رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

حوسەین یەزدانپەنا: تا ئێستا هێزەکانی رۆژهەڵات لە یەک نزیک نه‌بوونه‌ته‌وه‌

 

وەدەسێهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی کورد لە رێگەی رێفراندۆمەوە، دەتوانێ ئەو پرێنسیپ و ئامانجە بێ کە هەموو هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری کۆ ببنەوە

 

کۆمەڵێک فاکتەر و هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکیی لە پشت شەڕی داعش دایە، بەڵام ئەگەر خەڵک پشتیوانی لە سەرکردەیەکی لێبڕاوی نەتەوەیی سەربەخۆیی خوازی دەوڵەتخواز بکەن، دەکرێ بە سەر ئەو فاکتەر و هۆکارانەدا باز بدرێ

 

دیمانە/ تارا محەمەد

حوسەین یەزدانپەنا جێگری سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان، لە هەڤپەیڤینێكدا باس لە رەوشی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و تیشكدەخاتە سەر گرنگی دروستبوونی بەرەیەكی یەكگرتووی هێزە سیاسییەكانی ئەو بەشەی كوردستان و پێیوایە شەڕی كورد بە كورد پەتا و بەڵایەکی کۆن و رەگ داکوتاوە لە کۆمەڵگەی کوردی و لە نێو هێزە سیاسییەکانیدا، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە داعش و حەشدی شەعبی دوو رەوتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئۆلترا فاشیستیین ئەگەر پێیان بکرێ رەگ و ریشەی کورد دەردێنن.

 

پرسیار: حزب و لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تاچەند خۆیان بۆ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە ئامادەكردووە؟

حوسه‌ین یەزدانپەنا: ناوچەکە لە پرۆسەی گۆڕاندایە، هەر حیزبێک بە گوێرەی ستراتیژ و سیاسەت و توانای خۆی لە جووڵەدایە، بەڵام هیچ حیزبێک ناتوانێ بە تەنیا و بە توانای خۆی، باری رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگرێ و بیگەێنێتە ئامانج، بۆ ئەوەی لە پرۆسەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا رۆژهەڵاتی کوردستان بتوانێ رۆڵ بگێڕێ و جێی خۆی بگرێ، پێویستە لەم ئاستە لە پارسەنگی نێوان هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، یەکێتییەکی بە کردەوە چێ ببێ. پارتی ئازادیی کوردستان داهێنەری سیاسەتی پێکهێنانی بەرەی کوردستانییە و بەردەوام پێی لە سەر دادەگرێتەوە.

پرسیار: لەم قۆناغەدا چ پلاتفۆرمێكی سیاسی هەیە كە بتوانێت ئۆپۆزیسیۆنی كوردی لە رۆژهەڵاتی وڵات لە یەك نزیك بكاتەوە و كۆتایی بەو تەلیسمە سیاسییە بێنێت كە ئەو هێزانە نەیانتوانیوە دوای دەیان ساڵ خەبات بەرە یان هێزێكی هاوبەش پێكبێنن؟ حوسه‌ین یەزدانپەنا: ستراتیژ و ئامانجی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات وەک یەک نییە و هی هێندێکیان زۆر لێک دوورن. هاوکات کۆمەڵێک کێشەی تایبەت و تەنانەت شەخسیی لە نێوان ئەو هێزانە و سەرکردەکانیاندا لە گۆڕێ دایە. تا ئێستا هیچ پلاتفۆرمێک لە ئارادا نییە کە هێزەکانی رۆژهەڵات لە یەک نزیک بکاتەوە. لە دوو قۆناغدا حەولدانێک بۆ پێکهێنانی بەرە یان چەترێک بۆ هاوکاریی هەبوو کە هیچکامیان بە ئاکام نەگەیشت. بە بڕوای ئێمە "وەدەسێنانی مافی دیاریی کردنی چارەنووسی سیاسیی کورد لە رێگای رێفراندۆمەوە"، دەتوانێ ئەو پرێنسیپ و ئامانجە بێ کە هەموو هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری کۆ ببنەوە.

 

پرسیار: نزیك بوونەوەی ئەمریكا و ئێران تاچەند بەرژەوەندی نەتەوەیی كورد دەخاتە مەترسیەوە؟

حوسه‌ین یەزدانپەنا: جارێ زووە باس لە نزیکبوونەوەی ئەمریکا و ئێران بکرێ. گەیشتن بە لێکتێگەیشتن، یان تەنانەت رێکەوتن لە سەر بابەتێک لە قۆناغێکدا، ناکرێ بە نزیکبوونەوە پێناسە بکەین. بەڵام لە حاڵەتێکی وەهادا نەک بەرژەوەندیی کورد بەڵکوو بەرژەوەندیی خودی دەوڵەتی ئەمریکاش مەترسیی لە سەر دەنیشێ، چونکە تاران بە هیچ شێوەیەک جێی متمانە نییە و دەستێکی باڵای لە مانۆڤر و فریوکاریی دا هەیە. هیوادارم ئیدارەی ئۆباما تووشی ئەم هەڵەیە نەبێ.

پرسیار: شەڕی كورد و كورد وەك ئەو پێكدادانەی حدكا و پەكەكە چ خوێندنەوەیەكی بۆ دەكەن؟

حوسه‌ین یەزدانپەنا: پەتا و بەڵایەکی کۆن و رەگ داکوتاوە لە کۆمەڵگای کوردی و لە نێو هێزە سیاسییەکانیدا. بابەتێکی کولتوری، سایکۆلۆژی، جیۆپۆڵەتیکی و سیاسییە. لە عەینی کاتدا خاڵی لاواز و ئابڕووبەرانەی کۆمەڵگای کوردی و بزووتنەوە سیاسییەکەیەتی.

پرسیار: داعش وەك دەوڵەتی ئیسلامی پێوەری سنوورەكان و سەروەری وڵاتانی شكاند، بۆچی كورد ناتوانێ سەروەری سنوورەكانی خۆی بگێڕێتەوە و سەربەخۆبوونی خۆی رابگەینێت؟

حوسه‌ین یەزدانپەنا: کۆمەڵێک فاکتەر و هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکیی لە پشتەوەیە؛ بەڵام ئەگەر خەڵک پشتیوانی لە سەرکردەیەکی لێبڕاوی نەتەوەیی سەربەخۆیی خوازی دەوڵەتخواز بکەن، دەکرێ بە سەر ئەو فاکتەر و هۆکارانەدا باز بدرێ.

پرسیار: حەشدی شەعبی و داعش، یان سونە و شیعەی عێراق تا چە ئاستێك هەڕەشە لە كیانی سیاسی كورد دەكەن.

حوسه‌ین یەزدانپەنا: نابێ حیسابی حەشدی شەعبی و داعش لە گەڵ خەڵکێکی ئاسایی کە پەیڕەویی لەو مەزەبانە دەکەن تێکەڵ بکەین. داعش و حەشدی شەعبی دوو رەوتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئۆلترا فاشیستیین کە ئەگەر پێیان بکرێ رەگ و ریشەی کورد دەردێنن. داعش خۆی تاقی کردەوە، سەری لە بەردی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کوردستان درا. نازانم ئایا دەبێتە دەرسی عیبرەت و پەند بۆ حەشدی شەعبی یان نا؟

پرسیار: سەركەوتنی كورد لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی توركیا تاچەند خزمەت بە دۆزی كورد لە چوار پارچەی كوردستان و ناوچەكە دەكات؟

حوسه‌ین یەزدانپەنا: لە هەر پارچەیەکی کوردستان، بزووتنەوەی سیاسیی کورد دەستکەوت و سەرکەوتنێک بە دەست بێنێ، بە جۆرێك لە جۆرەکان و بە رادەیەک کاریگەریی ناڕاستەوخۆ لە دۆخی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکات. ئێستا لە باکووری کوردستان سەرکەوتنێک لە هەڵبژاردندا وەدەستهاتووە، بەڵام هێشتا لە من روون نییە کە ئەو سەرکەوتنە پەرلەمانییە چۆن دەکرێتە هێز و توانایەک بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد لە وەدەسهێنانی مافەکانی نزیک بێتەوە. هەڵبەت نابێ لە بیرمان بچێ کە لە ئازادترین دیموکڕاسییدا ماف وپرسی نەتەوەیی سنووردار چارەسەر دەکرێ. سەرکەوتنە پەرلەمانییەکەی کورد لە تورکیا، سەرکەوتنێکە بۆ کورد، بەڵام هەرگیز ناتوانێ مافی نەتەوەیی کورد دابین بکات. دەتوانێ هەلومەرجێکی باشتر بۆ باس لە پرسی کورد بڕەخسێنێ بەڵام قەت ناتوانێ پرسی کورد چارەسەر بکات. پرسی کورد تەنیا بە سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوون چارەسەر دەبێ.

پرسیار: وەكو پارتی ئازادیی کوردستان كە لە سەنگەری بەرگریدان لە دژی داعش تاچەند لە بەرامبەر خوێنی شەهیدان و گەل و نەتەوە ویژدانتان ئاسوودەیە؟

حوسه‌ین یەزدانپەنا: ئێستا زیاتر لە 11 مانگە ئێمە لە زیاتر لە مەحوەر و بەرەیەک لە شەڕداین لەگەڵ هێزەکانی داعش. ئەوەی کردوومانە بە جێهێنانی ئەرکێکی نەتەوەیی بووە و منەت بە سەر کەسدا ناکەین. هاوکات سەربەرزین بەوەی کە نەمانهێشت پلانی پەڕاوێز خست و بێ ڕۆڵکردنی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم شەڕەدا، سەربگرێ. بە بوونی هێزەکانی ئێمە لە شەڕی داعش و پێشکەش کردنی پێنچ شەهید و دەیان بریندار، رۆژهەڵاتی کوردستان دەوری مێژوویی خۆی لە " شاجەنگی کوردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دا بە جێ هێناوە. لای خۆمانەوە هەست بە سەربەرزیی دەکەین کە ئەرکی نەتەوەیی خۆمان ئەنجام دەدەین و هیواداریشم نەتەوەکەمان ئەمەمان بە خزمەت بۆ حیساب بکات.

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌