Share this on Faceook

Follow us on Twitter

FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

ئەمڕۆ (27) ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تاوانی ئەنفالدا، کە پرۆسه‌یه‌كی نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراوی رژێمی به‌عس بو بۆ له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی مۆركی نه‌ته‌وایه‌تی كورد و له‌ناوبردنی گشت شوێنه‌وارێكی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی.

ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ 23ی‌ شوباتی‌ 1988 ده‌ستی پێکردو به‌سه‌ر (8) قٶناغدا دابه‌شیكرد له‌ (6) ناوچه‌ی‌ جوگرافیادا سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانیش له‌ 6 ی‌ ئه‌یلولی‌ 1988 پاش روخاندنی‌ هه‌مو گونده‌كانی‌ كوردستان كۆتایی‌ هات .

بۆ پیاده‌كردنی‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش رژێم هێزێكی‌ گه‌وره‌و پڕ چه‌كی‌ به‌تازه‌ترین و ترسناكترین شێوه‌ به‌كارهێنا، هێرش و په‌لاماره‌كانی ئه‌نفال له‌لایه‌ن هێزه‌ نیزامیه‌كانی هه‌ردو فه‌یله‌قی یه‌ك و پێنجه‌وه‌ ئه‌نجامدران، به‌ پاڵپشتی یه‌كه‌ی فه‌یله‌قه‌كانی، تر كه ‌له‌به‌ری شهڕری ئێراندا نه‌بون، گاردی كۆماریش به‌شداری قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌نفالی كرد، ئه‌و یه‌كانه‌ی تریش كه‌ به‌شداریان كرد، هێزی تایبه‌ت (قوات الخاصه‌) و هێزی كۆماندۆ (مغاویر) و هێزی كوت و پڕ ( قوات الطواری‌‌). له‌پاڵ هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی حكومه‌تی عێراق، نزیكه‌ی (300) فه‌وجی خه‌فیفه‌ له‌ كوردستاندا هه‌بووه‌، كه‌ پتر له‌ (200 هه‌زار) چه‌كداری به‌ناو جاشی كوردیان تێدا كۆكرابوه‌وه‌.

قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفال
له‌ (23 /2  تـــا 18 / 3 / 1988)
سنوری په‌لاماری ئه‌نفالی یه‌ك بریتی بو له‌ دوكان، بنگرد، زێی بچوك، ماوه‌ت، چوارتا، ئه‌زمه‌ر سلێمانی سوسێ، سورداش)ی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ ده‌ستی‌ پێكرد، لەسەعات 1:30 خوله‌ك بۆ 2ی شه‌وی 23 ی شوبات بو كه‌ خه‌ڵكی‌ یاخسه‌مه‌رو سه‌رگه‌ڵو به‌رگه‌ڵو له‌تاریكی و باراندا به‌ده‌نگی‌ ناڵه‌و زرمه‌ی‌ راجیمه‌ به‌ئاگاهاتنه‌وه‌. ئه‌م بۆردومانه‌ به‌ هه‌مو نیازو مه‌به‌ستێك، به‌یه‌كه‌م ته‌قه‌ی‌ په‌لاماری‌ ئه‌نفال ده‌ژمێردرێت.

دوای نزیكه‌ی یه‌ك مانگ له‌ شه‌ڕو پێكدانان و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سه‌خت له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق له‌ رۆژی‌ 18 / 3/ 1988 یه‌كه‌كانی‌ سوپا رژانه‌ ناو سه‌رگه‌ڵو به‌رگه‌ڵو له‌ رۆژی‌ 19 / 3 / 1988 دا به‌ به‌یانی‌ ژماره‌ (3087) له‌هه‌مو ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندنی‌ خۆیه‌وه‌ گیرانی‌ باره‌گاكانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ وه‌كو مژده‌یه‌ك بڵاو كرده‌وه‌.

قۆناغی‌ دوه‌می‌ پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفال
 له‌  22/3   تــا  1/ 4/ 1988
قۆناغی دوه‌می ئه‌نفال بۆسه‌ر ناوچه‌كانی‌ (قه‌ره‌داغ، بازیان، ده‌ربه‌ندیخان) بو، وه‌كو نه‌ریتی خۆی رژێم سه‌ره‌تای هه‌ر قۆناغێكی ئه‌نفال به‌ هێرشی كیمیاوی ده‌ستی پێده‌كرد، بۆیه‌ ( 6 ) رۆژ دوای‌ كاره‌ساتی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ 22/ 3 / 1988  گوندی‌ (سێوسێنان) به‌سه‌ختی‌و به‌ شێوازی‌ به‌عسیانه‌ درایه‌ به‌ر كیمیاوی‌. بۆیه‌ ئه‌م چه‌كه‌ بو به‌سامناكترین چه‌ك كه‌ دژی‌ كورد به‌كار بهێنرێت، ئه‌م هێرشه‌ به‌ ده‌ستپێكی‌ قۆناغی‌ دوه‌می‌ ئه‌نفال دائه‌نرێ‌، له‌ئه‌نجامی‌ ئه‌م كیمیابارانه‌دا وێڕای‌ زیانێكی‌ مادی‌ زۆر، بو به‌هۆی‌ شه‌هید بونی‌ زیاد له‌ (66) كه‌س و بریندار بونی‌ ده‌یانی‌ تر له‌ ناو شه‌هیده‌كاندا (30)یان مناڵ بون. پاش ئه‌وه‌ی‌ رژێم ئه‌م ناوچه‌یه‌ی‌ داگیر كردبو سه‌رجه‌م گونده‌كانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ی‌ روخاند كه‌ نزیكه‌ی‌ (80) گوندو (2241) خانو كه‌ (12254) كه‌س له‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌یان، نزیكه‌ی‌ (5637) كه‌س به‌ر شاڵاوی‌ ئه‌نفال كه‌وتن و سه‌رنگوم كران.

پاش روخان و گشت گونده‌كانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئه‌نفالی‌ دو له‌ 1 ی‌ نیسانی‌ 1988  كۆتایی‌ ئه‌م شاڵاوه‌ش هات.

قۆناغی‌ سێیه‌می‌ ئه‌نفال
  7/ 4تــا  20 / 4 / 1988   
ئه‌م قۆناغه‌ی ئه‌نفال به‌ پڕ زیانترین و ترسناكترین پرۆسه‌ی ئه‌نفال داده‌نرێت كه‌ زۆرترین مرۆڤی كوردی تیادا ئه‌نفالكرا، سنوری ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ رۆژئاواوه‌ شاڕێی نێوان شاری پڕنه‌وتی كه‌ركوك و شارۆچكه‌ی دوزخورماتوه‌، له‌ باكوره‌وه‌ رێگای كه‌ركوك – چه‌مچه‌ماڵ، له‌لای رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ چیاكانی قه‌ره‌داغ و له‌ باشوریشه‌وه‌ هه‌رسێ شارۆچكه‌ی كه‌لارو كفری و پێبازه‌ ئه‌م هێرشه‌ به‌كاریگه‌رترین و كوشنده‌ترین و به‌زیانترین هه‌ڵمه‌ت داده‌نرێت ئه‌میش بۆسه‌ر ناوچه‌كانی‌ (چه‌مچه‌ماڵ، سه‌نگاو، قادركه‌ره‌م، دوز، كفری‌، كه‌لار، بێباز، تیله‌كۆ)، ئه‌م ناوچانه‌ سه‌ر به‌هه‌رسێ‌ پارێزگای‌ (كه‌ركوك، سلێمانی‌، دیالا) بون، ئه‌میش فراوانترین هێرشی‌ ئه‌نفال بو كه‌ پتر له‌ (500) گوندی‌ گرته‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ته‌ختكردنی‌ 4 ناحیه‌. له‌ رۆژی‌ (14 / 4/ 1988) لوتكه‌ی‌ هێرشی‌ ئه‌نفال بو، له‌م رۆژه‌دا به‌پێی‌ خه‌مڵاندنی‌ ( كۆمیته‌ی‌ به‌رگریكردن له‌ مافی‌ قوربانیانی‌ ئه‌نفال) نزیكه‌ی‌ (20)هه‌زار له‌ ژن و پیاو و پیرو مناڵ كۆكرانه‌وه‌و به‌ئیڤای‌ سه‌ربازی‌ و تراكتۆری‌ گوندنشیه‌كان ره‌وانه‌ی‌ قه‌ڵا سه‌ربازیه‌كه‌ی‌ (قوره‌تو) كران و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و چاره‌نوسی‌ نادیار رۆیشتن، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م رۆژه‌ كرا به‌رۆژی‌ (ئه‌نفاله‌كان)

ئه‌م هێرشه‌ی‌ قۆناغی‌ سێیه‌م له‌ رۆژی‌ 20 / 4 / 1988  كۆتایی‌ هات و یه‌ك گوند له‌ گه‌رمیاندا به‌ پێوه‌ نه‌ماو روخێنرا، خه‌ڵكه‌كه‌شی‌ به‌زۆری‌ له‌قادر كه‌ره‌م كۆكرانه‌وه‌و پاش ته‌واوبونی‌ ئه‌م قۆناغه‌ (عه‌لی‌ حه‌سه‌ن مه‌جید و بارق و سوڵتان هاشم) هاتن بۆ سه‌یری‌ ئه‌و گیراوانه‌ی‌ كه‌ له‌ قادر كه‌ره‌م كۆكرابونه‌وه‌. چه‌ند رۆژێك ته‌له‌فیزیونه‌كانی‌ رژێم پیشانی‌ ئه‌دان .

قۆناغی‌ چواره‌می‌ ئه‌نفال
له‌  3 / 5  تـــا  15/ 5 / 1988
ئه‌نفالی چوار بۆسه‌ر ناوچه‌كانی دۆڵی زێی بچوك و ده‌شتی كۆیه‌و ئاغجه‌له‌رو ته‌قته‌ق و شوان و بو. ئه‌نفالی چوار له‌ رۆژی 3/5/1988 به‌ كیمیایبارانكردنی خه‌ستی گوندی گۆپته‌په‌و عه‌سكه‌ری سه‌ر به‌ ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ر ده‌ستی پێكرد، ئه‌و بۆمبارانه‌ كیمیاویه‌ بوە هۆی كوشتنی 154 كه‌س و برینداربوونی سه‌دان كه‌سی دیكه‌.

سوپا له‌رۆژی‌ 15/5 سه‌رجه‌م گونده‌كانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ی‌ روخاند و ئه‌م قۆناغه‌ی ئه‌نفالیش كۆتایی هات

قۆناغی‌ پێنجه‌م و شه‌شه‌م و حه‌وته‌می‌  ئه‌نفال
له‌ 15 / 5   تـــا  26 / 8 / 1988
قۆناغه‌كانی‌ (پێنجه‌م و شه‌شه‌م و حه‌وته‌م)ی ئه‌نفال، بۆسه‌ر دۆڵی‌ نێو چیاكانی‌ (شه‌قڵاوه‌ و ره‌واندوز) بو له‌رۆژی‌ 15ی‌ مایس ده‌ستی‌ پێكرد، ئه‌م په‌لاماره‌ش به‌سه‌رپه‌رشتی‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی‌ (5)و سه‌رپه‌رشتیاری‌ ئه‌م قۆناغه‌ی‌ ئه‌نفال (یونس محمد زه‌رب بو)، سه‌ره‌تای‌ ئه‌م په‌لاماره‌ش هه‌روه‌كو سه‌رجه‌م په‌لاماره‌كانی‌ دی‌ رژێم به‌ هێرشی‌ كیمیاوی‌ ده‌ستی‌پێكرد، رۆژی‌ 15 / 5 / 1988 دوا روژی‌ ره‌مه‌زان بو خه‌ڵكی‌ خۆیان بۆ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زان ئاماده‌كردبو چه‌ند فڕۆكه‌یه‌ك كه‌وتنه‌ كیمیابارانكردنی‌ گونده‌كانی‌ (وه‌ره‌، عه‌لی‌ یاوا، سماقولی‌، نازه‌نین) له‌م په‌لاماره‌دا له‌ گوندی‌ وه‌ره‌ (36)كه‌س شه‌هید بون (17)پیاوو (19)ئافره‌ت .


قۆناغی‌ هه‌شته‌م و كۆتایی‌ ئه‌نفال
  26 / 8  تــا  6 / 9 / 1988
سنوری په‌لاماری قۆناغی هه‌شتی ئه‌نفال بریتی بو له‌: دهۆك، زاخۆ، باتوفه‌، كانی ماسێ، زێوه‌، دێره‌لوك، ئه‌تروش و زاوێته‌. له‌دوای وه‌ستانی شه‌ڕی نێوان عێراق ئێران له‌ 8/8/1988 سوپای عێراق ته‌واوی هێزه‌كانی له‌ ناوچه‌ سنوریه‌كان كشانده‌وه‌ بۆ به‌ره‌كانی ئه‌نفال، كه‌ له‌وكاته‌دا 7 قۆناغی ئه‌نفال كۆتایی هاتبو ته‌نها قۆناغی هه‌شته‌می ئه‌نفال مابو، قۆناغی‌ هه‌شته‌می‌ شاڵاوی‌ ئه‌نفال بۆسه‌ر ده‌ڤه‌ری‌ بادینانی‌ سنوری‌ توركیا بو.

سەرەتای هێرشه‌كه‌ش بۆ چاوترساندنی‌ خه‌ڵكه‌ به‌ كیمیابارانكردن ده‌ستی‌ پێكرد، پاش كیمیابارانێكی‌ خه‌ست رژیم هێرشی‌ زه‌مینی‌ له‌رۆژی‌ 28 / 8 / 1988 ده‌ستی‌ پێكرد، ئه‌م شاڵاوه‌ له‌ رۆژئاواوه‌ له‌زاخۆوه‌ تا ئامێدی‌ درێژبوه‌وه‌ له‌ باشورو رۆژهه‌ڵاتیشه‌وه‌ شێخان و ئاكرێی‌ گرته‌وه‌ .

پاش روخانی‌ سه‌رجه‌م گونده‌كانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ رۆژی‌ 6 / 9 خاتمه‌ی‌ ئه‌نفال راگه‌یه‌نرا و هه‌ربه‌ بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ لێبوردنی‌ گشتی‌ راگه‌یه‌نرا.

زیانه‌كانی پرۆسه‌ی ئه‌نفال 
پرۆسه‌ی ئه‌نفال بوه‌ هۆی‌ وێران كردنی‌ نزیكه‌ی‌ (4)هه‌زار گوندو، (4)قه‌زا، (30) ناحیه‌، ( 3100)مزگه‌وت و (100)كڵێسا، لەڕوی ئاکەڵدارییەوە بوه‌ هۆی‌ به‌تاڵان بردنی‌ (2)ملیۆن سه‌ر مه‌ڕو ماڵات و ئاژه‌ڵ.
ئه‌نفال جگه‌ له‌و زیانانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ كاره‌ساتێكی‌ ژینگه‌یی‌ ئایكۆلۆژی‌ گه‌وره‌ بو كه‌ بوه‌ هۆی‌ شێواندنی‌ رواڵه‌تی‌ ئاژەڵداری و روه‌كی‌ ناوچه‌كه‌و بوه‌ هۆی‌ له‌ناوبردنی‌ روبه‌رێكی‌ فراوان له‌ باخ و ره‌زو چه‌م و چنار كه‌ هاوسه‌نگی‌ ژینگه‌ لاسه‌نگ ده‌كات.
هه‌روه‌ك ( د. كه‌نداڵ نزان) ده‌رباره‌ی‌ شاڵاوه‌كانی‌ ئه‌نفال ده‌نوسێ‌ (له‌ شاڵاوه‌كانی‌ ئه‌نفالدا بنه‌ماكانی‌ ژیان له‌كوردستان هه‌ڵته‌كێنران، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هستریا شێتانه‌ی‌ جینۆسایدی‌ كورد كۆتایی‌ هات (90%) ی‌ گونده‌كانی‌ كوردستان و زیاتر له‌ (20) شارو شارۆچكه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ سڕانه‌وه‌، ناوچه‌ گوندنشینه‌كان به‌ (15) ملیۆن مین مینڕێژكران، به‌م جۆره‌ش چالاكی‌ كشتوكاڵی‌ له‌ ناوچانه‌دا كارێكی‌ ئه‌سته‌م بو  (1,5) ملیۆن كوردی‌ گوندنشین بۆ ئۆردوگا زۆره‌ ملێكان گوێزرانه‌وه‌، نزیكه‌ی‌ (10%) ی‌ كوردی‌ دانیشتوانی‌ عێراق له‌ نێوبران.

ئامادەکردنی/ محەمەد رەئوف - سه‌رچاوه‌ مالپه‌ری سبه‌ی