میدیا _ قاهیرە:
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە سکرتێرى گشتیى YNDK لەگەڵ ئەحمەد قەزاف ئەلدەم سەرۆکى بەرەى خەباتى نیشتمانى لیبیا کۆبۆوە و لە دیدارێکى دۆستانەدا باسیان لە رەوشى سیاسى ناوچەکە و پەیوەندى نێوان هەردوو لا کرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ | ٢ | ٢٠١٩ (ئەحمەد قەزاف ئەلدەم سەرۆکى بەرەى خەباتى نیشتمانى لیبیا) لە نووسینگەى تایبەتى خۆیدا لە قاهیرەى پایتەختى میسر ، بەگەرمى پێشوازیکرد لە (غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK )، لە سەرەتادا سەرۆکى بەرەى خەباتى نیشتمانى لیبیا سوپاس و پێزانینى خۆى بە سکرتێرى گشتیى YNDK راگەیاند بۆ ئەو سەردان و بەسەرکردنەوەیە، لەلایەن خۆیەوە سکرتێرى گشتیى YNDK سوپاسى پێشوازى و میواندارى کردن و وتى : (ئێمە هەمیشە رێزو پێزانینمان بۆ هەڵوێست و پشتیوانى شەهید معەممەر قەزافى بەرامبەر گەلى کوردستان هەیە، شەهید قەزافى دۆست و پشتیوانێکى راستەقینەى دۆزى رەواى گەلى کوردستان بوو، سەردانى ئەمڕۆى ئێمەش بۆ لاى بەڕیزتان و بەرەى خەباتى نیشتمانى لیبیا وەکو وەفادارییەکە بۆ هەڵوێستەکانى شەهید معەممەر قەزافى)، ئەحمەد قەزاف ئەلدەم ئامۆزاى شەهید معەممەر قەزافى باسى لە هەڵویستى شەهید قەزافى بەرامبەر دۆزى رەواى گەلى کوردستان کرد و وتى : (شەهید معەممەر قەزافى باوەڕى تەواوى بە دۆزى گەلى کوردستان هەبوو، هەمیشە دەیوت کورد وەکو نەتەوەکو دێرینى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست زولمێکى مێژووییان لێکراوە و مافى خۆیانە دەوڵەتى سەربەخۆى خۆیان هەبێت و، زۆر جاریش لە زۆر ناوەندى نێودەوڵەتى راشکاوانە باسى لە سەربەخۆیى کوردستان دەکرد)، هەر لە دیدارەکەدا باسیان لە رەوشى سیاسى ناوچەکە کردو، هەردوولا جەختیان لەوە کردووە کەوا پێویستە هێزو لایەنە سیاسییەکان تێگەیشتنێکى هاوبەشیان هەبێت سەبارەت بە رەوشى سیاسى ناوچەکەو ئەو رووداوانەى کەوا لەسەر ئاستى ناوچەکەدا روودەدەن، هەروەها لە دیدارەکەدا باسیان لە چەند پرسێکى گرنگ بۆ پێشخستنى پەیوەندى نێوان هەردوو گەلى کوردستان و لیبیا کرد.
لە دوا تەوەرى دیدارەکەشدا جەختیانکردەوە سەر پتەوکردنى پەیوەندى دۆستانەى نێوان هەردوو لا لە پێناو بیناکردنى پەیوەندییەکى دروست لە نیوان هەردوو گەلى کوردستان و لیبیا.