رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

                                           

 هێرشى دڕندانەى میلیشیاکانى حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق لە بەرەبەیانى رۆژى ١٦ / ١٠ / ٢٠١٧  بۆ سەر کەرکوک و توزخورماتوو و خانەقین و شنگاڵ و مەخموور بەجۆرەها چەکى پێشکەوتووى ئەمریکى، جگە لەوەى بووە هۆى ئاوارەبوون و دەربەدەربوونى هەزاران هاوڵاتى سڤیل، میلیشیاکانى حەشدى شەعبى و سوپاى عێراق چەندین تاوانیان دژ بە هاوڵاتییان ئەو شارو شارۆچکانە ئەنجامدا، هەر لە دەربەدەرکردنى هاوڵاتیانى سڤیل تا دەگاتە کوشتن و گرتن و ماڵ سوتاندن و تاڵانکردنى ماڵ و سامانى خەڵک، بێگومان ئەمەش ئەوە وەدەردەخات کەوا دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق دەیانەوێ هەمان سیاسەتى هەلەى حکومەتەکانى پێشووى عێراق دووبارە بکەنەوە، ئەو راستییەشیان سەلماند کەوا روانینى دەسەڵاتى ئێستاى عێراق هەمان روانینى دەسەڵاتەکانى پێشووە، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا عەقلیەتى دەسەلاتدارى عێراقى چەقبەستووەو ناگۆڕێت و، روانینى حەیدەر عەبادى و سەددام حوسین بۆ چارەسەرى پرسى کورد هەمان روانینە! هەردوو لۆژیکى سەربازى دەخەنە پێش لۆژیکى دیالۆگ و لەیەکتر گەیشتن،  ئەم روانين و هێرش و پەلامارانە پەیامێکن بۆ هەموو لایەک کەوا تائێستاش گەلى کوردستان هەڕەشەى لەسەرە و پێویستى بە پاراستن هەیە.

  ئەم پیلان و هەڕەشانەى لەسەر گەلى کوردستان و ئەزموونەکەى بەڕێوەدەچێت، پیلانێکى ناوچەیى بەرنامە بۆ دارێژراوى گەورەیە دژ بە گەلى کوردستان، ئەم پیلانانە دەمێکە کارى لەسەر دەکرێت و هەوڵى جێبەجێکردنى دەدرێت، هەموو لایەک باش دەمانزانى دواى شەڕى داعش هێزە عێراقییەکان رووى چەکەکانیان لە کوردستان دەکەن، ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ رێگرتن بوو لەو پیلانانە، واتە ئەو پیلانانە بەر لە ریفراندۆم هەبوون، لەوانەیە ریفراندۆم تەنها کاریگەرى لەسەر کاتى جێبەجێکردنى پیلانەکان هەبووبێت، عێراقییەکان ئازادکردنى حەویجەیان دواخست بۆئەوەى بەو بیانووە زۆرترین هێز بهێننە دەوروبەرى کەرک و، دواى حەویجە هەڵ بقۆزنەوە بۆ داگیرکردنى کەرکووک و دەورووبەرى، پێش شەڕى داعشیش چەندین جار و لە چەندین بۆنەدا هەڕەشەى داگیرکردنەوەى کەرکوکیان دەکرد، کاتى خۆیشى بۆ ئەم مەبەستە (سرکردایەتى ئۆپەراسیۆنى دجلە)یان پێکهێنا.

 واتە ئەوەى ئەمڕۆ لە کوردستان و ناوچەکە دەگوزەرێ پیلانێکى پێشوەختە بووەو سەرکردایەتى گەلى کوردستان درکى بەو پیلانە کردووە بۆیە بڕیارى ئەنجامدانى ریفراندۆمى داوە، پێشووتریش هێزەکانى هاوپەیمانان لەو مەترسییانە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام بێهەڵوێست بوون، بێهەڵوێستى هێزەکانى هاوپەیمانان لەو مەترسییانەى لەسەر گەلى کوردستان هەبوون واى لەسەرکردایەتى گەلى کوردستان کرد کەوا پشت بە گەلى کوردستان ببەستێت، ئەوەش راستییەکەو نکوڵى لێناکرێت، بێدەنگى ئێستاى وڵاتانى (هاوپەیمان لەشەڕى دژى داعش) بەرامبەر بە لەشکرکێشى عێراق بۆ سەر کوردستان ئەو راستتیە دەسەڵمێنێت، بەتایبەت بێهەڵوێستى ئەمریکا لەم کارەساتەدا ئەوەمان وەبیردێنێتەوە کەوا ئەمریکا هەمیشە گەلانى چەوساوەى کردۆتە قوربانى بەرژوەندییەکانى خۆى، ئەمەریکا ئەوە چەندین جارە زولم لە گەلى کوردستان دەکات، بێگومان دەبووا ئێمە هەموو کات ئەو زوڵمەى ئەمریکامان لەبیربێت کەوا لە ساڵى ١٩٧٥ لە گەلى کوردستانى کرد و رووى کردە بەرژەوەندییەکانى خۆى پشتى کردە گەلى کوردستان، ئەوەتا لە ٢٠١٧ هەمان شتى دووبارە کردەوە دیسان گەلى کوردستانى کردە قوربانى بەرژەوندییەکانى خۆى، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا ئەمریکا تەنها دۆستى بەرژەوەندییەکانى خۆیەتى و، بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى هەموو کات ئامادەیە دەستبەردارى پرەنسیپە مرۆڤایەتییەکان بێت.

 ئەنجامدانى ریفراندۆم لەلایەن گەلى کوردستان وەکو پرۆسەیەکى دیموکراسییانە بەپێى پرەنسیپەکانى (مافى مرۆڤ و مافى چارەى خۆنووسین و بنەما دیموکراتییەکان) ئەنجامدراوە، واتە گەلى کوردستان پرۆسەیەکى دیموکراسییانەى ئەنجامداوەو تاوانێکى نەکردووە تاکو سزا بدرێت و پشتى تێبکرێت، نابووا رێ بە عێراق و وڵاتانى ناوچەکە بدرابووا کەوا گەلەکۆمەکى لە گەلى کوردستان بکەن و سزاى بە کۆمەڵى بەسەردا بسەپێنن و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیش سەیرکەر بێت و بێهەڵوێست بمێنێتەوە.

 بێدەنگى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنى ئاسایش و وڵاتانى زلهێز لە ئاست تاوان و دەستدرێژییەکانى حەشدى شیعى و سوپاى عێراق بەرامبەر بە گەلى کوردستان لە ١٦ / ١٠ / ٢٠١٧ ، باوەڕبوونى کۆمەڵگاى نێو دەوڵەتى و وڵاتانى ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان و خودى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان UN بە پرەنسیپەکانى (مافى مرۆڤ و مافى چارەى خۆنووسین و بنەما دیموکراتییەکان) دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بێدەنگى ئەو لایەنانە بەرامبەر بەو زوڵمەى لە گەلى کوردستان دەکرێت ئەوەمان پێدەڵێن کەوا پرەنسیپەکانى (مافى مرۆڤ و مافى چارەى خۆنووسین و بنەما دیموکراتییەکان) لەلایەن ئەو وڵات و لایەنانەى بانگەشەى بۆ دەکەن تەنها دروشمەو هیچى دیکە!!

 ئەو بێهەڵوێستییەى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى جارێکى دیکە ئەو راستییەى سەڵماندەوە کەوا ئێمەى گەلى کوردستان بێدۆستین و تەنها چیاکان دۆستمانن، ئەم واقیعە تاڵە لەسەر سەرکردایەتى سیاسى کوردستان و هەموو لایەکمان فەرز دەکات کەوا وردبینانەتر لەجاران بیر بکەینەوەو بە مامەڵەو سیاسەتى خۆمان بەرامبەر بە هەموو لایەک دابچینەوەو، کارنامەیەکى نوێتر بۆ کارو خەباتى داهاتوومان دابڕێژین و مامەڵەیەکى تەندروست لەگەڵ ئەم واقیعە بکەین و بۆ کارى داهاتوومان سوودى لێوەربگرین.

 ئەو رووداوانەى ئێستا کاتین و تێدەپەڕن، لە رابردووشدا چەندین کارەسات و رووداوى لەوەش ناخۆشترمان بینیوە، داگیرکردنى کەرکوکیش نابێتە ئەمرى واقیع، وەک هەموو لایەکمان دەزانین ساڵى ١٩٩١ هێزى پێشمەرگەى کوردستان کەرکوکى ئازاد کرد دواتر بە چراى سەوزى وڵاتە بەرژەوەندیخوازەکان عێراق کەرکوکى داگیرکردەوە، لە ساڵى ٢٠٠٣ دا جارێکى دیکە کەرکوک لەلایەن هێزى پێشمەرگەى کوردستان ئازاد کرایەوەو پاشان هاوپەیمان وایانکرد بکەوێتەوە دەست عێراق، لە ٢٠١٤ دا جارێکى دیکە هێزى پێشمەرگەى کوردستان کەرکوکى ئازاد کردەوە، تا لە رۆژى ١٦ / ١٠ / ٢٠١٧ جارێکى دیکە بەپێى پیلانێکى ناوچەیى و بە چراى سەوزى هاوپەیمانان لەلایەن حەشدى شەعبى و هێزە عێراقییەکان داگیرکرایەوە، ئەو راستییانە ئەوەمان پێدەڵێن کەوا گەلى کوردستان هیچ کاتێک دەسبەردارى کەرکوک نابێت و ئەم حاڵەتەى ئێستاش نابێتە ئەمرى واقیع.

 تەواوى مێژووى کوردستان بەرخودان و کەوتن و هەڵسانەوە و تێهەڵچوونەوەیە، گەلى کوردستان هەمیشە لە نائومێدییەوە مەزنترین ئومێدى بۆ داهاتوو بینا کردۆتەوە، بۆیە ئەم حاڵەتەى ئێستاش بەرامبەر ویستى هەقخوازانەى گەلى کوردستان دەپوکێتەوەو کۆتایى پێدێت، بەڵام لێرەدا پێویستە لەخۆمان بپرسین بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەو پیلان و هەڕەشانە و، دەربازکردنى ئەم رەوشە چى بکەین؟ لە وەڵامدا پێویسە:

- بۆ وەستانەوە بەڕووى ئەو پیلان و هەڕەشانە لەسەر هەموو لایەکمانە یەکدەنگ و یەکڕیز بین و ناوماڵى کوردستان بەزووترین کات رێکبخەینەوە، ئەمەش ئەڕکى بەپەلەى نەتەوەیى و نیشتمانى هەموو لایەکمانە و، پێویستە بەجدى کارى بۆ بکەین، لەم پێناوەدا پێویستە بە زووترین کات چەترێکى هاوبەش بۆ تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان پێکبهێنرێت و هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەژێر ئەم چەترەدا کۆببنەوەو هیچ لایەک پەراوێز نەخرێت، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ رێکخستنەوەى ناوماڵى کوردستان و هێنانە کایەى یەکڕیزى و یەکدەنگى و، لە هەمان کاتدا دڵنیاییەک بە گەلى کوردستان دەدات بۆ داهاتوو.

 - رەخنەو رەخنە لەخۆگرتن بکەینە بنەمایەکى پتەو بۆ کارى داهاتوومان، لەبەر ئەوەى رەخنە میکانیزمى پێشکەوتنى هەر دامەزراوەو کۆمەڵگایەکە، لە رێگەى رەخنەوە ئیمە ناتەواوى و هەلەکانى خۆمان دەبینین، بێگومان دۆزینەوەى هەلە و ناتەواوییەکان وامان لێدەکات بەدواى چارەسەردا بگەڕێین، لەم روانگەیەوە پێویستە لەسەر هەموو ئاستەکان بەخۆدابچینەوەو دان بەوە دابنێین کەوا شێوازى کارکردنمان لە رابردوودا کەم و کوڕى زۆرى تێدابووە، لەڕووى سیاسى و لەڕووى دیبلۆماسى و لەڕووى ئیدارى و بازرگانى و تەواوى کایەکانى ژیان حیزب هێندە باڵادەست بووە شکۆى بۆ دامەزراوەکانى کوردستان نەهێشتۆتەوە، ئەم شێوازە کارکردنە کاریگەرى نێگەتیفى هەبووەو لەناوخۆ و لەدەرەوەش رووبەڕووى رەخنە بۆتەوە، بۆیە پێویستە لەم رووەوە هەوڵى سیسماتیککردن و تەکنۆکراتکردنى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان بدەین.

 - نەبوونى عەدالەتى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى و پەراوێزخستنى بەشێکى زۆرى لایەنە سیاسییەکان لە پرۆسەى سیاسى و بڕیاروەرگرتن لە کوردستان، ببووە هۆى دووبەرەکى و لێکترازانى سیاسى و کۆمەڵایەتى کوردستان، پێویستە ئەم خاڵە بەهەند وەربگیرێت و چارەسەر بکرێت، چارەسەرکردنى ئەم گرفتە کلیلى کردنەوەى زۆربەى دەرگا داخراوەکانەو فاکتەرێکى بەهێزیشە بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان، بۆ ئەمەش پێویستیمان بە بڕیارى سیاسى بوێرانە و خۆنەویستانە هەیە.

 - ئەم پەلامارو هێرشانە ئێستاى هێزە عێراقییەکان بۆ سەر گەلى کوردستان ئەو راستییە دەسەلمێنن کەوا هیچ حکومەتێکى عێراق چ لە ئێستا و چ لە داهاتوودا ئامادە نینە مافە رەواکانى گەلى کوردستان بسەلمێنن، بۆیە کارکردن بۆ بە ئەنجامگەیاندنى ئەنجامى ریفراندۆمى گەلى کوردستان ئەڕکێکى بەپەلەى ئەم قۆناخەى کار و خەباتى سەرکردایەتیى سیاسیى کوردستانە، بۆ ئەمەش  پێویستە سەرکردایەتى سیاسى کوردستان (بۆردى سەربەخۆیى کوردستان) پێکبهێنێت، بۆئەوەى ئەم بۆردە بتوانێت کارنامەیەکى گشتگیر دابڕێژێت بۆ چۆنییەتى  کارکردن و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیى کوردستان، بێگومان بۆئەمەش دەکرێ سوود لە ئەزموونى زۆر لە میللەتان و وڵاتان وەربگیرێت، کەوا چۆن کاریان کردووە بۆ راگەیاندنى سەربەخۆیى خۆیان، پێویستە پێکهاتەى (بۆردى سەربەخۆیى کوردستان)؛ بریتى بێت لە کەسانى شارەزا لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و کەسانى ناسراوو کاریگەرى کورد و بیانى کەوا ناسراو بن لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى؛ بۆئەوەى بتوانن لەسەر ئاستى جیهان و لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکان لوبى بۆ سەربەخۆیى کوردستان بکەن، کەسایەتى وابن کەوا خودان ئەزموون و بەدەسەڵات بن بۆئەوەى گوێیان لێبگیرێت، لەم رووەوە پێویستە  خۆمان لە کەسانى بازرگانى سیاسى بەدوور بگرین.

 - ئەو هاوسۆزییە نەتەوەییەى لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن بەرامبەر رەوشى باشوورى کوردستان هەیە هەنگاوێکى گرنگە بە ئاراستەى هاتنەدى یەکێتییەکى نەتەوەیى، پێویستە سوود لەم دەرفەتە وەربگرین و بەزووترین کات کار بۆ بەستنى (کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان) بکەین، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە نەکەوینە ژێر کاریگەرى وڵاتانى داگیرکەرى کوردستان و بڕیارى بوێرانەى خۆمان هەبێت، لە ئێستادا هەموو داگیرکەرانى کوردستان لە دژى گەلى کوردستان یەکیان گرتووە و کوردستانیان گەمارۆداوە، ئەوەى هەیە تەنها گەلى کوردستانە لە تەواوى بەشەکانى کوردستان پشتیوانى باشوورى کوردستان دەکەن، ئەم واقیعە لە هەموو لایەکمان دەخوازێت بەرەو یەکێتى نەتەوەیى هەنگاو بنێین و (کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان) ببەستین، ئەمەش دەبێتە باشترین وەڵام بۆ داگیرکەرانى کوردستان.

 - ئەم هێرش و پەلامارانەى حەشدى شەعبى و هێزە عێراقییەکان و هەوڵدانیان بۆ گەیشتن خاڵە سنوورییەکان بۆ لاوازکردنى پێگەى باشوورى کوردستان و داخستنى دەرگا لەسەر رۆژئاواى کوردستان و لێدانى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى باکوور و رۆژهەڵاتى کوردستانە، ئەمەش ئەو راستییەمان پێدەڵێت کەوا پیلانەکە زۆر لەوە گەورەترە کەوا هەندێ لایەنى ناوخۆ ئەم پیلان و هێرشانە تەنها بە ریفراندۆم دەبەستنەوە، بێگومان ئەو رەوشەى ئێستا ئەوە دەسەلمێنێت کەوا ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ رێگرتن بووە لەم پیلانە گەورەیە، ئەم واقیعەش ئەوە دەخوازێت کەوا بەزووترین کات کاربکرێت بۆ پێکهێنانى (هێزى بەرگرى نەتەوەیى کوردستان)، بۆ ئەمەش پێویستە کار بۆ پێکهێنانى سەرکردایەتییەکى هاوبەشى تەواوى هێزە سەربازییە کوردستانییەکان بکرێت، ئەمەش وادەکات باڵانسى هێز لە ناوچەکەدا بگوڕێت.

 - گەیاندنى راستییەکان و پیلان و هەڕەشەکان بە ناوەندە نێودەوڵەتى و دەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان پێویستى بە کارى دبلۆماسیەتى نەتەوەیى هەیە، بۆئەمەش پێویستیمان بەوە هەیە کەوا (کۆمیتەى نەتەوەیى پەیوەندییە دبلۆماسییەکان) دابمەزرێنین و لەسەر ئاستى هەموو وڵاتانى جیهان بکەوینە کارکردن و، دەنگمان بەهەموو لایەک بگەیەنین، بۆ پشتیوانى کارى ئەم کۆمیتەیە رێکخستنى رەوەندى کورد لە دەرەوەى وڵات لە دامەزراوەیەکى نەتەوەیى بەهەند وەربگیرێت و بەردەوام هەوڵبدرێت لە کارو چالاکى جۆراو جۆردابن بۆ ئەوەى پاڵەپەستۆ بخەنە سەر ناوەندەکانى بڕیار لەسەرتاسەرى جیهان.

 ئەگەر ئێمە توانیمان لە ماوەیەکى کەمدا بەم شێوەیەى کە باسمانکرد خۆمان رێکبخەینەوە و بکەوینە کارو خەبات، بەدڵنیاییەوە بەرەو ئایندەیەکى گەش هەنگاو دەنێین و لەماوەیەکى کورتدا دەتوانین ئەو پیلان و گەمارۆیانەى سەر کوردستان تێکبشکێنین، بۆ ئەمەش پێویستیمان بەوەیە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و دەستبەردارى بەرژەوەندییە کەسى و حزبییەکان بین.

 

  * سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌