رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

                                            نووسینى: غەفوور مەخموورى*

                                                  عەمان _ ئوردەن

 

 گەلى کوردستان بەدرێژایى مێژوو لە تێکوشان و بەرخودان دابووە، سەرەڕاى هەوڵەکانى لە ناوبردنى گەلى کوردستان بە خاک و خەڵکەوە، بەڵام توانیویەتى پارێزگارى لە بوونى خۆى بکات و رووبەڕووى هێرش و پەلامارى دوژمنان و داگیرکەران ببێتەوەو دواى هەر کەوتنێک بە گڕوتینێکى نوێوە هەڵسێتەوە.

 کورد وەک نەتەوەیەکى زیندووى رۆژهەڵاتى ناڤین لە رابردوودا رۆڵێکى کاراى گێڕاوە لە بیناکردنى شارستانییەتى ناوچەکەدا، بەدڵنیاییەوە ئەگەر بوارى پێبدرابووا ئێستا دەیوانى رۆڵێکى کاراتر ببینێت لە بیناکردنى کۆمەڵگایەکى مۆدێرن و دیموکرات لە رۆژهەڵاتى ناڤیندا، دەیتوانى نموونەیەکى زیندووى حوکمڕانى و پێکەوەژیان پێشکەشى هەموو جیهان بکات، بێگومان ئەمەش ئەو کاتە دەبێت کەوا گەلى کوردستان سەربەخۆو خاوەن دەوڵەتى خۆى بێت.

 سەربەخۆبوونى کوردستان کەوا بابەتى گەرمى ئێستاى میدیا جیهانى و ناوچەیی و ناوخۆییەکانە و بۆتە جێى بایەخ و لێکۆڵینەوەى ناوەندە سیاسى و ئەکادیمییەکانى جیهان وایکردووە کەوا دۆستمان زێدەبن و بەچاوى هیواوە لێمان بڕوانن، لەسەر ئێمەى گەلى کوردستان و سەرکردایەتى سیاسى کوردستانە کەوا بە بایەخەوە لە و پشتیوانییە بڕوانین و ئەو هەلە لەدەست خۆمان نەدەین و بە هەموو لایەکمان و بە هاوبەشى کارى بۆ سەربەخۆیى کوردستان بکەین و بیکەین بە پرسێکى نەتەوەیى و نیشتمانى، بۆئەم مەبەستەش پێویستە  بە زووترین کات ناوەندى سیاسى کوردستان رێکبخرێتەوە و لەو پەرشى و بڵاوییە دەرباز بکرێت و (ئەنجوومەن سیاسى کوردستان) پێکبهێنرێت و تەواوى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بگرێتەخۆ.

 پێکهێنانى (ئەنجوومەنى سیاسى کوردستان)؛ دەبێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ یەکڕى و یەکدەنگى گەلى کوردستان و کۆکردنەوە و یەکخستنى توانا سیاسییەکانى گەلى کوردستان و، سەرەتایەک دەبێت بۆ خاوکردنەوەى گرژییە سیاسییەکان و کۆتایى هێنان بە ململانێى نێوان لایەنە سیاسییەکان و دەبێتە مینبەرێکى سیاسى بەهێزو مۆراڵ بەخش لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە.

 دواى پێکهێنانى (ئەنجوومەنى سیاسى کوردستان)؛ پێویستە سەرکردایەتى سیاسى کوردستان (بۆردى سەربەخۆیى کوردستان) پێکبهێنێت، بۆئەوەى ئەم بۆردە بتوانێت کارنامەیەکى گشتگیر دابڕێژێت بۆ چۆنییەتى کارکردن بۆ ئەنجامدانى ریفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیى کوردستان، بێگومان بۆئەمەش دەکرێ سوود لە ئەزموونى زۆر لە میللەتان و وڵاتان وەربگیرێت، کەوا چۆن کاریان کردووە بۆ راگەیاندنى سەربەخۆیى خۆیان.

 پێویستە پێکهاتەى (بۆردى سەربەخۆیى کوردستان)؛ بریتى بێت لە کەسانى شارەزا لە یاسا نێودەوڵەتتیەکان و کەسانى ناسراوو کاریگەرى کورد و بیانى کەوا ناسراو بن لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى؛ بۆئەوەى بتوانن لەسەر ئاستى جیهان و لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکان لوبى بۆ سەربەخۆیى کوردستان بکەن، کەسایەتى وابن کەوا خودان ئەزموون و بەدەسەڵات  بن بۆئەوەى گوێیان لێبگیرێت، لەم رووەوەش دۆستى زۆر باشمان هەن.

پرسى (سەربەخۆیى کوردستان)؛ پرسێکى نەتەوەیى و نیشتمانییە نەک پرسێکى حزبى، بۆیە پێویستە تەواوى لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکانى کوردستان لەم پرسەدا راوێژیان پێبکرێت و گوێیان لێبگیرێت و بۆچوونەکانیان بەهەند وەربگیرێت، ئەمەش وادەکات کەوا ئەم پرسە ببێتە پرسێکى میللى و هەموو لایەک ئەم پرسە بە پرسى خۆى بزانێت و بە گەرمى کارى بۆ بکات.

ئەو هەلەى کەوا ئێستا بۆ گەلى کوردستان رەخساوە هەلێکى مێژوویە و پێویستە سوودى لێوەربگرین و لەدەست خۆمانى نەدەین و، نەیکەینە قوربانى بەرژەوەندییە حزبییەکان، لەم پێناوەدا پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندى خۆمان لە بەرژەوەندى گشتیدا ببینینەوە و، جلى تەنگى حزبایەتى فڕێبدەین و جلى کوردایەتى بپۆشین، ئەگەر هەموو لایەکمان سوودمان لەو هەلە مێژووییەى ئێستا وەرگرت و بەیەکەوە کارمان بۆ سەربەخۆیى کوردستان کرد، ئەوا شانازییەکى مێژووى بۆ گەلى کوردستان تۆمار دەکەین، ئەگەر ئەوەشمان نەکرد ئەوا مێژوو بەزەیى بەکەسدا نایەتەوە، بۆیە پێویستە بە رۆحییەتێکى نەتەوەیى و نیشتمانى کار بکەین و گەلى کوردستان بگەیەنین بە کەنارێکى ئارام، ئەو کەنارە ئارامەش تەنها سەربەخۆیى و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستانە.

     ١٤ / ٤ / ٢٠١٧ _ عەمان

 

* سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

 تێبینى: ئەم وتارە ئەمڕۆ دووشەممە، ١٧ / ٤ / ٢٠١٧ لە ژمارە (١١١٨)ى گۆڤارى (گوڵان)دا بڵاوبۆتەوە.

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌