رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

 ئەمڕۆ شەممە ٢٥ / ١١ / ٢٠١٧ كۆمیتەی سەركردایەتيی ( یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و كارو خەباتی YNDK كرا:

 باكووری كوردستان: YNDK خۆشحاڵە بەپێشڤەچوونەكانی خەباتی نەتەوەكەمان لەو بەشەی وڵات و, پشتیوانی خۆی بۆ خەباتى باکوور رادەگەیەنێت و، دەستدرێژییەکانى تورکیا بۆ سەر پەرلەمانتارانى کورد و سەرۆک و ئەندامانى ئەنجوومەنى شارەوانییەکانى باکوورى کوردستان شەرمەزار دەکات و،  داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات ئەگەر خوازیارى ئاشتین بۆ باکوورى کوردستان ئەوا پێویستە كاربكەن بۆ ئازادكردنی بەڕێز (عەبدوڵڵا ئوجەلان) رێبەری پارتى کرێکارانى کوردستان PKK ، ئەمەش دەبێتە فاكتەری سەرەكی پێشڤەچوون و سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی و چەسپاندنی بنەماكانی مافی مرۆڤ و هێنانەدى هێمنى و ئارامى بۆ ناوچەکە.

 رۆژهەڵاتی كوردستان: YNDK هەوڵەكانی لەیەكدی نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسيیەكانی ئەو رۆژهەڵاتى کوردستان بەرز دەنرخێنێت و, بە گرنگی دەبینێت كە تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی وڵات كار بكەن بۆ كۆكردنەوەی هێزو تواناكانیان و، بەرەیەكی سیاسی لە نێوان خۆیاندا پێكبهێنن، بۆئەوەی ئامادە بن بۆ ئەو ئەگەرو پێشهاتانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا روودەدەن و دێنە پێشەوە، لەهەمان كاتدا سڵاوو رێز دەنێرین بۆ زیندانييانی سیاسی لە زیندانەكانی ئێران و خەبات و بەرخودانیان بەرز دەنرخێنین و، داوا لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكەین كەوا هەوڵبدەن گیانی زیندانيان لە مردن رزگار بكەن.

 رۆژئاوای كوردستان: YNDK جارێكی دیكە پشتیوانی خۆی بۆ خەبات و بەرخودانی رۆژئاوای كوردستان رادەگەیەنێت و، پێشڤەچوون و سەرکەوتنەکانى رۆژئاواى کوردستان بەرز دەنرخێنێت و، بە گرنگی دەزانێت تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی ئەو بەشەی وڵات یەكڕیزو یەكدەنگ بن و بەیەكەوە كاربكەن و خۆیان لە ململانێی حزبایەتی بەدوور بگرن، لەجیاتی حزبایەتی كوردایەتی بكەن و بەرژەوەندی نەتەوەیی لەبەرچاو بگرن و خۆیان لەهەر گرژی و ناكۆكییەك بپارێزن.

 باشووری كوردستان: YNDK وایدەبینێت نەبوونى عەدالەتى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى و پەراوێزخستنى بەشێکى زۆرى لایەنە سیاسییەکان لە پرۆسەى سیاسى و بڕیاروەرگرتن لە کوردستان، بۆتە هۆى دووبەرەکى و لێکترازانى سیاسى و کۆمەڵایەتى کوردستان، پێویستە ئەم خاڵە بەهەند وەربگیرێت و چارەسەر بکرێت، چارەسەرکردنى ئەم گرفتە کلیلى کردنەوەى زۆربەى دەرگا داخراوەکانەو فاکتەرێکى بەهێزیشە بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان، بۆ ئەمەش پێویستیمان بە بڕیارى سیاسى بوێرانە و خۆنەویستانە هەیە، بۆ ئەمەش  بە پێویستی دەزانێت كە بەزووترین كات ناوەندى سیاسى و ناوماڵی كورد رێك و یەكبخرێتەوەو، وای دەبینێت كە هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن، بە تایبەت لەم قۆناخە هەستیارو چارەنووسسازەدا، كەوا ئێستا داگیرکەرانى کوردستان لە هەموو لایەكەوە كوردستانيان گەمارۆداوە، بێگومان ئەم پیلان و هەڕەشانەى لەسەر گەلى کوردستان و ئەزموونەکەى بەڕێوەدەچێت، پیلانێکى ناوچەیى بەرنامە بۆ دارێژراوى گەورەیە دژ بە گەلى کوردستان، ئەم پیلانانە دەمێکە کارى لەسەر دەکرێت و هەوڵى جێبەجێکردنى دەدرێت، هەموو لایەک باش دەمانزانى دواى شەڕى داعش هێزە عێراقییەکان رووى چەکەکانیان لە کوردستان دەکەن، ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ رێگرتن بوو لەو پیلانانە، ئەو پیلانانە بەر لە ریفراندۆم هەبوون، واتە ئەوەى ئەمڕۆ لە کوردستان و ناوچەکە دەگوزەرێ پیلانێکى پێشوەختە بووەو سەرکردایەتى گەلى کوردستان درکى بەو پیلانە کردووە بۆیە بڕیارى ئەنجامدانى ریفراندۆمى داوە، پێشووتریش هێزەکانى هاوپەیمانان لەو مەترسییانە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام بێهەڵوێست بوون، بێهەڵوێستى هێزەکانى هاوپەیمانان بەرامبەر دەستدرێژى و لەشکرکێشى میایشیا و هێزە عێراقییەکان وایکرد کەوا گەلى کوردستان پشت بەخۆى ببەستێت و رووبەڕووى لەشکرکێشى و دەستدرێژییەکانى عێراق بۆ سەر کوردستان ببێتەوە، لێرەوە بەرخودان و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرز دەنرخێنین كەوا لە (پردێ و مەخموور و زوممار) قارەمانانە رووبەڕووی میلیشياكانى حەشدى شەعبى و هێزە عێراقییەکان بوونەوە.

 ريفراندۆم: ئەنجامدانى ریفراندۆم لەلایەن گەلى کوردستان وەرچەرخانێکى دیرۆکى بوو لە خەباتى گەلەکەماندا و، سەرکەوتووانە ئەنجامدراو گەلى کوردستان بەڕێژەى %92.73 بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیى کوردستان دەنگیدا، بێگومان ریفراندۆم وەکو پرۆسەیەکى دیموکراسییانە بەپێى پرەنسیپەکانى (مافى مرۆڤ و مافى چارەى خۆنووسین و بنەما دیموکراتییەکان) ئەنجامدراوە، واتە گەلى کوردستان پرۆسەیەکى دیموکراسییانەى ئەنجامداوەو تاوانێکى نەکردووە تاکو سزا بدرێت و پشتى تێبکرێت، نابووا رێ بە عێراق و وڵاتانى ناوچەکە بدرابووا کەوا گەلەکۆمەکى لە گەلى کوردستان بکەن و سزاى بە کۆمەڵى بەسەردا بسەپێنن و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیش سەیرکەر بێت و بێهەڵوێست بمێنێتەوە، بێدەنگى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بەرامبەر بەو زوڵمەى لە گەلى کوردستان دەکرێت ئەوەمان پێدەڵێن کەوا پرەنسیپەکانى (مافى مرۆڤ و مافى چارەى خۆنووسین و بنەما دیموکراتییەکان) لەلایەن ئەو وڵات و لایەنانەى بانگەشەى بۆ دەکەن تەنها دروشمەو هیچى دیکە!! بۆیە کارکردن بۆ بە ئەنجامگەیاندنى ئەنجامى ریفراندۆمى گەلى کوردستان ئەڕکێکى بەپەلەى ئەم قۆناخەى کار و خەباتى سەرکردایەتیى سیاسیى کوردستانە، بۆ ئەمەش  پێویستە سەرکردایەتى سیاسى کوردستان (بۆردى سەربەخۆیى کوردستان) پێکبهێنێت، بۆئەوەى ئەم بۆردە بتوانێت کارنامەیەکى گشتگیر دابڕێژێت بۆ چۆنییەتى  کارکردن و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیى کوردستان.

 كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان: YNDK جەختدەكاتەوە سەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بەبەشداری تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی مەزن و, بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لەم كاتە هەستیارەدا بەئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی دەزانێت، بێگومان بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی دەبێتە هەنگاوێك بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن.

 رەوشى هاوڵاتیانى كوردستان: هاوڵاتیانى کوردستان لە رووى بژێوى ژیان لە رەوشێکى خراپدان، سزاکانى حکومەتى عێراق و گەمارۆدانى کوردستان لە لایەن (عێراق و ئێران و تورکیا)وەو، داخستنى فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەکان بەسەر کوردستاندا؛ وایکردووە کەوا ژیانى هاوڵاتیانى کوردستان قورستر بێت، ئەو حاڵەتەش دەچێتە خانەى سزادانى بە کۆمەڵ و دژ بە تەواوى بەها مرۆڤایەتییەکانە و، بێدەنگبوونى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لەبەرامبەر سزادانى بە کۆمەڵى خەڵکى کوردستان شەرمەزارییەکى گەورەیە بۆ تەواوى مرۆڤایەتى، لێرەوە جارێکى دیکە داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و رێکخراوەکانى UN دەکەین کەوا چیتر بەرامبەر بە سزادانى بە کۆمەڵى خەڵکى کوردستان بێدەنگ نەمێنن.

 عێراق: YNDK پێیوایە ئەم رەوشەی كەوا ئێستا عێراق پێیدا گوزەر دەكات بەرەنجامی عەقلیەتی تاكڕەوی و دكتاتۆرییەتە كە حكومەتی نورى مالیكی لە ساڵانی رابردوودا و حكومەتى حەیدەر عەبادى لە ئێستادا هۆكاری هێنانە ئارای ئەم عەقلیەت و رەوشە نەخوازراوە بوون، بێگومان دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق دەیانەوێ هەمان سیاسەتى هەلەى حکومەتەکانى پێشووى عێراق دووبارە بکەنەوە، روانینى دەسەڵاتى ئێستاى عێراق هەمان روانینى دەسەڵاتەکانى پێشووە، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا عەقلیەتى دەسەلاتدارى عێراقى چەقبەستووەو ناگۆڕێت و، روانینى حەیدەر عەبادى و سەددام حوسین بۆ چارەسەرى پرسى کورد هەمان روانینە! هەردوو لۆژیکى سەربازى دەخەنە پێش لۆژیکى دیالۆگ و لەیەکتر گەیشتن، بە بەپێى ئەم واقیعەى ئێستاو بەپێی ئەزموونی كورد لەگەڵ رژێمەكانی پێشووی عێراق دەگەینە ئەو راستییەی كەوا نە ئێستا و نە لە داهاتوودا متمانە بە دەسەڵاتەكانی عێراق نەكەین، ئەم روانين و هێرش و پەلامارانە پەیامێکن بۆ هەموو لایەک کەوا تائێستاش گەلى کوردستان هەڕەشەى لەسەرە و پێویستى بە پاراستن هەیە بۆیە لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە ناکۆکى و دووبەرەکى بخەینە لاوەو بە یەکڕیزى و یەکدەنگى رووبەڕووى ئەم هەڕەشانە ببینەوە.

 بڕیارەکانى عێراق سەبارەت بە کوردستان: تەواوى بڕیار و سزاکانى حکومەتى عێراق بەرامبەر کوردستان سیاسین نەک یاسایى و دەستوورى و لەژێر هەژموونى سیاسى وەرگیراون، لەوانەش بڕیار‌ی دادگای فیدراڵی عێراق سه‌باره‌ت به ‌ریفراندۆم ئەم بڕیارە سیاسییه‌ و هیچ به‌هایه‌كی یاسایی نییه‌، خواستی گه‌ڵی كوردستان به‌هیچ دادگا و لایه‌نێك هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌، بۆیە ئەم بڕیارەو تەواوى بڕیار و سزاکانى عێراق لەسەر کوردستان جێگەى شەرمەزارین و لاى ئێمە رەتکراوەن.

 رەوشی ناوچەكە: YNDK پێیوایە رۆژهەڵاتی ناڤین لە رەوشێكی پڕ ناسك و هەستیارو ئاڵۆزدایەو رۆژ بە رۆژ ئەگەرو پێشهاتی نوێ‌ دێنە پێشەوەو، ئەو ئەگەرو پێشهاتانە كاریگەری خۆیان دەبێت بۆ سەر رەوشى ئێستاى کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازەكانی ناوچەكە، بۆیە پێویستە ئێمەش وەکو گەلى كوردستان سوود لەو دەرفەتە وەربگرین، هەروەها پێویستە برایانمان لە بەشەكانی دیكەی كوردستان كارو خەباتی خۆیان خورت بكەن و بەرەو رزگاری و ئازادی هەنگاو بنێن، لە هەمان كاتدا وای دەبینین كەوا دەكرێ لە ئەنجامى ئەو گۆڕانکارییانەى کەوا دێنە پێشەوە سوود وەربگرین بۆ كاركردن بۆ بە ئەنجامگەیاندنى ئەنجامى ریفراندۆم و کارکردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

 لە دوا تەوەری كۆبوونەوەكەدا باس لە كاروخەباتی YNDK لەماوەی رابردوودا كراو، كارنامەیەكیش بۆ كارو خەباتی داهاتووی YNDK دانرا، ئەمەو كۆبوونەوەكە سەركەوتووانە كۆتایی بە كارنامەی خۆی هێنا.

 

 

كۆميته‌ى سه‌ركردايه‌تيى

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

٢٥ / ١١ / ٢٠١٧  هەولێر _ باشووری كوردستان

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌