رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

 

عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركوك:

لە سنووری پارێزگای كەركوك 237 كەس كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بوون لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان شەهید بووینە

 

كارمەندانی ئەمنی بە گیانێكی كوردانە و فیداكارانە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی شارەكە بە ئەركی سەرشانی خۆیان دەزانن

 

هه‌ڤپه‌یڤین: تارا محەمەد

عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركوك، لە دیمانەیكی تایبەت رەوشی ئەمنی پارێزگای كەركوك تاوتوێ دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە لە دوای هاتنی داعش بۆ ناوچەكە ئەركەكانیان قوڕستر بووە و بەكارهێنانی ناسنامەی ساختەش لەلایەن گروپە توندەڕەوەكان بە گرفتێكی گەورە دەزانێت.  

 

میدیا: پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركوك، لە پێناو پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەكە كارەكانی رۆژانەی چۆن رایی دەكات؟

سەرحەد قادر: ئێمە وەكو پۆلیسی قەزا و ناحیەكان لەپێناو بەرقەرار بوونی ئەمن و ئاسایشی پارێزگای كەركوك لە كۆتایی ساڵی 2003 تاوەكو ئێستا هێزەكانمان بە بەردەوامی لەشەڕی تیرۆردان، تەنانەت زۆربەی جارەكان لەگەڵ گروپە تیرۆریستەكان تووشی شەڕ و پێكدادان هاتووین بە تایبەت لە سنووری ناوچەكانی قەزای حەویجە، شاخی جەبەل حەمرین و ناحیەی رەشاد ئەو گرووپانەش بریتی بوون لە بەعسییەكان، نەقشبەندییەكان، قاعیدە، ئەنسار سونە، ئەنسار ئیسلام و موجاهدین، ئەو ئەركانەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا و قوات خاسە و جەیش و ئیستقبارات جێبەجێكراون، دوای گەڕانەوی هێزی ئەمریكا بە هەمان شێوە لەگەڵ سوپای عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانەدا بەردەوام بووین، بەداخەوە لە سنووری پارێزگای كەركوك 237 كەس لە برادەرانی ئێمە كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان بوون لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان شەهید بوون، دوای هاتنی هێزی داعش ئەركەكانی سەرشانمان قوڕستر بوو، لە كاتێكدا ئێمە سەر بە حكومەتی ناوەندی بووین و سوپای عێراقیش لە ناوچەكە نەما، بەڵام ئێمە لە راپەڕاندنی ئەركەكانمان بەردەوام بووین، لە هەر جێگەیەك كە شەڕ بووبێت هێزەكانمان شانبەشانی هێزی پێشمەرگە ئامادە بووە، لەم شەڕەشدا 29 شەهید و زیاتر لە 100 بریندارمان هەیە كە بەشێكی زۆری بریندارەكان كەمئەندام بووینە.

میدیا: دەگوترێ هەوڵێك هەیە بۆ دروستكردنی حەشدی شەعبی لە ناو كەركوكدا و خەڵكانێك لە گەرمیان ناوی خۆیان نووسیوە، ئەوە تاچەند لە راستیەوە نزیكە؟

سەرحەد قادر: لە سنووری كەركوك شتێكی لەمجۆرە بە رەسمی بوونی نییە و هیچ زانیارییەكم لەسەر ئەو دەنگۆیە نەبیستووە، لە كەركوك هێزی پێشمەرگە و ئاسایش هەیە، پۆلیسی سەر بە حكومەتی مەركەزی هەیە و وەزعی ئەمنی كەركوك زۆرباشە، بەڵام لە خازر و گوندی بەشیر و داقوق توركمانەكان هێزێكی تایبەت بەخۆیانیان هەیە وەكو حەشدی شەعبی.

میدیا: ئاماژەتان بەوە كرد كە لە ئێستادا وەزعی ئەمنی كەركوك باشە، ئایا لەوەتەی كەركوك گەڕاوەتەوە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردە تیرۆرستیەكان تا چ رادەیەك كەم بوونەتەوە؟

سەرحەد قادر: بارودۆخی ئەمنی كەركوك زۆر باشترە و خەڵكەكە هەست بە ئاسایش و ئارامی دەكەن، تەنانەت تەقینەوەش تا ئاستێكی باش كەمی كردووە، سەنگەرەكان قایم كراون، هەماهەنگییەكی باش لە نێوان هێزە ئەمنییەكان بوونی هەیە، لە دەرەوەی شاریش هێزی پێشمەرگە و پۆلیس بەیەكەوە كاردەكەن، جگە لەوەی كۆڕ و كۆبوونەوە و گۆڕینەوەی زانیاری لە نێوان هێزەكان بەردەوامی هەیە، هەموو ئەوانە وایانكردووە كە وەزعی ئەمنی كەركوك رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو باشتر بچێت.

میدیا: حكومەتی عێراق بە شێوەەیكی گشتی تاچەند یارمەتیدەرتان بووە لە پاراستنی بارودۆخی ئەمنی ئەو شارە؟

سەرحەد قادر: ئاشكرایە ئێمە وەكو پۆلیس سەر بە حكومەتی ناوەندین، ئەوەی كە بۆ تێكڕای پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەكرێ بۆ ئێمەش بە هەمان شێوە كراوە، ئەگینا هیچ خزمەتێكی زیاتر بۆ پۆلیسی كەركوك نەكراوە، رەنگە ئیمتیازاتی شارەكانی دیكە لە هی ئێمە زیاتریش بێت.

میدیا: زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبین كە لە ناو ئاوارەكانی سنووری كەركوك گرووپی تیرۆرستی دەستگیر دەكرێن، ئەوە تا چەند راستە و تاوانباران چۆن دەدۆزنەوە؟

سەرحەد قادر: بەهۆی هاتنی بە لێشاوی ئاوارە بە بەردەوامی پۆلیس و ئاسایش و تێكڕای دەزگای ئەمنییەكانی تر لە كۆكردنەوەی زانیارین و هەماهەنگیمان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی پارێزگاكانی دیكەدا هەیە، لە ناو ئاوارەكاندا خەڵكانێك گومانیان لێكراوە و دەستگیركراون، هەفتەی رابردوو 7 كەسمان دەستگیركرد، لێرەدا ئێمە گرفتێكی گەورەمان هەیە لەگەڵ ئەو ئاوارانەی كە روویان لە كەركوك كردووە، رەنگە كەسانێك كردەی تیرۆرستیان ئەنجامدابێت و دوای ئاشكرا بوونیان بۆ ئێرە رایانكردووە، بۆ ئەو ئاسان بووە بە ناسنامەیەكی ساختەوە بێتە ئێرە بەڵام دۆزینەوەی بۆ ئێمە لەوانەیە كارێكی قوڕس بێت تاوانبارێك بە ناسنامەیەكی غەیری خۆی بدۆزینەوە، بەكارهێنانی ناسنامەی ساختە لەلایەن گروپە توندەڕەوەكانەوە گەورەترین گرفتی بۆ دروستكردووە، زۆرجار لەكاتی داواكردنیاندا خۆیانی پێ‌ دەرباز دەكەن، بەناوێك داوا دەكرێن، بەڵام بەناوێكی دیكە ناسنامە دروستدەكەن، بەراستی ئاشكراكردنی ئەو ناسنامانەش بۆ ئێمە زۆر قورسە، لەو حالەتانەدا تەنیا دەتوانین پشت بە سەرچاوەكان و كەسانی دڵسۆز ببەستین بۆ یارمەتیدانمان و ئاشكرا كردنی راستییەكان.

میدیا: باسی كێشەت كرد، ئایا جگە لەم كێشانەی باستكرد لە بەردەم راپەڕاندنی كارەكانتان گرفتی دیكە بوونی هەیە؟

سەرحەد قادر: خۆشبەختانە كارمەندانی ئەمنی بە گیانێكی كوردانە و فیداكارانە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی شارەكە بە ئەركی سەرشانی خۆیان دەزانن، ئەگەر گرفت و كەموكورتیشمان هەبێت هەرگیز نەمان هێشتووە ببێتە رێگر لەبەردەم راپەڕاندنی كارەكانی رۆژانەمان، ئەوەی لەلامان گرنگ و زەرور بووبێت چۆن بتوانین ئەمنیەتی ئەو شارە بپارێزین.

میدیا: زۆرجار گلەیی ئەوە لە بەڕێزتان دەكرێ بەوەی كە بەناوی گومانلێكراو خەڵكانێكی زۆر دەستبەسەر دەكەن، تێبینیتان لەسەر ئەوە چییە؟

سەرحەد قادر: ئێمە بەبێ رەزامەندی دادگا ناتوانین هیچ كەسێك دەستبەسەر بكەین، هەر كەسێك كە دەگیرێت لەسەر بڕیاری دادوەری دادگای كەركوك بەشی تیرۆر دێتە دەستبەسەر كردن، زیاتریش ئەو كەسانەی كە دەگیرێن كەسانێكن لە شارەكانی دیكەوە هاتوون لێرە نیشتەجێ بووینە بێئەوەی موافەقەی مانەوەیان هەبێت، تەنانەت سەردانی هیچ بنكەیەكی پۆلیس و هیچ یەكێك لە دەزگا ئەمنییەكانیان نەكردووە، ئێمە بە شێوەیەكی یاسایی و رەسمی بانگیان دەكەین بۆ لێكۆڵینەوە، دواتر لیژنەی ئەمنی بڕیار لەسەر كەسەكە دەدات، هەر كاتێكیش زانیاریمان پێبگات لەسەر هەر قەزا و ناحیە و گوندێك لەگەڵ هێزی ئاسایش و پۆلیس و تێكڕای دەزگا ئەمنییەكانی تر سەردانی شوێنی مەبەست دەكەین، هەر كەسێكیش كە دەستگیر دەكرێت تەسلیمی سنووری ئەو بنكەیە دەكرێت كە لێی دەستگیركراوە، دادوەر بۆ ماوەی 72 سەعات رایدەگرێت، دوای لێكۆڵینەوەش بڕیار بۆ جەنابی دادوەر دەگەڕێتەوە، ئێمە لەو كاتەوەی داعش هاتۆتە سنووری پارێزگای كەركوك تیمێكی كارمان پێكهێناوە، ئەو تیمە بەرپرسی ئەمنی پارێزگای كەركوك سەرپەرشتی دەكات، لە ئێستادا زیاتر لە 57 دۆسیەمان هەیە كە كەسەكان سەر بە داعشن و هەر دۆسیەی لە چەند داواكراوێك پێكهاتووە، هەموو دۆسیەكان دراون بە دادگای تاوانی كەركوك و بەپێی حەجمی تاوانەكیانیان رەفتاریان لەگەڵ كراوە.

میدیا: بوونی دوو هێزی ئاسایش لە كەركوك گرفتی ئەمنی بۆ دروست نەكردوون، ئایا لەلایەن هەردوولاوە پارتی و یەكێتی هەوڵی یەكگرتنەوەی هەردوو ئاسایش نەدراوە؟

سەرحەد قادر: بەخۆشحاڵیەوە هەردوو ئاسایش وەكو یەك تیم كار دەكەن، هەردوو لاش لە كۆبوونەوەكانی لیژنەی ئەمنی پارێزگای كەركوك بەشدارن، جگە لەوەی هەماهەنگییەكی باشیان لەگەڵ پۆلیس هەیە و لە راپەڕاندنی ئەركەكاندا مەفرەزەیان لەگەڵ ئێمە دەردەچێت، هەردوو دەزگاكە سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانن و یەك وەزارەتیان هەیە، رێنماییەكانیش لەم وەزارەتە وەردەگرن و لە كاتی كاركردندا هیچ لایەك لەگەڵ بەرامبەرەكەی منافەسە و كێبڕكێ ناكات، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا خوازیاری ئەوەین لە جیاتی دوو دەزگا یەك دەزگای ئاسایشمان هەبووایە.

میدیا: هاتنی بەڕێز مەسعود بارزانی لەم چەند رۆژی رابردوو بۆ شاری كەركوك چ كاردانەوەیەكی هەبوو؟

سەرحەد قادر: هەر بەرپرسێك چ سیاسی بێت یان عەسكەری لە كاتی خۆشی و ناخۆشی سەردانی جەماوەر بكات بەراستی كاریگەری خۆی دەبێت، بە تایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی كە فەرماندەی هەموو هێزی پێشمەرگەیە جگە لەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، كەسێكە ئاشنایەتییەكی زۆری لەگەڵ بواری سەربازی هەیە، سەردانەكەشی بۆ پارێزگای كەركوك بە مەبەستی دەستخۆشی كردن بوو لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی هێرشەكانی داعش لە سنووری پارێزگای كەركوك، دەتوانم بڵێم ئەم سەردانە كاریگەری ئەرێنی لەسەر هەموومان هەبوو.

 

  

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌