لیۆنێل میسیی ئەرجەنتینی و ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە ساڵی نوێی 2015 وەك بۆمبێك تەقییەوە و بەهۆی ئەو ئاستەی لە یارییەكاندا پێشكەشی كرد تا رادەیەكی زۆر پێش كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی لە یانەی ریال مەدرید كەوتەوە.

میسی لە ساڵی نوێدا 18 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەكان بۆ یانەی بەرشەلۆنە ئەنجام دا و تێیدا 20 گۆڵی تۆمار كرد واتە بە رێژەی 1,1 گۆڵ لە هەر یارییەكدا، جگە لەوەش 12 گۆڵی تەواوی بۆ یاریزانانی یانەكەی دروست كرد.

لە بەرامبەریشدا رۆناڵدۆ لە ساڵی نوێدا 14 یاریی بۆ یانەی ریال مەدرید ئەنجامدا و لە كۆی سەرجەم یارییەكان تەنیا 9 گۆڵی تۆمار كرد واتە بەڕێژەی 0,6 گۆڵ لە هەر یارییەكدا، هەروەها 4 گۆڵی دروستیشی بۆ یاریزانانی تیپەكەی دروست كردووە.

میسی ئێستا كۆی گۆڵەكانی لە خولی پلە یەكی ئیسپانیا 32 گۆڵە و لە پێشەنگی گۆڵكارانی خولەكە دێت، رۆناڵدۆش لە دواوەی ئەو دێت بە تۆماركردنی 30 گۆڵ.

میسی رۆلێكی سەرەكی گێڕا لە گێڕانەوەی یانەكەی بۆ ریزبەندی یەكەمی یانەكانی خولی پلە یەكی ئیسپانیا بە كۆكردنەوەی 65 خاڵ، لە بەرامبەریشدا بەهۆی ئەو ئاستە خراپەی هاوڕێكانی رۆناڵدۆ لە ماوەی رابردوودا پێشكەشیان كرد، تیپەكە بە 64 خاڵ دابەزی بۆ ریزی دووەم.

جێی باسە هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید ئەمشەو لە گەڕی 28ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لە یاریگەی كامپ نوو یاریی كلاسیكۆ ئەنجام دەدەن و بەمەش هەردوو ئەستێرەكە میسی و رۆناڵدۆ كێبەڕكێكانیان لەو یارییەدا رووبەڕوو دەبنەوە.