رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

میدیا _ بارلۆ - هۆڵەندا:

ڕۆژى ٢٦ / ١٠ / ٢٠١٨، سکرتێرى گشتیى YNDK ئامادەى رێوڕەسمى کردنەوەى (هەژدەمین جڤاتى گشتیى KNK) بوو، کە لە شارى بارلۆ لە هۆڵەندا بەڕێوەچوو دەچێت و هەر سێ رۆژى ٢٦ و ٢٧ و ٢٨ ى ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، لە کۆنگرەکەدا داوایکرد کەوا تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان هاوکارى یەکدى بن و کێشەو گرفتەکانى نێوانیان لەسەر بنەماى دیالۆگ و لەیەکتر گەیشتن چارەسەر بکەن.

غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، ئامادەى رێوڕەسمى کردنەوەى (هەژدەمین جڤاتى گشتیى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK) بوو، کە لە شارى بارلۆ لە هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت، غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK، لە کۆنگرەکەدا وتارێکى پێشکەشکردو تیشکى خستەسەر رەوشى سیاسى کوردستان و هەڕەشەو پیلانى داگیرکەرانى کوردستان و، داوایکرد کەوا هێزە سیاسییەکان و گەلى کوردستان یەکڕیزبن و کار بۆ یەکێتى کوردان بکەن و، وتى: (داگیرکەرانى کوردستان بۆ لێدانى گەلى کوردستان یەکهەڵوێست و یەکدەنگن، ئەرێ گەلۆ کات نەهاتووە ئێمەى گەلى کوردستانیش بۆ رووبەڕووبوونەوەى دوژمنان و داگیرکەرانى کوردستان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین و جلى تەنگى حزبایەتى فرێبدەین و جلى کوردایەتى و کوردستانیبوون بپۆشین؟ بێگومان کات هاتووەو زۆر درەنگیش کەوتووە.)، هەروەها وتى: (بێگومان بارودۆخى نێودەوڵەتى و رەوشى هەستیارى کوردستان لە هەموو لایەکمان دەخوازێ کەوا نزیکى یەکدى بین.)، هەرەها مەخموورى لە وتارەکەیدا جەختیکردەوە سەر کارکردن بۆ سەربەخۆیى کوردستان کرد و، وتى: (پێویسە هەموو لایەکمان بە یەكدەنگی كار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەین، لەبەرئەوەی تاكە چارەسەری پرسی كورد دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە‌ و، بێ‌ دامەزراندنی دەوڵەت بۆ گەلی كوردستان زۆر زەحمەتە رۆژهەڵاتی ناڤین ئەو هێمنی ‌و ئارامییە بەخۆیەوە ببینێت كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیخوازێت.) شایانى باسە غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK لە تەوەرێکى دیکەى وتارەکەیدا رەخنەى لە شێوازى کارى KNK و وتى: (لە راستیدا ئێمە وەکو YNDK سەرنج و تێبینى زۆرمان لەسەر شێوازى کارى KNK و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى جڤاتە گشتییەکانى KNK هەیە، بەڵام بۆ کارى نەتەوەیى و لە پێناو یەکێتى نەتەوەیى کوردان و یەک گوتارى و یەکڕیزى گەلى کوردستان لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن ئامادەى هەر جۆرە هاوکارى پشتیوانییەکین، بێگومان ئەگەر KNK بیەوێت ماڵێکى گشتى بۆ کوردان و چەترێکى هاوبەش بۆ کۆکردنەوەى تەواوى لایەنە سیاسییەکان و سازییەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى لە کوردستانى مەزن، پێویستە لەژێر هەژموونى هیچ لایەنێکى سیاسیدا نەبێت و هەموو لایەنەکان وەک یەک سەیر بکات.). ئەمەش دەقی وتارەکەى سکرتێرى گشتیى YNDK ە، کەوا لە هەژدەمین جڤاتى گشتیى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK دا پێشکەشیکرد: بەڕێزان بەشدارانی هەژدەمین جڤاتى گشتیی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان KNK ... خوشكانی ئازیز ..... برایانی بەڕێز .... میوانانی خۆشەویست ... رۆژتان باش و سڵاوتان لێبێت ... بەناوی خۆمان و كۆمیتەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و تەواوی هەڤاڵانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، بەبۆنەی بەستنی هەژدەمین جڤاتى گشتیی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان جوانترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین. بێگومان هەژدەمین جڤاتى گشتی KNK لەكاتێكدا دەبەسترێ‌ كە كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان، بەتایبەت لەم كاتەدا كە گۆڕانكاری خێرا لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا روودەدەن، ئەم قۆناخە چارەنووسسازە پێویستى بە یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى هەیە، ئەمڕۆ بارودۆخى نێودەوڵەتى بۆ گەلى کوردستان زۆر گونجاوە لەڕووى خەباتى سیاسى و دبلۆماسى، هەموو جیهان بە چاوى هیواوە سەیرى کوردستان دەکەن، لە دواى شانزەمین و حەڤدەمین جڤاتى گشتیى KNK چاوەڕوانى ئەوە بووین لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان زیاتر لێک نزیک ببنەوەو هاو خەبات و هاوکارى یەکدى بن، بەداخەوە وایان نەکرد، لەگەڵ ئەوەى بارودۆخى نێودەوڵەتى بۆ کارو خەبات گونجاوە، بەڵام بارودۆخى ناوخۆیى کوردستان باش نییە و پەیوەندى نێوان بەشەکانى کوردستان و حیزبەکان لە ئاستێکى زۆر خراپدایە، ئەمەش وایکردووە نەتوانین لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى کارى مەزن ئەنجام بدەین. له باشوورى کوردستان؛ لایەنە سیاسییەکانى بەشدار لە دەسەڵات ناکۆکن و ئەوەندەى رەچاوى بەرژەوەندى حیزبى دەکەن نیو ئەوەندە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى ناکەن، کە پێویستە رەچاوى بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەن و بگەڕێنەوە سەر مێزى دیالۆگ و لەیەکتر گەیشتن بۆ چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکانیان و دەبازکردنى باشوور لە قەیرانەکاندا، لە رۆژئاواى کوردستان؛ لایەنە سیاسییەکان کێشەیان هەیە و لەهەڤ نایەن، پێویستە ئەوانیش بگەڕێنەوە سەر مێزى دیالۆگ و بە زمانى لۆژیک لەگەڵ یەکتر بدوێن و بگەنە رێککەوتنێک بۆئەوەى بەهەموو لایەک دەستکەوتەکانى رۆژئاوا بپارێزن و پێشیبخەن، لە باکوورى کوردستان؛ رژێمى تورکیا بەردەوامە لە دژایەتیکردنى نەتەوەکەمان و پرۆسەى ئاشتى بە بنبەست گەیاندووە، رژێمى تورکیا ئەگەر نیەتى ئاشتى هەبووا دەبوا بەر لەهەر شتێک بەڕێز (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ى ئازاد کردبووا، بە باوەڕى ئێمە تا بەڕێز (ئۆجەلان) لە زیندان دابێت شتێک نیە ناوى پرۆسەى ئاشتى بێت، بۆیە ئەگەر تورکیا ئاشتى دەخوازێت پێویستە دەستبەجێ بەڕێزیان ئازاد بکات، بێگومان سەرەڕاى ئاستەنگەکان خەباتى گەلى کوردستان لە باکووردا لە هەڵکشان و پێشڤەچووندایە، لێ مخابن هەماهەنگى نەتەوەیى بۆ پشتیوانى و هاوکارى وەکو پێویست نابینرێت، بۆیە پێویستە پشتیوانییەکى نەتەوەیى و نیشتمانى هەبێت، لە رۆژهەڵاتى کوردستانیش؛ سەرەڕاى پێشڤەچوونى خەبات و تێکۆشان، یەکڕیزى و هەماهەنگى و کارنامەیەکى هاوبەش لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا نییە، پێویستە لایەنەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان زیاتر لە یەکدى نزیکببنەوە و کارنامەیەکى هاوبەشیان بۆ ئەم قۆناخەى خەبات هەبێت. ئامادەبووانى بەڕێز ... قوڵبوونەوەى ناکۆکییەکانمان بۆتە هۆى پەرتەوازەییمان، ئەمەش وایکردووە لە هەموو لایەکەوە بە لاوازى سەیر بکرێین، ناکۆکى پەرتەوازەییمان وایکرد کەوا عێراق کەرکوک و مەخموورو چەندین ناوچەى دیکەى کوردستان داگیر بکات، تورکیا عفرین داگیر بکات، ئێران موشەکبارانى بارەگاکانى حزبى دیموکراتى کوردستانى لە کۆیە بکات، بێگومان ئەم هێرش و پەلامارەى داگیرکەران بۆتە هۆى شەهید و بریندار بوونى ژمارەیەکى زۆر لە تێکۆشەران و هاوڵاتیان و دەربەدەربوونى هەزاران هاوڵاتى لەسەر ماڵ و حاڵى خۆیان، سوریاش سەرەڕاى رەوشى نالەبارى هەوڵدەدات دەسەڵاتى کورد لە رۆژئاواى کوردستان سنووردار و لاواز بکات، بەڵێ داگیرکەرانى کوردستان بۆ لێدانى گەلى کوردستان یەکهەڵوێست و یەکدەنگن، ئەرێ گەلۆ کات نەهاتووە ئێمەى گەلى کوردستانیش بۆ رووبەڕووبوونەوەى دوژمنان و داگیرکەرانى کوردستان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بین و جلى تەنگى حزبایەتى فرێبدەین و جلى کوردایەتى و کوردستانیبوون بپۆشین؟ بێگومان کات هاتووەو زۆر درەنگیش کەوتووە، بۆیە لەسەر هەموو لایەکمانە بۆ دەربازکردنى ئەم رەوشە نالەبارە و رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و داڕشتنى وتار و ستراتیژێکى نەتەوەیى؛ بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرین و کاربۆ یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى بکەین، بێگومان بارودۆخى نێودەوڵەتى و رەوشى هەستیارى کوردستان لە هەموو لایەکمان دەخوازێ کەوا نزیکى یەکدى بین، بۆیە پێویستە لە نزیکترین کاتدا کار بکەین بۆ بەستن و سەرخستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەرى بۆ تەواوی هێزولایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان، ئەمەش خواستى چەندین ساڵەى هەموو لایەکمانە و، لەهەمان کاتدا ئەركێكی نەتەوەیی و نيشتمانى بەپەلەی ئەم قۆناخەی خەباتى بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستانە ‌و دواخستنی لە بەرژەوەندی گەلی كوردستاندا نییە، هەرچەندە دەبوا پێش چەند ساڵێك ئەم كۆنگرەیە ببەسترابووایە نەك تا ئەمڕۆ بمابووایە، لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە بەرژەوەندی نەتەوەیی لەبەرچاو بگرین و بۆ ئەم مەبەستە كار بكەین، لەبەرئەوەی بەستنی ئەم كۆنگرەیە لەم كاتەدا خزمەتێكی زۆر بە دۆزی رەوای گەلی كوردستان دەگەیەنێت و، دەبێتە فاکتەرێک بۆ داڕشتنی ستراتیژییەتێكی نەتەوەیی یەكگرتوو بۆ هەر چوار بەشى كوردستان ‌و، داڕشتنی كارنامەیەكی گونجاو بۆ ئەم قۆناخەی خەبات لەهەر بەشێکى كوردستاندا، بۆ ئەمەش پێویستە رەچاوی تایبەتمەندی پارچەكانی كوردستان بكرێت، پێویستە هەموو لایەكمان لەم پێناوەدا كار بكەین ‌و دوای نەخەین و بیكەین بە چەترێكی نەتەوەیی و لەوێوە بە یەكدەنگی كار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەین، لەبەرئەوەی تاكە چارەسەری پرسی كورد دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە‌ و، بێ‌ دامەزراندنی دەوڵەت بۆ گەلی كوردستان زۆر زەحمەتە رۆژهەڵاتی ناڤین ئەو هێمنی ‌و ئارامییە بەخۆیەوە ببینێت كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیخوازێت. خوشكانی ئازیز ... برایانی بەڕێز ... بێگومان ئێمە لە YNDK وەك هەمیشە جارێکى دیکە پشتیوانی خۆمان بۆ خەبات و تێكۆشانی نەتەوەكەمان لەهەموو بەشەكانی كوردستان رادەگەیەنين، هەروەها لێرەوە بانگ لە تەواوى لایەنە ناکۆکەکانى کوردستان دەكەین كەوا كێشەو گرژی نێوانيان لەسەر بنەمای دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن چارەسەربكەن، لەبەرئەوەی سەردەم سەردەمی دیالۆگ و لەیەكترگەیشتنە و زۆربەی كێشەكانی دنیایش لەسەر مێزی دیالۆگ چارەسەركراون و یەكلایی كراونەتەوە، بەو ئومێدەین كە ئێمەی كوردیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان بە زمانی سەردەم زمانی دیالۆگ لەگەڵ یەكتر بدوێین و كێشەكانمان چارەسەر بكەین. ئامادەبووانى بەڕێز و خۆشەویست ... لە راستیدا ئێمە وەکو YNDK سەرنج و تێبینى زۆرمان لەسەر شێوازى کارى KNK و چۆنیەتى بەڕێوەچوونى جڤاتە گشتییەکانى KNK هەیە، بەڵام بۆ کارى نەتەوەیى و لە پێناو یەکێتى نەتەوەیى کوردان و یەک گوتارى و یەکڕیزى گەلى کوردستان لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن ئامادەى هەر جۆرە هاوکارى پشتیوانییەکین، بێگومان ئەگەر KNK بیەوێت ماڵێکى گشتى بۆ کوردان و چەترێکى هاوبەش بۆ کۆکردنەوەى تەواوى لایەنە سیاسییەکان و سازییەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى لە کوردستانى مەزن، پێویستە لەژێر هەژموونى هیچ لایەنێکى سیاسیدا نەبێت و هەموو لایەنەکان وەک یەک سەیر بکات. لەكۆتاییدا جارێكی دیکە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و چاومان لەوەیە بە بڕیارو راسپاردەی گونجاو بۆ ئەم قۆناخەی خەبات سەركەوتووانە كۆتایی بە هەژدەمین جڤاتى گشتیی KNK بێنين.

هەر بژین و سەركەوتووبن و كوردستان ئاوەدان.

براتان غەفوور مەخمووری

سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان

YNDK ٢٦ / ١٠ / ٢٠١٨

 بارڵۆ _ هۆڵەندا

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌