كاتلین بوكستاف رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی ئه‌مریكی لە دیدارێكی لەگەڵ ئالان موحسین كە قوتابییەكی كوردی زانكۆی ستانفۆردە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ئالان دەیداتێ، هەستی بەرامبەر كوردستان دەبزوێ و بابەتێكی سەرنجڕاكێشی لە (The Huffington Post) بڵاوكردووەتەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

ئاڵای قەد دیوار.. نیشاندەری كۆڵنەدانی گەلی كوردە
كاتلین بوكستاف

كەی وڵاتێك دەبێتە وڵات؟ ئەوكاتەیە كە نەتەوەیەكگرتووەكان رەزامەندی لەسەر دەدات یان ئەو كاتەی كە گەنجێكی 18 ساڵان ئاڵاكەی لەسەر دیواری ژووری بەشەناوخۆییەكەی هەڵدەواسێت؟
هێشتا جانتاكانی نەكرابوونەوە، سیسەمەكەشی جێی نووستنی لەسەر نەبوو، كوڕە گەنجەش لە ناوەراستی ژوورە نوێیەكەی بەشە ناوخۆیی، بەرامبەر بە ئاڵاكەی راوەستابوو و پێدەكەنی. ئاڵاكە سوور و سپی و سەوز بوو كە هەتاوێكی زەردی لە ناوەراستیدا هەبوو.
ئەو گەنجە لەگەڵ كوڕەكەم لە یەك ژووردان. لێم پرسی: "خەڵكی كوێی؟"
-"كوردستان". دەنگی شانازی لێ دەهاتە دەرەوە.
من خۆم پێناساند و ئەویش گوتی: ناوم (ئالان)ە. لەسەر دیوارێكی دیكە وێنەی كچێكی منداڵم بینی كە جلێكی قوماش چنراوی لەبەردا بوو.
پرسیم: "ئەو كچە كێیە؟"
-بە خەندەوە گوتی: "خوشكم. تەمەنی 8 ساڵانە."
گوتم: "دڵنیام ئێستا بیرت دەكات." وەڵامی دایەوە: "خەمبار بوو بە رۆیشتنم."
- چی دەخوێنی؟
ئالان گوتی: "ئەندازیاری كارەبایی."
دواتر لە مێردەكەم پرسی: "كوردستان وڵاتە؟"

ئەویش گوتی: ئەوە پرسیارێكی باشە و نەخشەیەكی هێنایە دەرەوە و ئاماژەی كرد بە شوێنی یەكگرتنی ئێران، ئێراق، سووریا و توركیا. بە ئاماژەدان بە ناوچەكە، مێردەكەم گوتی: "ئەمە ئەو جێگایەیە كە كوردەكان لێی دەژین و ئەمەش هەولێرە، ئەو شارەی ئالان لێی هاتووە."
ئینجا خۆم و خۆی دەستمان كرد بە خوێندنەوە لەسەر كورد و زانیمان زمانی كوردی لە زۆربەی كاتەكانی سەدەی 20 لە هەر چوار وڵات یاساغ بوو. خوێندنەوەمان لەسەر پێشمەرگە كرد كە بۆ چەندین نەوە لە پێناو ئازادی كورد خەباتیان كرد. هاوكات حەزمان دەكرد چیرۆكی ئالان بزانین.
رۆژێك پێش پشووی زستان، كورتەنامەیەكم لە كوڕەكەمەوە پێگەیشت كە تێیدا هاتبوو: "ئالان دەتوانێت بێت لەگەڵم بۆ چەند رۆژێك بمێنێتەوە؟" منیش وەڵامم دایەوە: "بەخۆشحاڵییەوە حەزدەكەین."


لە شەوی كۆتایی ساڵ ئالان لەگەڵمان بوو، چووین بۆ دوكانێكی فرۆشتنی داری كریسمس و ئالان لە هەڵبژاردنی دارێك یارمەتیداین. لە ماڵەوە، لە كاتی هەڵواسینی كەلوپەلەكانی رازاندنەوە، ئالان باسی پێشمەرگەی بۆ كردین.
ئالان روونیكردەوە كە پێشمەرگە چەكدارێكی كوردە كە بۆ سەربەخۆیی و مافی كورد شەڕ دەكات، بێ گوێدانە گروپ و پارتەكەی. ئەو گوتی: "باوكم چووە ریزی پێشمەرگەوە كاتێك 16 ساڵان بوو. لە بنەماڵەكەمان باوكم و باپیرم پێشمەرگە بوون. لە وڵاتی من زۆربەی خەڵك كەسێكی لەدەستداوە. یەكێكم دەناسی سێ برا و باوكی لەدەست دابوو. لەوەوپێش، پێشمەرگە بارەگایان نەبوو و لە شاخ و ئەشكەوتەكان دەژیان و بەهەموو جۆرەكان خۆیان دەرباز دەكرد. ئێستا سوپای فەرمی ناوی پێشمەرگەیە، وەك رێزێك بۆ شەهیدان."
ئەو باسی ئەوەی كرد لە 10 ساڵی رابردوو چۆن شاری هەولێر گۆڕانكاری بەخۆوە بینیوە. تێگەیشتین كە ئالان لە وەجبەی یەكەمی دەرچوونی قوتابخانە ئامادەییەكەی بوو و قوتابییانی قوتابخانەكەی، ئێستا لەسەرانسەری جیهان لە زانكۆكانن.
رۆژی دواتر پێش ئەوەی ئالان بەجێمان بهێڵێت، چام لێنا و لە چێشتخانەكە قسەمان كرد. پرسیم: "هەنگوین لەگەڵ چایەكە؟" گوتی: "بەڵێ بە یارمەتیت."
سەبارەت بە هەولێر لە ئالانم پرسی. پێی گوتم هەولێر كۆنترین شاری جیهانە كە بە بەردەوامی خەڵكی تێدا ژیا بێت. پرسیم: "لە كوێ لەدایك بووی؟"
گوتی: "من لە كوردستانی ئێران لەدایك بووم. كاتێك 8 ساڵان بووم ئێمە هەڵهاتین. دایك و باوكم رۆژنامەنووسن و ئێمە دەكوژراین ئەگەر لە ئێران بماباینایەوە. لەسەر پشتی ئەسپ هاتینە ئەودیوی سنوور."
بەوەی كە خێزانێك بۆ درێژەدان بە ژیان بە سواری ئەسپ هەڵبێن، پرسیارێك بە مێشكم گەیشت و پرسیم: "دەترسان."
ئالان گوتی: "خۆشبوو. هێشتا بیرم ماوە." راستەوخۆ دایكیم خۆشویست كە ئەو گەشتە مەترسیدارەی كردووە بە گەشتێكی خۆش بۆ كوڕەكەی. پرسیم: "كە گەیشتیتە هەولێر چۆن بوو؟"
گوتی: "دەبوو كاتژمێر 3ی بەیانی هەڵبسایایەن بۆ ئەوەی ئاومان بەر بكەوێت ئەگەرنا هیچمان نەدەبوو. رۆژی یەك كاتژمێری كارەبامان هەبوو بەڵام ئێستا شت زۆر گۆڕاوە. بە درێژایی رۆژ ئاو و كارەبامان هەیە."
چا تێكردنەكەم و گەرمایی ئەو چایە كە بەرز دەبووە خۆشتر بوو، وەك بەر لە كاتژمێرێك لەوە. پرسیم: "زیاتر بیری چی دەكەی؟"
ئەو گوتی: "بیری سەیرانەگەكانمان دەكەم. موسیقالێدەران هەن كە لەوناوە دەسوڕێنەوە و بانگیان دەكەینە لای خۆمان و ئەوانیش مۆسیقا لێدەدەن و ئێمەش هەڵدەپەڕین. زۆر خۆشە. لە شەوانی درێژی زستان، زۆربەی شەوان هەر شایی دەكەین. كەس نانوێت. لە بەهاران، بۆ سێ رۆژ سەیران دەكەین. ئەوەش كاتی ساڵی نوێی ئێمەیە."
ئالان كۆمپیوتەرەكەی ئێمەی بەكارهێنا بۆ گەڕان لە یوتیوب بەدوای شایی كوردی. كاتێكیش دۆزییەوە، گوتی: "ئەم شاییكەرانە لە ئەورووپان." بە ئاسانی ڤیدیۆی دیكەی نەدۆزییەوە.
پرسیم: بۆچی زەحمەتە ڤیدیۆی دیكەی شایی كوردی بدۆزیتەوە؟"
وەڵامی دامەوە: ئەگەر ڤیدیۆ و شایی سێ پارچەكەی دیكەی كوردستان، ئێران و سووریا و توركیا، بڵاو بكەینەوە، ئەوە دەكوژرێین. هەندێك لەو ڤیدیۆیانەی نیشانمدان لە هەرێمی كوردستانی عێراق تۆماركراون كە من تێیدا دەژیم و سەلامەتە بڵاوی بكەیتەوە.
لەگەڵ گوێگرتن لە قسەكانی ئالان، بیرم دەكردەوە چەند بە ئاسانی دەڵێت: "ئەگەر وا بكەین و وا بكەین، دەكوژرێین."
چەند ڤیدیۆیەكی دیكەی شایی كوردیمان تەماشا كرد. بینیم سێ میوزیكژەن ئامێری وەكو فلوت و درەمیان دەژەنی. ئالان پێی گوتم: ئەو ئامێرەی وەكو فلوت وایە لە دار دروست دەكرێت و پێی دەگوترێت (زورنا)، یان (دوزەلە) یان (جوزەلە) (بەگوێرەی شوێنەكان) و درەمەكەش پێی دەڵێن (دەهۆڵ).
ئەو پیاوانەی شاییان دەكرد یەك تاقم جلی كڵاو و چاكەت و قەمیسی سپی و پانتۆڵی فشیان لەبەردا بوو و ژنەكانیش جلوبەرگی رەنگاورەنگ. جوڵە بە تەنسیقەكەكانیان بریتی بوو لە هێنانەپێش و بردنە دواوەی پێی و شانەكان لەگەڵ میوزیكەكە. ژن و پیاوەكان لە یەك ریزدان، پێدەكەنن و دەست لەناو دەستن.
ئەو گوتی: "میوزیكژەنەكان میوزیك لێدەدەن و ئێمەش هەڵدەپەڕین، بەڵام ئەگەر میوزیكژەن نەبێت، ئەوە خۆمان چەپڵە لێدەدەین و هەر شایی دەكەین. ئێمە كلتووری خۆمان دەپارێزین. زۆر شت گۆڕاون، بەڵام هێشتا هەڵدەپەڕین.
من گوتم: "ئێوە خۆشییەكە بەزیندوویی دەهێڵنەوە." پێكەنی و گوتی: بەڵێ.
خواردنێكم بۆ ئالان ئامادە كرد بۆ ناو فڕۆكە و بردم بۆ شوێنی وەستانی پاسەكە. پلانەكەی ئەوە بوو كە پاس بیبات بۆ فڕۆكەخانە، بفڕێت بۆ نیویۆرك، لەوێوە بۆ ئوردون و ئەنجا بۆ هەولێر. ئەو بەیانییەی بردم بۆ لای پاسەكە رۆژی سێشەممە بوو.
پرسیم: "چی كاتێك دەگەیتەوە ماڵ؟"
ئالان گوتی: كاتژمێر 3ی بەیانی پێنجشەممە؟"
پرسیم: "لەپێش ئێمەوەن؟"
گوتی: "نیو رۆژ."
پرسیم: "كێ دێت بەدوات لە فڕۆكەخانە؟"
گوتی: "باوكم، دایكم و خوشكم."
پرسیم: "تەنانەت لە نیوەی شەویشدا خوشكت دێت؟"
پێكەنی و گوتی: "بەڵێ. ناتوانێت بخەوێت، زۆر بە ئومێدەوە چاوەڕێ دەكات."
گەڕامەوە ماڵ و دەستمكرد بە شوشتنی قاپەكانی خواردنی بەیانی. دواقومەكانی چایەكەم خواردەوە و تامی هەنگوینیم كرد. ئەو كوپەی چایەكەم لێ خواردەوە هی من نەبوو. هەستمكرد كە شیرینییەكە هی كوپەكەی ئالان بوو. هاتە پێش چاوم كە دەگاتەوە ماڵ بۆ ئەوەی شەوانی زستان بە خۆشی بگێڕێت و لەگەڵ خێزان و برادەرەكانی شایی بكات.
ژیان، ئازادی و گەڕان بەدوای خۆشی: دەستپێكردنی وڵاتێكی گەورە، بە پاراستنی ئەوانەی گرنگن دەستپێدەكات.
و: ئاكۆ مامشەیی

پڕۆفایل:
كاتلین باكستاف، رۆژنامەنووس و نووسەری بەناوبانگی ئەمریكی، باكلیۆرسی ئینگلیزی و ماستەر لە رۆژنامەنووسی لە زانكۆی ستانفۆرد بەدەستهێناوە. دەیان بابەتی لە رۆژنامە بەناوبانگەكانی (Los Angles Times) (The Arizona Republic) (The Sun Literary Magazine) (The San Francisco Chronicle) و (The Huffington Post) بڵاوكردۆتەوە. كتێبێكی بە ناوی (The Tiffany Box) لە ساڵی 2013 چاپكردووە و كتێبەكەی فینالیستی باشترین كتێبی 2013ی ئەمریكا بوو.


سەرچاوە: رۆژنامه‌ی خه‌بات