسەر دروست دەبێت و زانیاری لەسەر دەبێت و بەڵگەی لەسەرە، دەتوانین بچین لەسەرجەم دەزگاكان لێكۆڵینەوی لەسەر بكەین، تا بزانین چی هەیە و چۆنی شاردووەتەوە، رەنگە لە هەنگاوی یەكەم ئەو كارە هەندێك قورس بێت، بەڵام لەداهاتوو دەتوانرێت كاری باش بكرێت.

میدیا: یاسای دەستپاكی و یاسای داواكاری گشتی ئایا جۆرێك لە تێكەڵی تێدا نییە؟

د. ئەحمەد ئەنوەر: داواكاری گشتی پاراستنی بەرژەوەندی گشتییەو دەتوانێت لەسەر هەر شتێك كە زیانی بۆ بەرژەوەندی گشتی هەبێت سكاڵا تۆمار بكات، هەوڵدەدەین لە داهاتوودا لەگەڵیان دابنیشین و قسەیان لەگەڵ بكەین، هەرچەندە ئەوان ئێستا یاساكەیان رەوانەی پەرلەمان كردۆتەوە تا هەموار بكرێتەوە، بەڵام لە داهاتوو ئێمە لەگەڵ داواكاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری و دیوانی چاودێری دارایی و قەزاكان كاری بەردەواممان دەبێت و پێویستە ئالیەتێك بۆ گونجان بە یەكەوە بدۆزینەوە، ئەگەر تەداخولێكیش لە دەسەڵاتەكان هەبێت، دەتوانین تەنسیق بكەین.

 

 

 

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌