ميديا – نێوده‌وڵه‌تى

پياوێك له ‌هه‌رێمی پونجاب له ‌پاكستان پياوێك له‌ شيرينى خه‌ودا تێزاب به‌ ده‌موچاوى هاوسه‌ره‌كه‌يدا ده‌كات.

 

پۆلیسى  ‌هه‌رێمی پونجاب ده‌ڵێت "بوشرا كه‌ دانیشتووی شاری ئۆكارا-یه‌ (100 كیلۆمه‌تر له‌شاری لاهوری پایته‌ختی هه‌رێمی پونجابه‌وه‌ دوره‌)، به‌ تێزاب له‌لایه‌ن محه‌مه‌د به‌شاره‌ت-ی مێردییه‌وه‌ هێرشی كراوه‌ته‌سه‌ر سه‌ر چونكه‌ گومانی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ ژنه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پیاوێكی تر گه‌ڕه‌كه‌كه‌یاندا هه‌یه‌.

به‌وته‌ی پۆلیس، رۆژى هه‌ینی رابردوو بوشرا له‌ماڵه‌وه‌و له‌شیرینی خه‌ودا له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه‌ تێزاب كراوه‌ به‌ ده‌موچاو و سنگیدا. پاش ئه‌و هێرشه‌ بوشرا كه‌ چه‌ند ساڵێكی كه‌مه‌ ژیانی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ محه‌مه‌ددا پێكه‌وه‌ناوه‌، گه‌یه‌نراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئۆكاراو له‌وێشه‌وه‌ به‌هۆی خراپیی ره‌وشی ته‌ندروستییه‌وه‌، پزیشكان داوایان له‌كه‌سوكاری كردووه‌ بیگه‌یه‌ننه‌ نه‌خۆشخانه‌كانی لاهور.به‌هۆی ئه‌و روداوه‌وه‌ باوكی بوشرا سكاڵای له‌دژی به‌شاره‌ت تۆماركردووه‌ به‌ڵام تا ئاماده‌كردنی نوسخه‌ی ئینگلیزیی ئه‌م هه‌واڵه‌ هیچ كه‌سێك ده‌ستگیرنه‌كراوه‌.ئه‌م هێرشه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دادگایه‌كی دژه‌ تیرۆر له‌شاری به‌هاوه‌لپور كه‌ هه‌ر سه‌ربه‌ هه‌رێمی پونجابه‌، سزای زیندانیی هه‌تاهه‌تایی و غه‌رامه‌ی دوو ملیۆن روپیه‌ی به‌سه‌ر پیاوێكدا سه‌پاند كه‌ مانگی ئابی رابردوو به‌ تێزاب هێرشی كردبووه‌ سه‌ر پیاوێكی تر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی قوربانییه‌كه‌ په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ ژنێكی سه‌ربه‌ خێزانی هێرشبه‌ره‌كه‌دا هه‌بووه‌. به‌هۆی ئه‌م روداوه‌وه‌ قوربانییه‌كه‌ جگه‌ له‌سوتانێكی زۆر، بینایيشی له‌ده‌ستدا.

هه‌رچه‌نده‌ له‌پاكستان سزای توند بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دانراوه‌ كه‌ به‌ تێزاب هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌ر كه‌سانی تر، به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌ به‌رده‌وامن.