Share this on Faceook

Follow us on Twitter

FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

 


  سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ‌ 12-2-2015، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداری له‌كۆنفرانسی خستنه‌ڕووی ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌ی هاوبه‌شی وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بانكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی كاریگه‌رییه‌كانی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كانی عیراق و په‌نابه‌رانی سووریا له‌سه‌ر ژێرخانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌رێمی كوردستاندا كرد.
تیایدا نوێنه‌رانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی و وه‌زیری پلاندانان، داتاو زانیاریی توێژینه‌وه‌كه‌یان خسته‌ڕوو و تیشكیان خسته‌سه‌ر كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ی ئاواره‌و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی، له‌وته‌یه‌كدا سوپاسی بانکی نێودەوڵەتی كرد بۆ بەدەنگەوەهاتنی داواكاریی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی هەڵسەنگاندنی كاریگەریی ئاوارەكانی ناوخۆو پەنابەرانی سوریا، لەسەر بوارەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی لەهەرێمی كوردستان و دەستنیشانكردنی ئەو خەرجیانەی كە لە ئەنجامی قەیرانە هەنووکەییەكان، كەوتوونه‌تە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان‌. هه‌روه‌ها سوپاسی وەزارەتی پلاندان و وەزیرو لایەنە پەیوەندارەكان لە حکومەت و بانکی نێودەوڵەتی كرد كە لە تەواوكردنی ئەم راپۆرتەدا، هاوكار بوون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ دوای ساڵی 2003، حکومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەو پلانی تۆکمەی بۆ سەقامگیری و بوژانەوەی كەرتی ئابووری و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان و گەشەپێدانی هەرێم لە هەموو بوارەکاندا، دانا. پێشکەوتنەکان بەخێرایی بەدەستهاتن، لە ماوەیەکی کەمدا هەرێمی کوردستان بووە ناوه‌ندێکی درەوشاوە لەسەر نەخشەی ناوچەکە. هەرچەندە بەردەوام کێشەو گرفت لەگەڵ بەغدا هەبوە له‌سه‌ر چەندین پرسی هەڵواسراو کە حکومەتی پێشووی فیدراڵ، هیچ هەنگاوێکی ئه‌رێنی بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە نەنا، بەڵكوو گرفتەكانی رۆژ بەڕۆژ ئاڵۆزتر كردووە.

رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ روداوەکانی سوریاو دەرهاویشتەکانی قەیرانی ئه‌وێ، کاریگەریی راستەوخۆی کردە سەر هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانی سوریا رویان لە هەرێمی كوردستان کرد. هه‌رێمی كوردستانیش لەڕوانگەی پرەنسیپە مرۆیی و یاسا نێودەوڵەتییەکانه‌وه‌، دەرگاكانی بەڕوویاندا کردەوەو بەگوێرەی توانا کۆمەک و یارمەتی پێشکەشکردن و شوێنی حەوانه‌وه‌ی بۆ دابین کردن.

هه‌روه‌ها به‌بیری هێنایه‌وه‌ كه‌ ماوەی چەند ساڵی رابردوو، لە ناوخۆی عیراقیشدا بەهۆی نالەباریی رەوشی ئاسایش و نەبوونی سەقامگیری، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی ناوچەکانی دیکەی عیراق ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووەو گەورەترین شەپۆلی ئاوارەی ناوخۆی عیراق بۆ هەرێم ساڵی 2014 ڕوویدا، كاتێ سەرەتا بەهۆی روداوەکانی ئەنبار و سەلاحەدینه‌وه‌، دواتریش كه‌ رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستی بەسەر شاری مووسڵ و چەند شارو شارۆچکەیەکی دیكه‌ی عیراقدا گرت و تەواوی پێکهاتەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، بوونە قوربانیی تیرۆر و تۆقاندن و پاکتاوی رەگەزی، بەتایبەت ئێزیدی و مەسیحیەكان، ئینجا هێرشی لەناکاوی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ئه‌مانه‌ گشتیان بوونه‌ هۆی زیادبوونی ڕێژه‌ی خه‌ڵكی ئاواره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

بارزانی وتی:هەموو ئەو قەیران و ئاڵۆزییانەی رویاندا، لە ماوەیەکی کەمدا بوون، پێشتر هیچ پلانێکی ستراتیژی بۆ دانەنرابوو، حکومەتی فیدرالیش بەردەوام بوو لەسەر دروستکردنی قەیرانی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوەبوو سەرەتای ساڵی ڕابردوو، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕی و كێشه‌یەكی بۆ پڕۆژەبودجەی عیراق دروست کرد. بەم شێوەیە هەرێمی کوردستان وێڕای قەیرانی مرۆیی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ لەگەڵ تیرۆرستان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، دووچاری قەیرانێکی گەورەی دارایی بووەوە.

سه‌رۆك وه‌زیران دووپاتیكرده‌وه‌ حکومەتی هەرێم بڕوای تەواوی هەیە كە ئەم قەیرانە کۆتایی دێت، بەڵام ئەمڕۆ هه‌رێمی كوردستان پێویستیی زۆری بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە، تا لە ڕووی سەربازییه‌وه‌ بۆ پیشمەرگە و یارمەتیی مرۆیی بۆ ئاوارەو پەنابەران، یارمەتیی زیاتر پێشکەش بەهەرێمی کوردستان بكرێت.

هه‌روه‌ها بوونی زیاتر لەملیۆنێك و 500 هه‌زار ئاوارە و پەنابه‌رو زیادبوونی بەڕێژەی 28%ی ژماره‌ی دانیشتوانی لەماوەی یەک ساڵدا، به‌هۆی شێواندنی دیمۆگرافیای هەرێمی کوردستان له‌ قه‌ڵه‌مدا كه‌ ئەرکی حکومەتی هەرێمی كوردستانی لە بوارەکانی پەروەردەو تەندروستی و خزمەتگوزاری و نیشتەجێكردن و دەرفەتی کاردا، زۆر قورس کردووە.

بۆیه‌ لەڕێگەی کونسڵگەریی وڵاتانی بیانی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و تەواوی بەشداربووانی کۆنفرانسه‌كەوه‌، داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد‌ ئاوڕی جددی لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان بدەنەوە، بۆ ئەوەی ڕێژه‌ی هاوكاری و یارمەتییەکان لە ئاستی ئەو پێداویستیانە بن كە هەرێمی كوردستان پێویستی پێیانە.

ئه‌وه‌یشی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ لەسەر ئاستی ناوخۆی عیراق، ئەم قه‌یرانە دەرەنجامی پابەندنەبوون بووە بە ماددە دەستوورییەكان و پیاده‌كردنی سیاسەتی پەراوێزخستنی پێکهاتەكانی دیكه‌ی وڵات و تاكڕەوی لە دەسەڵاتدا. بۆیه‌ داوای لە حکوومەتی عیراق كرد قەیرانی مرۆییی ئاوارەكانی عیراق و پەنابەرانی سووریا بخاتە ناو كارە لەپێشینەكانی خۆی، كە لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسیاریه‌تیی یەكەم لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵدایە. داوایشی لێ كرد هەوڵی جددی بدات بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی کۆمەڵکوژی دژ بە كوردانی ئێزیدی و لە پاراستنی خوشک و برایانی مەسیحیشدا، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

له‌ كۆتاییی وته‌كه‌یدا وتی: "وێڕای ئاستەنگ و قەیرانەکان، ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە سەر هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین بۆ بەرەوپێشەوەبردنی دیموكراسی و سەقامگیریی سیاسی و بۆ پاراستنی بەها مرۆییەکان و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە."

هه‌روه‌ها وتی: "باوەڕمان بەخۆمان هەیەو مەبەستمانە ئابوریمان بنیاد بنێین، مەبەستمانە لەگەڵ دراوسێ و دۆستانمان بە بەردەوامی لە پەیوەندیی باشدا بین و گەشە بە ناوچەكەمان بدەین. هیوادارم ئێمە و ئێوە و ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ی نێودەوڵەتی، بتوانین ئەرکی خۆمان بەرامبەر ژیانی سەختی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان.