رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

*جه‌ماوه‌ری خۆڕاگرو نیشتمانپه‌روه‌ری كوردستان ...

 *حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ...

دوای ئه‌وه‌ی له ‌رۆژی 25-9-2017 له‌بڕیارێكی مێژوویی چاره‌نووسسازدا بۆ دیاریكردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین، گه‌لی كوردستان به‌ رێژه‌ی  92.73% به‌ (به‌ڵێ) ده‌نگی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا، به‌و هۆیه‌وه‌ بۆ دژایه‌تیكردنی ئه‌و مافه‌ ره‌واو ده‌ستووری و یاساییه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، وڵاتانی ئه‌قلیمی و عێراق كه‌وتنه‌ پیلان داڕشتن و به‌رێگه‌ی جیاواز هه‌وڵی له‌باربردنی ئه‌زموونی باشووری كوردستان و ریفراندۆمیاندا، دوایین هه‌وڵی حكومه‌تی عێراق به‌ پاڵپشتی ده‌ستی ده‌ره‌كی، بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراقه‌ سه‌باره‌ت به‌ ناده‌ستووریكردنی ریفراندۆمی كوردستان.

 ئه‌وه‌ 12 ساڵه‌ ده‌ستووری عێراق په‌سندكراوه، به‌ڵام‌ زیاتر له‌ 55 مادده‌ له‌نێو ده‌ستوور له‌دژی گه‌لی كوردستان پێشێلكراوه‌ و حكومه‌تی عێراق سزای به‌كۆمه‌ڵی گه‌لی كوردستانیدا و بودجه‌ی بڕی و مادده‌ی 140 ی نێو ده‌ستووره‌كه‌ی تا ئێستاش جێبه‌جێنه‌كرد و پاره‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی بڕی و هێزی له‌دژی كوردستان جوڵه‌پێكرد و رۆڵی داگیركه‌ری بینی له‌دژی كوردستان و چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌ی عێراق، به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو پێشێلكارییانه‌، دادگای فیدڕاڵی عێراق بێدەنگى و بێهه‌ڵوێستی له‌بەرامبەر حكومه‌تی عێراق هەڵبژارد، بۆیە ئەو دادگایە لاى گەلى کوردستان جێگەى گومانە و، ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە (ریفراندۆم) بڕیارێکى سیاسییە و هیچ بەهاى یاسایى نییە، ئەم بڕیارە به‌ فیتی كۆمه‌ڵێك لایه‌نی سیاسی عێراقى و وڵاتانی ئه‌قلیمی وه‌ك بڕیارێكی سیاسی بۆ دژایه‌تیكردنی مافه‌كانی گه‌لى کوردستان ده‌ر‌كراوه‌.

 ته‌نانه‌ت خودی ئه‌م دادگایه‌ نایاساییه،‌‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ دوای په‌سندكردنی ده‌ستووری عێراق له‌ ساڵی 2005 ه‌وه‌ پێویست بوو به‌پێی ئه‌م ده‌ستووره‌ دادگای ناوبراو هەڵبوەشێنرێتەوەو سەر لەنوێ پێكبهێندرێته‌وه‌ بەڵام نه‌كرا،ئەمەش وایکرد ئەم دادگایە‌ له‌ژێر هه‌ژموونی سیاسییه‌كانی عێراق بمێنێته‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پیلانه‌كانیان له‌دژی گه‌لی كوردستان و عێراق کاربکات.

 له‌م باره‌یه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK، رایده‌گه‌یه‌نین ریفراندۆمی گەلى كوردستان ده‌ستوورییه‌ به‌تایبه‌ت دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی ریفراندۆمی په‌سند كرد و بڕیاری ئه‌و دادگایه‌ش باته‌ و پڵه‌ی كۆتایی وه‌رگرت و دادگای دیكه‌ ناتوانێ تانه‌ی لێبدات، ئه‌وه‌ی ناده‌ستوورییه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی دادگا‌ی فیدڕاڵی عێراقه‌ سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆم و دژایه‌تیكردنی خواستی ره‌وای گەلى كوردستان، به‌تایبه‌ت بڕیاره‌كه‌ به‌ بێ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان ده‌رچووە، بۆیه‌ بریاره‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی سیاسییه‌، تاك لایه‌نه‌ش بڕیاری له‌سه‌ردراوە و ئه‌م دادگایه‌ ناتوانی بەئارەزووى خۆی بڕیار له‌سه‌ر خواستی گه‌لێك بدات، ئه‌وه‌ی دادگای ناوبراو ده‌بوا بیكات، ناده‌ستووریكردنی هه‌نگاو و بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عێراق بوو له‌دژی گه‌لی كوردستان.

 جارێكی دیكه‌ دوپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ خواستی گه‌ڵی كوردستان به‌هیچ دادگا و لایه‌نێك هه‌ڵناوه‌شێته‌وه‌، به‌ڵكو مافی خۆمانه‌ له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق كە لە دیباجەی دەستووردا هاتووە "ان التزام بهذا الدستور یحفظ للعراق اتحاده الحر شعبا و ارضا و سیادة" به‌و پێیه‌ش حكومه‌تی فیدالى عێراق ئەم دەستوورەى پێشێل کردووە و هیچ ئیلتزاماتێكی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان لەسەرخۆى نەهێشتۆتەوە، بۆیه‌ گه‌لی كوردستان بڕیاری به‌ (به‌ڵی) بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا، لێره‌وه‌ داوا له‌هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسی و رێكخراوه‌كان و كۆمه‌ڵه‌ و سه‌نته‌رێك ده‌كه‌ین به‌هیچ جۆرێك نابێ بكه‌وینه‌ ژێر ئه‌و فشار و بڕیاره‌ ناده‌ستوورییانه‌ و ده‌بێ به‌رده‌وامبین له‌ كاركردنمان بۆ بەئەنجامگەیاندنى ئەنجامى ریفراندۆم و پیاده‌كردنی ئه‌و مافه‌ و به‌ده‌ستهێنانی ته‌واوی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان.

- سه‌ركه‌وێ ئیڕاده‌ی گه‌لی كوردستان.

_ بێته‌ دی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و یه‌كگرتوو دیموكرات .

                              مه‌كته‌بی سیاسی

                                یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK

                             21-11-2017  هەولێر _ کوردستان

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌