رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

میدیا _ رمێلان:
ڕۆژانى ٢٧ / ٩ / ٢٠١٧، سکرتێرى گشتیى YNDK ئامادەى رێوڕەسمى کردنەوەى (کۆنگرەى حەوتەمى پارتى یەکێتى دیموکرات PYD ) بوو، کە لە شارى رمێلانى رۆژئاواى کوردستان بەڕێوەچوو، لە کۆنگرەکەدا داوایکرد کەوا باشوورو رۆژئاواى کوردستان لە یەکتر نزیکببنەوەو هاوکارى یەکتر بکەن.
غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، ئامادەى رێوڕەسمى کردنەوەى (کۆنگرەى حەوتەمى پارتى یەکێتى دیموکرات PYD ) بوو، کە لە شارى رمێلانى رۆژئاواى کوردستان بەڕێوەچوو، زۆر بەگەرمى لەلایەن بەڕێزان ( ساڵح محەممەد موسلیم و ئاسیا عەبدوڵڵا هاوسەرۆکانى PYD و شێخ حمێدى دەهام ئەلهادى هاوسەرۆکى کانتۆنى جزیرە و ئەندامانى رێڤەبەرى کانتۆن و سەرکردایەتى PYD ) پێشوازیکران، غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK، لە کۆنگرەکەدا وتارێکى پێشکەشکردو تیشکى خستەسەر رەوشى سیاسى کوردستان و هەڕەشەو پیلانى داگیرکەرانى کوردستان و، داوایکرد کەوا هێزە سیاسییەکان و گەلى کوردستان یەکڕیزبن و کار بۆ یەکێتى کوردان بکەن و، وتى: (بۆ پاراستنى دەسکەوتەکانى گەلەکەمان لە باشوور و رۆژئاواى کوردستان و، بۆ رووبەرووبوونەوەى هەڕەشەى داگیرکەروو دوژمنانى کوردستان لە یەکتر نزیکبوونەوەى باشوورو رۆژئاواى کوردستان زۆر بە پێویست دەزانین، ئەم رەوشە لە هەموو لایەكمان دەخوازێت كار بۆ یەكێتی كوردان بكەین و زياتر لەیەکدى نزیک ببینەوە.)، هەرەها ئاماژەى بە پرۆسەى ئەنجاندانى ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیى کوردستان کرد و، وتى: (گەلەمان لە باشوورى کوردستان رۆژى ٢٥ / ٩ / ٢٠١٧ لەڕێى ئەنجامدانى پرۆسەى ریفراندۆم بڕیارى لە چارەنووسى خۆیدا و سەربەخۆیى هەڵبژارد نەک مانەوە لە چوارچێوەى عێراقدا، ئەم هەنگاوەى گەلەکەمان لە باشوورى کوردستاندا وەرچەرخانێکى مێژوویى گرنگە و پێویستە هەموو لایەکمان لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن و رەڤەندى کوردستان لە دەرەوەى وڵات پشتیوانى لە هەنگاوە مەزنەى باشوورى وڵات بکەین.).
ئەمەش دەقی وتارەکەى سکرتێرى گشتیى YNDK ە، کەوا لە کۆنگرەى حەوتەمى PYD دا پێشکەشیکرد:

- بەڕێزان كاك ساڵح موسلم و خاتوو ئاسیا عەبدوڵڵا هاوسەرۆكانی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD
- بەڕێزان ئەندامانی كۆنگرەی حەوتەمی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD
- بەڕێزان نوێنەرانى حیزب و لایەنە سیاسییەکان
- بنەماڵەو کەس و کارى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان
- خوشکانى ئازيز ... برایانى بەڕێز ... ئامادەبووانى خۆشەویست

رۆژتان باش و سڵاوێكی گەرمتان لێبێت ...
بەڕێزان، بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و ئەندامانی كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی هەڤاڵانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی ئازیزو خۆشەویست دەكەین، بەبۆنەی بەستنی كۆنگرەی حەوتەمی پارتە تێكۆشەرەكەتان PYD و، هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازین و ئومێد دەكەین ئەم كۆنگرەیەتان ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتنی زیاتر لە پێناو خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلەكەمان.
بەڕێزان، كۆنگرەكەتان لە كاتێكدا دەبەسترێت كە كوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی و بەتایبەت باشوور و رۆژئاوای كوردستان لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنە پێشی زۆر ئەگەرو پێشهات دەكرێت، وەک ئاگادارن گەلەمان لە باشوورى کوردستان رۆژى ٢٥ / ٩ / ٢٠١٧ لەڕێى ئەنجامدانى پرۆسەى ریفراندۆم بڕیارى لە چارەنووسى خۆیدا و سەربەخۆیى هەڵبژارد نەک مانەوە لە چوارچێوەى عێراقدا، ئەم هەنگاوەى گەلەکەمان لە باشوورى کوردستاندا وەرچەرخانێکى مێژوویى گرنگە و پێویستە هەموو لایەکمان لەسەر ئاستى کوردستانى مەزن و رەڤەندى کوردستان لە دەرەوەى وڵات پشتیوانى لە هەنگاوە مەزنەى باشوورى وڵات بکەین، لە رۆژئاواى کوردستانیشدا پێشکەوتنى مەزن روویانداوەو زۆربەى دەڤەرەکان ئازاد کراون و خۆرێڤەبەرییەکى دیموکرات بە بەشدارى پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینییەکان پێکهاتووەو بەرەو پێشەوە دەچێت و شەڕڤانانى یەکینەکانى پاراستنى گەل YPG و يەکینەکانى پاراستنى ژن YPJ رۆژانە سەرکەوتنى مەزن تۆمار دەکەن، هەروەها ئەوەى مایەى خۆشحاڵییە ژن لە رۆژئاواى کوردستاندا رۆڵێکى کاریگەرو بەرچاویان لە تەواوى بوارەکاندا هەیە، ئەوەش بۆتە سیمایەکى جوانى رۆژئاوا، ئەو پێشکەوتنانەى باشوور و رۆژئاوا ئەوە بە هەموو جیهان دەڵێن کەوا گەلەمان چۆن لە رابردوودا بەشێکى کاریگەر بووە لە بیناکردنى شارستانییەتى ناوچەکە، ئەگەر بوارى پێبدرێت لەداهاتووشدا رۆڵێکى کاریگەر دەگێڕێ لە بناکردنى کۆمەڵگایەکى مۆدێرن و دیموکرات، ئەم پێشەکەوتنانە وایان کردووە داگیرکەران بەردەوام لە پیلانگێڕاندابن لە دژماندا، ئەوەتا دەبینین لەدواى ئەنجامدانى پرۆسەى ریفراندۆمى باشوورى کوردستان چۆن هەموو داگیرکەران هەڕەشەمان لێدەکەن.
ئامادەبووانى بەڕێز ...
لە رەوشێکى وادا و بۆ پاراستنى دەسکەوتەکانى گەلەکەمان لە باشوور و رۆژئاواى کوردستان و، بۆ رووبەرووبوونەوەى هەڕەشەى داگیرکەروو دوژمنانى کوردستان لە یەکتر نزیکبوونەوەى باشوورو رۆژئاواى کوردستان زۆر بە پێویست دەزانین، ئەم رەوشە لە هەموو لایەكمان دەخوازێت كار بۆ یەكێتی كوردان بكەین و زياتر لەیەکدى نزیک ببینەوە، بۆئەوەی وەك ژمارەیەكی بەهێزی نێو هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە بوونی كاریگەری خۆمان بسەلمێنین و دەسکەوتەکانى گەلەکەمان بپارێزین، بەباوەڕی ئێمە لەم پێناوەدا بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن دەبێتە فاكتەری سەرەكی بۆ یەكڕێزیمان و پاراستنى دەسکەوتەکانمان, بێگومان یەكڕیزی و یەكێتیمان زامنی سەركەوتنمانە, بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لەم پێناوەدا تێبكۆشین، داگیرکەرو دوژمنانى کوردستان سەرەڕاى ناکۆکییەکانیان لەسەر دژایەتیکردنى ئێمە رێککەوتوون، ئەى باشە ئێمە بۆ پاراستنى خۆمان بۆ رێککنەوین، لێرەوە داوا لە تەواوى هێزە کوردستانییەکان دەکەین کەوا ناکۆکییەکانیان بخەنەلاوەو بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرن و لە جیاتى حزبایەتى کوردایەتى بکەن.

لە کۆتاییدا، سڵاو لە خەبات و بەرخودانی رۆژئاوای كوردستان دەكەین و بە چاوی رێزەوە لێی دەڕوانین و، رێزو حورمەتمان بۆ ماڵباتی شەهیدان هەیە و هیوای زووچاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین و، چاوی یەكە یەكەی كچ و كوڕە شەڕڤانەكانی YPG و YPJ ماچ دەكەین و هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتر بۆ هەموو لایەكتان دەخوازین.
دووبارە هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان لە پێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە تەواوى مافە رەواكانمان.

لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا .
هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.


برای دڵسۆزتان
غەفوور مەخمووری
سكرتێری گشتیی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
٢٧ / ٩ / ٢٠١٧ رمێلان _ رۆژئاواى كوردستان

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌