رۆژنامەی میدیا

Share this on Faceook

Follow us on Twitter

   هه‌ولێر          دهۆك       سلێمانی
FacebookTwitterGoogle BookmarksPinterest
Pin It

Facebook

Twitter

Google Plus

YouTube

له‌(71 ) ساڵرۆژی راگه‌یاندنی كۆماری كوردستان:

كۆماری كوردستان ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌تداری مۆدێرن

شاخه‌وان خالید

له‌سه‌ده‌ی رابردوو نه‌ته‌وه‌كه‌مان چه‌ندین ئیمارات و ده‌وڵه‌ت و شانشینی له‌ ده‌ڤه‌ره‌ جیاكانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌ركرده‌ مه‌زنه‌كانه‌وه‌ به‌خۆوه‌ بینی، یه‌كێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ كۆماری كوردستان بوو له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌ركرده‌ی مه‌زنی گه‌له‌كه‌مان پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له‌ گۆڕه‌پانی چوارچرا راگه‌ینرا.

بارودۆخی راگه‌یاندنی كۆمار

له‌دوای شەڕی دووهەمی جیهان كه‌هه‌موو وڵاتانی دونیا ماندوو شه‌كه‌ت بوون، به‌هۆی ئه‌م شه‌ڕه‌ كاوكلكارییه‌دا، هه‌ر له‌و كاته‌دا ئەمریكا‌و به‌ریتانیا لە باشوور ‌و یەكیەتی سۆڤیەت لە باكووری ئێران ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بوو ئه‌و ناوچانه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، رێژیمی پاشایەتی ئێران دەسەڵاتێكی ئەوتۆی لە هه‌ندێ شوێنی ئێران‌ و كوردستاندا نەمابوو، باروودۆخی رۆژهەلاتی كوردستان ئامادە بوو بۆ ئەوەی كورد دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوە بگرێ‌ و ببێته‌ خاوه‌نی كیان و ده‌وڵه‌تی خۆی رابگه‌یه‌نێ.

راگه‌یاندنی كۆماری كوردستان

پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی لەهەڵومەرج و بارودۆخی ناجێگیری ناوچه‌كه‌ و ئێران كه‌ڵكیان وه‌رگرت و دڵنیابوون له‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان پشتیوانیان ده‌كات، نه‌ك هه‌ر له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڵكو هه‌موو به‌شه‌كان پشتیوانیان بوون، ئه‌وه‌ بوو لە ڕۆژی 22/1/1946ی زایینی لە مەیدانی چوارچرای مهاباد كۆماری كوردستان راگه‌یه‌نرا.

ڕاگەیاندنی كۆمار هاتنەدی خواستی لە مێژینەی نەتەوەی كورد بوو كە بە سەدان ساڵ ئارەزووی ئازادی و رزگاری هه‌بوو و بۆ هاتنەدی ئەم پرسە فیداكاری و گیانیان به‌خت كردبوو. كۆماری كوردستان سەرەڕای ئەوەی كە هێشتا چەند مانگێك لە دامەزارندنی تێپەڕ نەببوو، توانی زۆرینەی توێژەكانی كۆمەڵگا وەك ئافره‌تان و لاوان لە كاروباری كۆمەڵایەتی و ده‌وڵه‌تداری بەشداری پێبكات. 

دانانی هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵات له كۆماری كوردستان

دانان و بەڕێوەبردنی سێ‌ دەسەڵاتی سه‌ره‌كی له‌ كۆماری كوردستان له‌وانه‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و  بەڕێوەبەری و داد،  لەماوەی تەنیا ١١ مانگدا لە هەرە تایبەتمەندییە بەرزەكانی ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی كۆماری كوردستان بوو، كە هەر كام لەو سێ‌ ناوەندە بە شێوەی سەربەخۆ لە یەكتر كاری خۆیان جێبەجێ‌ دەكرد و دەستی دەوڵەتی سه‌رده‌ستیان لە چەوساندنەوە كورت كردبوویەوە و شوێنەوارێك لە ستەمی نەتەوایەتی و تاكی له‌م كۆماره‌ بەدی نەدەكرا.

ته‌مه‌نی كۆماری كوردستان كورت بوو

كۆماری كوردستان تەمەنی ئەگەرچی كورت بوو، بەڵام پەیام و ماناو گیان و هەستە ناسیۆنالیزمەكەی هێندە گەورەبوو تا كورد مابێ ئەو كۆمارە چرایەكی رووناكە لە مێژووماندا. تەنیا 11مانگ لە دامەزراندنی ئەم ئەزموونە مێژووییە و سەمبولی ئیرادەی نەتەوەیی لە كوردستان تێپەڕی بوو كە داگیركەران لە یەكگرتوویی و ئیرادەی نەتەوەی كورد ترسیان لێنیشت، هەر بۆیە هەڵومەرجی ڕووخانی ئەم حكوومەتە ساوایەیان ڕێكخست و رژێمی ئه‌وسای ئێران لە 31/3/1947 لە گۆڕەپانی چوارچرا، قازی و هاوەڵەكانی لەسێدارەدا، وایزانی چراكانی كوژاندەوە، نەیزانی بە لەسێدارەدانیان چراكانی هەڵكرد و رێی خەباتی نەوەكانیانی رووناك كردەوە، 71 ساڵ بەسەر تەمەنی ئەو كۆمارە تێپەڕیوه‌، بەڵام سوودمان لەناواخن و بەرنامە نەتەوەییەكەی پێشەوا قازی و كۆماری كوردستان وەرنەگرتووە. بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و یادانه‌ بكه‌ینه‌ هه‌وێنی ده‌وڵه‌تی نوێی كوردستان.

رۆڵی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌ كۆماری كوردستان

خاڵێكی بەهێزی كۆماری كوردستان، ئەوە بوو كە هەموو نەتەوەی كورد پشتیوانی له‌كۆمار ده‌كرد، هەر بۆیەش بارزانییەكان به‌سه‌ركردایه‌تی خوالێخۆشبوو مستەفا بارزانی‌ ده‌چنه‌ پاڵ كۆمار و بارزانی پله‌ی ژه‌نه‌رالی له‌لایه‌ن پێشه‌وا قازی پێده‌به‌خشرێ و رۆڵی كاریگه‌ری له‌كۆمار هه‌بوو، هه‌روه‌ها زۆر كوردی دیكەی باشووری كوردستان لە كاروباری كۆماری كوردستان دا چالاكانە‌و بەرپرسانە بەشدار بوون، زۆر نوێنەری كورد لە باكوور و رۆژئاوای وڵات تەنانەت لە دەرەوەی كوردستان، لە ئه‌وروپا‌و ئەمریكاوە سەردانی كۆماری كوردستانیان دەكرد‌ و بە چاوی هیوا‌و به‌رده‌وامی كیان و ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌چوونه‌ پاڵ كۆماری كوردستان.

ده‌ستكه‌وته‌كانی كۆماری كوردستان

كۆماری كوردستان ناواخنێكی نه‌ته‌وه‌یی و مۆدێرنی هه‌بوو ، خاوەنی بەرنامەیەكی رێك‌ و پێك ‌و ئامانجی نەتەوایەتی‌و دیموكراتی پێشكه‌وتنخواز بوو. زمانی كوردی كرا بە زمانی فەرمی‌ و سوپای میللی لە ژێر ناوی هێزی پێشمەرگەدا پێكهات ‌و قوتابخانەی كوردی دامەزرا‌و چەند رۆژنامە‌ و گۆڤاری كوردی چاپ ‌و بڵاوكرانەوە. یەكێتییەكانی لاوان‌ و ژنان دامەزران ‌و بە گشتی خزمه‌تی فەرهەنگ‌ و كولتووری كوردی له‌م سه‌رده‌مه‌ و بووه‌ هۆی دروستبوونی ڕوحی هاوكاریی و یه‌كگرتووی له‌ناو كورد داو پاراستنی مافی پێكهاته‌كانی دیكه‌  دامه‌زراندنی قوتابخانه ‌و خوێندن به‌زمانی دیكه‌ و به‌ره‌وپێشچوونی بواری كشتوكاڵ و باشكردنی ژیانی گوندنشینان و جوتیاران و له‌م ماوه‌یه‌ كورته‌دا كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی مه‌زنی ده‌وڵه‌تداری مۆدێرن نرا كه‌ بۆ ئه‌مڕۆمان ده‌كرێ سوودی لێوهر‌بگیری و نه‌وه‌ی نوێی پێ ئاشنا بكه‌ین.

وانه‌ و په‌ند له‌ كۆماری كوردستان وه‌ربگرین

ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر گرنگه‌ خه‌ڵكی كوردستان و سه‌رجه‌م پارت و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، بۆێری و بڕیاردانمان له‌م ساته‌ وه‌خته‌ی ناچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێ هه‌بێتن و كار بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان بكه‌ین و له‌كۆماری كوردستان فێربین یه‌كگرتوویی و یه‌كریزی خۆمان وبپارێزین و هه‌ست و گیانی نیشتمانپه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌وایه‌تیمان بۆ خزمه‌ت و پاراستنی ئه‌زموونی باشووری كوردستان بخه‌ینه‌ گه‌ڕ و كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ جارێكی دیكه‌ گه‌لی كوردستان ئه‌زموونێكی دیكه‌ی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان بكه‌ینه‌ هه‌نگاوی سه‌ره‌كیمان له‌م بارودۆخه‌ له‌باره‌ی ئیستای عێراق و ناوچه‌كه‌ پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت.

 

 

كۆمێنتت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌