سه‌رۆكی پێشوی سانتۆس ئاشكرای كردوه‌ كه‌ یانه‌ی چێڵسی ئینگلیزی زۆر نزیكبووه‌ له‌2010دا نیمار داسیلڤای به‌ڕازیلی بكڕێت.

لویس ئه‌لڤارۆ دی ئۆلیڤێرای سه‌رۆكی پێشووی یانه‌ی سانتۆسی به‌ڕازیلی له‌لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنی ئاشكرای كردوه‌، كه‌ له‌2010دا رۆمان ئه‌برامۆڤیچی سه‌رۆكی یانه‌ی چێڵسی ده‌یویست نیمار داسیلڤای هێرشبه‌ری ئێستای یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ی ئیسپانی بكڕێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش گرێبه‌ستێكی 30 ملیۆن یۆرۆی پێشكه‌شی یانه‌ی سانتۆس كرد، كه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ ته‌نیا 5 ملیۆن یۆرۆی كه‌متربوو له‌مه‌رجی سزای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی نیمار له‌گه‌ڵ سانتۆس.

ئۆلیڤێرا رونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چێڵسی ده‌یویست كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نیمار و باوكی ئه‌نجامبدات بۆ گه‌شتن به‌ڕێكه‌وتنێك، هه‌روه‌ها ئه‌برامۆڤیچ هه‌وڵی ده‌دا سه‌رنجی نیمار رابكێشێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ڵێنی زۆری پێ دابوو، كه‌ دیارترینیان دڵنییایی خوێندنی براكه‌ی و كاری دایك و باوكی بوون.

ئۆلیڤێرا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌نێوانیاندا ئه‌نجامدراوه‌ و داوایان كردووه‌ بۆ دوو هه‌فته‌ بیری لێ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام دواتر ره‌تیان كردووه‌ته‌وه‌.