رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

ميديا _ هه‌ولێر:
پاشنیوەڕۆى ڕۆژى دووشەممە ٢٢ـی ١ـی ٢٠١٨ سکرتێرى گشتیى YNDK پێشوازى لە نوێنەرانى 42 لایەنى سیاسى بۆ کۆبوونەوەى فراوانى حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان كرد، سه‌باره‌ت به هێرش و دەستدرێژییەکانى توركيا بۆ سەر كانتۆنى عفرین و رۆژئاواى کوردستان گفتوگۆيانكرد.
پاشنیوەڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌‌، غه‌فوور مه‌خموورى سكرتێرى گشتيى يه‌كێتى نه‌ته‌وه‌يى ديموكراتى كوردستان YNDK لە بارەگاى مەکتەبى سیاسیى YNDK لە شارى هەولێر، بە ئامادەبوونى هەڤاڵان ( د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى و قەهار تاهیر ئەندامى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK )، پێشوازى لە نوێنەرانى 42 لایەنى سیاسى لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن کرد، کە ئامادەى کۆبوونەوەى فراوانى حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بوون، کەوا تایبەت بوو بە هێرش و دەستدرێژییەکانى تورکیا بۆ سەر كانتۆنى عفرین و رۆژئاواى کوردستان، شايانى باسە ئەم کۆبوونەوەیە بەدەستپێشخەرى و لەسەر بانگهێشتى سکرتێرى گشتیى YNDK ئەنجامدرا، دواى بەخێرهێنانى نوینەرانى لایەنە سیاسییەکان بۆ کۆبوونەوەکە کورتەیەکى سەبارەت بە هێرشەکانى تورکیا بۆ سەرعفرین و رۆژئاواى کوردستان و مەترسییەکانى ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بۆ ئامادەبووان باسکرد و، وتى: ( هێرش بۆ سەر عفرین و رۆژئاواى کوردستان واتە هێرش بۆ سەر تەواوى کوردستان، باشترین وەڵام بۆ بەرپەرچدانەوەى ئەم هێرشە و تەواوى پیلانى داگیرکەرانى کوردستان یەکدەنگى و یەکڕیمانە.).
پاشان سكرتێرو نوێنه‌رى حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان وێڕای دەربڕینى سوپاس و پێزانینیان بۆ بانگهێشت و ڕێکخستنی کۆبوونەوەکە، تەئکیدیان کردەوە کە خەڵکی کوردستان بە یەکڕیزی و یەک ئیرادەییەوە دەتوانێ تەواوى پیلانى داگیرکەرانى کوردستان لە گۆڕبنێت و، لەم رێگەیەشەوە دەتوانێت داکۆکی لە مافەکانی خۆی بکات، تەئکیدیشیان کردەوە کە ئێستا گەلەکەمان لە رۆژئاواى کوردستان خاوەنی بڕیار و ئیرادەی خۆیەتی، ئەوەش بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی چەندین ساڵەی گەلەکەمانە و لەژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری نابێت، لایەنە سیاسییەکان وێڕاى ئیدانەکردنى هێرش و پەلامارەکانى تورکیا بۆ سەر عفرین، پشتیوانى خۆیان بۆ خەبات و بەرخودانى رۆژئاواى کوردستان دەربڕى.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا؛ لایەنە سیاسییەکان لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستى خۆیان بۆ ڕاى گشتى خستەڕوو، کە ئەمە دەقەیەکەتی:

راگەیاندنى کۆتایى کۆبوونەوەى حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان سەبارەت بە هێرشى تورکیا بۆ سەر عفرین

- جەماوەری وڵاتپارێزى كوردستان ...
- كەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...
پاشنیوەڕۆى ڕۆژى دووشەممە رێکەوتى ٢٢ / ١ / ٢٠١٨ ، ئێمە ئەو حزب و لایەنە سیاسييانەى کوردستان کەوا لە خوارەوە ناومان هاتووە سەبارەت بە هەڕەشەو هێرشەکانى تورکیا بۆسەر شارى عفرین و رۆژئاواى کوردستان و هاتنەپێشى ئەگەر و پێشهاتەکان، لە شارى هەولێر لە بارەگاى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK کۆبووینەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بەوردى هەڵوەستە لەسەر ئەم پرسە کرا و شرۆڤەکرا.
بە باوەڕى ئێمە؛ هەڕەشەو هێرشى رژێمى تورکیا بۆ سەر شارى عفرین و رۆژئاوای كوردستان، رۆژئاواى کوردستانى خستۆتە رەوشێكی زۆر دژوار, بەتایبەت ئەوەی ئێستا كەوا بەرامبەر کانتۆنى عفرين دەگوزەرێ‌ لە جینۆسایدێكی دیكە نزیكدەبێتەوە, تاوانێکە بەرامبەر تەواوى پێکهاتەکانى رۆژئاواى کوردستان ئەنجامدەدرێت، بۆیە ناكرێ‌ لە ئاست ئەو كارەساتە چاوەڕوانكراوەدا بێدەنگ بین, ئەو هێرش و موشەکبارانکردنە دڕندانەیەی كەوا لەلایەن تورکیاوە دەكرێتە سەر هاوڵاتیانى سڤیلى عفرين‌ پیلانێكی داڕێژراوەو درێژکراوەى ئەو پیلانەیە کەوا بەرامبەر باشوورى کوردستان ئەنجامدرا، ئێمە لە کاتێکدا ئەو هەڕەشەو هێرشانە بەتوندى ئیدانە و مەحکووم دەکەین، لەهەمان کاتدا پشتیوانى تەواوى خۆمان بۆ خەباتى رەواى گەلى رۆژئاواى کوردستان و بەرخودانى دلێرانەى یەکینەکانى پاراستنى گەل YPG و یەکینەکانى پاراستنى ژن YPJ رادەگەیەنین و، بەهەموو لایەکى رادەگەیەنین کەوا بێدەنگ نامێنین و هەموو هەولێكمان دەخەینە گەڕ و هەموو رێگایەك دەگرینەبەر بۆئەوەى فشاری مەدەنییانە دروست بكەین تا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهانای خەڵكی (عفرين)ەوە بێن و لەو مەرگەساتە چاوەڕوانکراوەدا رزگاریان بكەن.
لێرەوە بانگ لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان UN و ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى و تەواوى رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و، بەتایبەت رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ دەکەین کەوا بە هاناى خەڵکى (عفرین)ەوە بێن و بێدەنگ نەمێنن، ناكرێ‌ لەوێ‌ شارێك وێران بکرێت و خەڵکەکەى جینۆساید بکرێت و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیش بێهەڵوێست بێت، هەروەها داوا لە وڵاتانى زلهیزو کۆمەڵگاى نیودەوڵەتى دەکەین کەوا بەپیر داواى فەرەنساوە بێن بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى، بۆئەوەى سنوورێک بۆ دەستدرێژییەکانى تورکیا گەلى رۆژئاواى کوردستان دابنرێت، بێگومان بێدەنگبوونى نەتەوە یەکگرتووەکان UN و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بەرامبەر هەڕەشەو هێرشەکانى سەر گەلى کوردستان دژى بنەماکانى پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەى جیهانى مافى مرۆڤ و تەواوى پرەنسیپ و بەها دیموکراتییەکانه، ریز لەو پەیماننامەو جاڕنامە نیودەوڵەتییانە بگرن کەوا خۆیان ئیمزایان کردووە، بۆیە ئەگەر کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى رێز لە مرۆڤ دەگرێت پێویستە مرۆڤى کوردستان لەو هەڕەشەو هێرش و مەترسییانە بپارێزێت کەوا رووبەڕوویان بۆتەوە.
- سەرکەوێ ئیرادەى هەقخوازانەى گەلى کوردستان.
- نەمرى و سەربەرزى بۆ تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان.
- مردن و رووڕەشى بۆ داگیرکەرانى کوردستان.

ناوى حیزب و لایەنە سیاسییەکانى بەشداربووى کۆبوونەوە:

1- یەکێتى نیششتمانى کوردستان
2- بزووتنەوەى گۆڕان
3- حزبى شیوعى کوردستان
4- یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
5- حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان
6- حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان
7- پارتى کرێکاران و رەنجدەرانى کوردستان
8- بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان
9- کۆما جڤاکێن کوردستان KCK
10- پارتى یەکێتى دیموکراتى کورد لە سوریا ( یەکێتى)
11- حزبى پێشڤەڕۆى دیموکراتى کورد لە سوریا
12- پارتى یەکێتى دیموکرات PYD
13- کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستان
14- هەڤبەندى نیشتیمانى کورد لە سوریا ( HEVBENDI )
15- کۆمەڵە – رێکخراوى کوردستانى حزبى کۆمۆنیستى ئێران
16- حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن
17- حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران
18- ئەنجوومەنى گەلى کلدانى سریانى ئاشوورى
19- پارتى ئازادى کوردستان PAK
20- حزبى دیموکراتى کوردستان
21- پارتى ویفاقى دیموکراتى کورد لە سوریا
22- پارتى دیموکراتى کورد لە سوریا (الپارتی)
23- سازمانى خەباتى کوردستانى ئێران
24- پارتى دیموکراتى گەلان HDP
25- پارتى گەلى تورکمان
26- کۆمەڵەى لیبرالى تورکمان
27- تەڤگەرى ئازادى کوردستان
28- تەڤگەرى کۆمەڵگاى دیموکرات TEVDEM
29- حزبى پێشکەوتنخوازى دیموکراتى کوردستان
30- بزووتنەوەى ئاشتیخوازانى کوردستان
31- بزووتنەوەى رزگارى دیموکراتى کوردستان
32- پارتى نەتەوەیى کوردستان
33- پارتى برایەتى کوردستان PBK
34 - پارتى ئازادى کوردستان لە سوریا PAK.S
35 - حزبى رزگارى کوردستان
36 - پارتى سەربەخۆیى کوردستان
37 - تەڤگەرى نوژەنى کوردستان – سوریا
38 - دەستەى سەرۆکایەتى حزبى رزگارى کوردستان
39 - پارتى کۆمارى کوردستان
40 - پارتى سەربەستى کوردستان
41 - کۆنگرەى نیشتمانى کوردستان KNC
42 - بزووتنەوەى ئیسلامى لە کوردستان / عێراق

٢٢ / ١ / ٢٠١٨
هەولێر _ کوردستان

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌